قه‌ده‌غه‌ی ته‌واوه‌تی هاتوچۆ بۆ موسڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌

نه‌ینه‌وا، ئایاری 2020، داخستنی پرده‌كانی موسڵ به‌روی هاتوچۆدا فۆتۆ: ئه‌حمه‌د زه‌یدی

ئه‌حمه‌د زه‌یدی -  نه‌ینه‌وا

ئیداره‌ی پارێزگای نه‌ینه‌وا، بڕیاریدا به‌ سه‌پاندنی قه‌ده‌غه‌ی ته‌واوه‌تی هاتوچۆ له‌ شاری موسڵ و زۆربه‌ی رێگا سه‌ره‌كییه‌كان داده‌خات، به‌هۆی هه‌ڵكشانی ژماره‌ی توشبوانی كۆرۆنا.

ژماره‌ی توشبوانی كۆرۆنا له‌ نه‌ینه‌وا گه‌یشتۆته‌ 696 كه‌س، له‌و ژماره‌ 484یان چاكبونه‌ته‌وه‌ و 20 هاوڵاتی هه‌ڵگری ڤایرۆسه‌كه‌ گیانیانله‌ده‌ستداوه‌.

نه‌جم جبوری، پارێزگاری نه‌ینه‌وا فه‌رمانی كردووه‌ به‌ سه‌پاندنی قه‌ده‌غه‌ی ته‌واوه‌تی و گشتگیری هاتوچۆ، ئه‌وه‌ش له‌ ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌وه‌ تا یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتوو 26ی ته‌مموز.

به‌پێی سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ ئیداره‌ی نه‌ینه‌وا ئه‌و فه‌رمانه‌ له‌ چوارچێوه‌ی گرتنه‌به‌ری رێكاره‌كاندایه‌ بۆ رێگریی‌ له‌ زیاتر بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو) له‌شاری موسڵ ده‌ڵێت ده‌رگای مزگه‌وته‌كان داخراون، به‌ تایبه‌ت له‌ ناوچه‌ی زهور له‌ خۆرهه‌ڵاتی شاره‌كه‌دا، به‌هۆی ده‌ركه‌وتنی توشبوو له‌و سنوره‌دا.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌دا پرده‌كانی سه‌ر دیجله‌ و هه‌ردوو به‌ری راست و چه‌پی شاری موسڵ داده‌خرێن، ته‌واوی ده‌روازه‌ و رێگای سه‌ره‌كی گه‌ڕه‌كه‌كان به‌ربه‌ست ده‌كرێن.

109690419_291387721946921_504632783286758849_n
نه‌ینه‌وا، 23ی ته‌مموزی 2020، شه‌قامێكی سه‌ره‌كی ناوشاری موسڵ فۆتۆ: ئه‌حمه‌د زه‌یدی

به‌پێی ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عیراق ته‌نیا ئه‌مڕۆ چوار حاڵه‌تی گیانله‌ده‌ستدان به‌ كۆرۆنا له‌ نه‌ینه‌وا تۆماركراوه‌، له‌گه‌ڵ 28 توشبوی نوێ و 20 حاڵه‌تی چاكبونه‌وه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی نه‌ینه‌وا به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت له‌ به‌یانییه‌وه‌ تا نیوه‌ڕۆ پشكنین بۆ 90 هاوڵاتی له‌ناوشاری موسڵ كراوه‌ و ده‌ركه‌وتووه‌ له‌و ژماره‌یه‌ 70 كه‌سیان هه‌ڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنان.

ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ نه‌ینه‌وا به‌راورد به‌ پارێزگاكانی دیكه‌ی عیراق تائێستا كه‌مترین توشبوی كۆرۆنای تیادا تۆماركراوه‌.

فه‌لاح تائی، به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستی نه‌ینه‌وا له‌ په‌یامێكدا ده‌ڵێت له‌ ده‌روازه‌كانه‌وه‌ خه‌ڵكی زۆر رویانكردۆته‌ موسڵ، جگه‌ له‌ قه‌ره‌باڵغی چێشتخانه‌، مۆڵ، ئاهه‌نگی هاوسه‌رگیری و به‌ڕێوه‌چونی پرسه‌ هۆكار بون بۆ بڵاوبونه‌وه‌ی زیاتری كۆرۆنا.

هه‌روه‌ها داوای له‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كان كرد رێكاره‌كانی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ و خۆپارێزی توندتر بكه‌ن تا هاوڵاتیان درك به‌ مه‌ترسی بارودۆخه‌كه‌ بكه‌ن.

ژماره‌ی توشبوانی كۆرۆنا له‌ عیراق گه‌یشتۆته‌ 102 هه‌زار و 226 كه‌س، له‌ نێویاندا 69 هه‌زار و 405 كه‌س چاكبونه‌ته‌وه‌، چوار هه‌زار و 122 هاوڵاتی هه‌ڵگری ڤایرۆسه‌كه‌ش گیانیانله‌ده‌ستداوه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT