ئیداره‌ی پارێزگای كه‌ركوك، لیژنه‌یه‌ك بۆ لێكۆڵینه‌وه له كێشه‌ی دوكاندارانی بازاڕی قه‌یسه‌ری پێكده‌هێنێت و له به‌غداشه‌وه لیژنه‌یه‌كی تر ره‌وانه ده‌كرێت، تا دۆسیه‌ی به‌كرێدانی دوكانه‌كان یه‌كلابكاته‌وه.
بازاڕی قه‌یسه‌ری له كه‌ركوك، كه چه‌ند مانگێكه دوكانه‌كانی دوای پرۆژه‌ی نۆژه‌نكردنه‌وه راده‌ستكراونه‌ته‌وه، بڕیاره بخرێنه زیادكردنی ئاشكراوه بۆ كرێ.
خه‌لیل عه‌لی، دوكانداری بازاڕی قه‌یسه‌ری به (كه‌ركوك ناو)ی وت "هێزێكی چه‌كداری رێگه‌ی نه‌دا دوكانه‌كانمان وه‌ربگرینه‌وه، پێشنیاری ئه‌وه‌یانكرد بڕی چوار هه‌زار دۆلار پێشه‌كی بده‌ین یاخود دوكانه‌كان ده‌خه‌نه زیادكردنی ئاشكراوه".
ئه‌و بازاڕه مێژوییه‌ی كه‌ركوك، شه‌وی 26ی تشرینی دووه‌می 2018 گڕیگرت و لانیکه‌م 220 دوکان به ته‌واوی سوتان، هه‌ر ئه‌وکات رێکخراوی تیکای تورکی ئه‌رکی نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی گرته‌ئه‌ستۆ و له‌مساڵدا كاره‌كانی كۆتاییهات.
به‌وته‌ی خه‌لیل؛ بڕیاره‌ی به‌كرێدانی دوكانه‌كانی قه‌یسه‌ری به زیادكردنی ئاشكرا، له كاتێكدایه چه‌ندینجار به‌ڵێنیان پێدراوه به خاوه‌نه‌كانی ئێستایان بدرێنه‌وه، به‌وپێیه‌ی له روداوی ئاگره‌كه‌دا زیانی زۆریان به‌ركه‌وت.
دوكانداره‌كانی ئه‌و بازاڕه كرێچی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شوێنه‌وارن به ساڵانه‌ی ملیۆنێك و 250 هه‌زار دینار تا ملیۆنێك و 900 هه‌زار دینار.
رائيد عه‌كله، به‌ڕێوه‌به‌ری شوێنه‌واری كه‌ركوك به (كه‌ركوك ناو)ی وت سێ ساڵ جارێك دوكانه‌كانی قه‌یسه‌ری ده‌خرێنه زیادكردنی ئاشكراوه بۆ كرێ، به‌ڵام ئه‌و پرۆسه‌یه به‌هۆی گڕگرتنی بازاڕه‌كه‌وه دواكه‌وت.
سه‌رباری ئه‌وه‌ی باسی له زیانی دوكاندارانی بازاڕه‌كه كرد به‌هۆی ئاگره‌كه‌وه، به‌ڵام به‌ڕێوه‌به‌ری شوێنه‌وار ده‌ڵێت؛ ئه‌وان به‌پێی یاسا و به ئاماده‌یی دوكاندارانی ئێستا زیادكردنی ئاشكرا ده‌كه‌ن، له‌وه‌شدا هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت ده‌توانێت به‌شداربێت.
رائید عه‌كله وتی "دوكاندارانی ئێستا قایل نین و نایانه‌وێت هیچ كه‌سێكی تر جگه له‌وان به‌شداری زیادكردنی ئاشكرای به‌كرێدانی دوكانه‌كان بكات، ئیشه‌ڵا ئه‌و كێشه‌یه چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ش چاوه‌ڕێی به‌غدا ده‌كه‌ین، بۆ زیادكردنی ئاشكرا و ناردنی لیژنه‌یه‌ك بۆ كه‌ركوك".
بازاڕی قه‌یسه‌ری له ناوه‌ڕاستی ئاداری ئه‌مساڵه‌وه نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ته‌واو بووه، به‌ڵام به‌هۆی رێكاره‌كانی خۆپارێزی له كۆرۆنا و كێشه‌ی به‌كرێدانی دوكانه‌كان، هێشتا به‌ڕوی هاوڵاتیاندا نه‌كراوته‌وه.
حەقی ئیسماعیل، نوێنه‌ری دوكاندارانی بازاڕی قه‌یسه‌ری به (كه‌ركوك ناو)ی وت "سه‌ردانی پارێزگارم كرد بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كه، بڕیاربوو یاساییه‌ك له ئیداره‌ی پارێزگا له‌وباره‌یه‌وه هه‌وڵی چاره‌سه‌ر بدات، به‌ڵام هیچ نه‌كرا، له كاتێكدا نزیكه‌ی هه‌زار خێزان له هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی كه‌ركوك بژێوییان له‌سه‌ر ئه‌م بازاڕه‌یه".
هه‌روه‌ها نیگه‌رانی نیشاندا له داواكاری هێزێكی چه‌كدار بۆ وه‌رگرتنی پاره له دوكانداران و وتی "نابێت رێگه‌بدرێت ئه‌و هێزه سه‌رانه له خه‌ڵك وه‌ربگرن".
دوكاندارانی بازاڕی قه‌یسه‌ری له چه‌ند رۆژی رابردودا گردبونه‌وه دژی داواكاری ئه‌و هێزه چه‌كداره و بڕیاری به كرێدانی دوكانه‌كان له زیادكردنی ئاشكرادا.
به‌ڕێوه‌به‌ری شوێنه‌واری كه‌ركوك ده‌ڵێت ئه‌وان له داواكاری و فشاری ئه‌و هێزه ئه‌منییه به‌رپرس نین، ئه‌و داواكارییه له ده‌ره‌وه‌ی فه‌رمانگه‌ی ئه‌واندایه، رائید عه‌كله وتی "راكان جبوری، پارێزگاری كه‌ركوك لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ی بۆ به‌دواداچونی ئه‌و دۆسیه‌یه پێكهێناوه".
مێژوی قه‌یسه‌ریی که‌رکوک بۆ 160 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌گه‌رێته‌وه و له‌لایه‌ن عوسمانییه‌کانه‌وه له‌سه‌ر روبه‌روی دوو هه‌زار مه‌تر چوارگۆشه بنیاتنراوه، ساڵی 1983 بۆ یه‌که‌مجار نۆژه‌نکراوه‌ته‌وه، قه‌یسه‌رییه‌که له 232 دوکان پێکدێت و حه‌وت ده‌رگای هه‌یه.