شۆكی ده‌رونی، شپرزه‌یی و خه‌مۆكی له ناو ئافره‌تانی ئاواره‌دا زیاتر بون، كاتێك له خێوه‌ته‌كانیاندا مانه‌وه و به ئاسانی ده‌ستیان به چاره‌سه‌ری پزیشكی نه‌كه‌وت، به‌هۆی رێكاره‌كانی خۆپارێزی له كۆرۆنا.
له ناوه‌ڕاستی ئاداری ئه‌مساڵه‌وه، ده‌رگای زۆربه‌ی كه‌مپه‌كان به‌ڕوی ئاوه‌دانیدا داخران، به ئامانجی رێگری له گه‌یشتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا به هاوڵاتیانی ئاواره و به‌وهۆیه‌وه، زۆربه‌ی ئافره‌تان به تایبه‌ت رزگاربوانی ده‌ستی داعش نه‌یانتوانی چاره‌سه‌ری پزیشكی و ده‌رونی وه‌ربگرن.
"زیاتر له چوار ساڵه كێشه‌ی ده‌رونیم هه‌یه، بۆ ساڵێك ده‌رمانم هه‌بوو، دواتر ورده‌ورده باشبوم، رێكخراوه‌كان به رێگه‌ی تر و له نزیكه‌وه ده‌هاتنه كه‌مپ بۆ چاره‌سه‌ری ئێمه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ كۆرۆنادا ئه‌وه نه‌ما" نه‌سرین حه‌سه‌ن ره‌شۆ، وای وت.
ترسی ئێمه له نه‌مانی ده‌رمان و چاره‌سه‌ر بوو له قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆدا
نه‌سیرین (25 ساڵ)، پێنج ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ژێر ده‌ستی داعش رزگاری بووه و له كه‌مپی مام ره‌شان ده‌ژی، ئه‌و به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئێستا بارودوخمان خراپه، راسته هه‌موو كه‌سێك له كۆرۆنا ده‌ترسێت، به‌ڵام ترسی ئێمه زیاتر له نه‌مانی چاره‌سه‌ری پزیشكی بوو له‌ماوه‌ی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆدا".
ئه‌و ژنه داواكاره رێكخراوه‌كان هاوشێوه‌ی پێش بڵاوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا ده‌ستی هاوكاری و چاره‌سه‌ر به ئاواره‌كانی كه‌مپ بگه‌یه‌نن.
سه‌دان كچ و ژنی ئێزیدی، له‌لایه‌ن داعشه‌وه رفێنران و ژیانێكی سه‌ختیان به‌ڕێكرد، دوای رزگاربون و گه‌ڕانه‌وه‌ش بۆ كه‌مپ، به‌شێكیان به به‌رده‌وامی چاره‌سه‌ری ده‌رونییان وه‌رده‌گرن.
ئایلین عه‌بدولسه‌لام، پزیشكی ده‌رونی له‌رێكخراوی هێڵپی ئه‌ڵمانی ده‌ڵێت نه‌خۆشی و زه‌بری ده‌رونی له‌ناو ئافره‌تانی ئاواره‌دا زیاتر بون، ئه‌وه‌ش پاڵپشت به لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی به‌راوردكاری تشرینی یه‌كه‌می 2019 به‌رانبه‌ر به نیسانی 2020.
ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه رێكخراوه‌كه‌ی ئایلین و دكتۆر جان ئیلهان كزلهان، راگری په‌یمانگه‌ی چاره‌سه‌ری ده‌رونی و ترۆما له دهۆك كه سه‌ر به زانكۆی توبینگی ئه‌ڵمانییه، پێكه‌وه كردویانه.
ئایلین به (كه‌ركوك ناو)ی وت "له لێكۆڵینه‌وه‌كه‌دا ده‌ركه‌وت شپرزه‌یی ده‌رونی به‌رێژه‌ی له سه‌دا 11 زیادیكردووه، شۆكی ده‌رونی له‌سه‌دا 10، خه‌مۆكی له‌سه‌دا 6 و بیركردنه‌وه له خۆكوشتن له‌سه‌دا 47 زیادیانكردووه له‌ناو ژنانی ئاواره‌دا له نیسانی ئه‌مساڵدا به‌راورد به تشرینی یه‌كه‌می ساڵی رابردوو".
رێكخراوی هێڵپی ئه‌ڵمانی، ساڵی 2018 سەنتەرێکی چارەسەری ده‌رونی له کەمپی روانگە كردۆته‌وه بۆ ئافره‌تانی ئاواره به تایبه‌ت رزگاربوانی ده‌ستی داعش.
هۆكارێكی زیادبونی خه‌مۆكی و شۆكی ده‌رونی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆیه به‌هۆی كۆرۆناوه
"هۆكاره‌كانی زیادبونی زه‌بر و شۆكی ده‌رونی و خه‌مۆكی و حاڵه‌ته‌كانی تر، قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ و زۆر مانه‌وه‌یه له ناو خێوه‌تێكدا، كه نه‌یانتوانیووه به ئاسانی چاره‌سه‌ری پێویست له‌كاتی خۆیدا وه‌ربگرن" ئایلین وای وت.
هه‌روه‌ها پێشیوایه ئه‌و ترس و دڵه‌ڕاوكێیه‌ی له بڵاوبونه‌وه‌ی كۆرۆنادا هه‌بووه هۆكارێكی تره تا بارودۆخی ده‌رونی خه‌ڵك خراپتر بێت.
هاوڵاتیانی ئێزیدی له ئابی 2014دا روبه‌ڕوی "كۆمه‌ڵكوژی" بونه‌وه به‌ده‌ستی داعش، زیاتر له شه‌ش هه‌زار كه‌سیان رفێنران له ژن و منداڵ، كه هێشتا چاره‌نوسی نزیك به نیوه‌یان نادیاره.
"زۆر شه‌و ناخه‌وم، به‌رده‌وام بیر ده‌كه‌مه‌وه، ده‌ترسم ئه‌گه‌ر ببمه هه‌ڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا چیم به‌سه‌ردێت یان له‌بیری ئه‌وه‌دام ده‌بێت دوای كه‌مپ روبكه‌مه چ ناوچه‌یه‌ك" نورێ جردۆ (44 ساڵ)، وای وت.
نورێ ئاواره‌ی شنگاله، شه‌ش ساڵه له كه‌مپی شاریا ده‌ژی و چوار ساڵه چاره‌سه‌ری ده‌رونی وه‌رده‌گرێت، به‌هۆی ئه‌و بارودۆخه‌ی له‌كاتی هێرشه‌كانی داعشدا بینی.
"تا پێش بڵاوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا بارودۆخی ده‌رونیم باشتر بوو، به‌ڵام له‌وكاته‌وه به‌ره‌و خراپی ده‌ڕۆم، ده‌رمان و چاره‌سه‌ری پێویست ناتوانم وه‌ربگرم، توشی ترس و دڵه‌ڕاوكێ بوم" نورێ كه دایكی هه‌شت منداڵه و هاوسه‌ره‌كه‌ی داعش كوشتی، به‌هۆی كۆرۆناوه كه‌مترین هاوكاریشی له رێكخراوه خێرخوازییه‌كانه‌وه پێده‌گات.
ده‌رمان و چاره‌سه‌ری پێویستی ده‌رونی ناتوانم وه‌ربگرم
ئێزیدییه‌كانی شنگال و نه‌ینه‌وا، هێشتا زۆرینه‌یان ئاواره‌ن و به‌هۆی نه‌بونی خزمهتگوزارییهكانەوە بۆ زێدی خۆیان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه، ته‌نیا له هه‌رێمی كوردستاندا سه‌دا 30 پێكده‌هێنن، له كۆی زیاتر له 787 هه‌زار ئاواره‌ی ناوخۆ.
مه‌یسه‌ر ئادانی، لێپرسراوی به‌شی راگه‌یاندن له نوسینگه‌ی رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزیدی له دهۆك به (كه‌ركوك ناو)ی وت "زۆرینه‌ی ئه‌وانه‌ی له‌ده‌ستی داعش رزگار ده‌كرێن پێویستیان به چاره‌سه‌ری ده‌رونی هه‌یه، به‌تایبه‌ت منداڵه‌كان، چونكه داعش فێری كوشتن و سه‌ربڕین و بیری توندڕه‌وی كردون".
ئه‌و ده‌ڵێت سه‌رباری پێویستی زۆر به چاره‌سه‌ر، به‌ڵام هاوكاری رێكخراوه‌كان و حكومه‌ت له‌و ڕووه‌وه زۆر كه‌من.