هێزە عیراقییەكان ئۆپەراسیۆنێكی تریان لە پارێزگای دیالە دەستپێكرد، ئامانج لێی وشكردنی سەرچاوەی جموجۆڵەكانی داعشە لە سێگۆشەی دیالە - سامەرا- کەرکوک، هەروەها گەڕانەوەی ئاسایش بۆ ناوچەكە تا ئاوارەكانیش بتوانن بگەڕێنەوە.
ئەو ئۆپەراسیۆنە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە 26ی تەمموز بە بەشداری سوپا، پۆلیسی فیدراڵی و پۆلیسی ناوخۆیی، ھێزەکانی وەڵامدانەوەی خێرا و حەشدی شەعبی بەڕێوەچوو.
ئەبو مستەفا عەمبەگی، فەرماندە لە لیوای 23ی حەشدی شەعبی، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئۆپەراسیۆنەکە لە سێ میحوەرەوە لە دیالە دەستیپێكرد، ئێمە وەكو حەشدی شەعبی لە دیوی خۆرئاوا و خۆرھەڵاتی روباری ئەڵوەندەوە دەستمانپێكرد بە درێژایی نزیکە ١٢کم".
وتیشی "بەگشتی ئۆپەراسیۆنەكە ئەنجامی باشی دەبێت لە بنبڕكردنی پاشماوەكانی داعش، بڕیارە چەند رۆژێك بەردەوامی هەبێت".
بەگشتی ئۆپەراسیۆنەكە ئەنجامی باشی دەبێت لە بنبڕكردنی پاشماوەكانی داعش
بەپێی راگەیەنراوێكی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق، ئەوە قۆناغی چوارەمی ئۆپەراسیۆنی "پاڵەوانانی عیراق"ە كە چەند مانگێكە لە پارێزگاكانی كەركوك، سەڵاحەدین، دیالە و چەند پارێزگایەكی تر بەڕێوەدەچێت.
"ئەم قۆناغە بۆ راودونانی پاشماوەکانی داعشە، هەروەها ئامادەکارییە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان و هێمنی بۆ ناوچەكە"، بەپێی راگەیەنراوەكە.
ئۆپەراسیۆنەكە ناوچەكانی حەوزی دیالە، باشوری خانەقین، چەمی ئوم حونتە و عەبارە و چەند ناوچەیەكی تر دەگرێتەوە.
سەرکردەیەکی حەشدی شەعبی لە فەرماندەیی میحوەری دیالە بە (کەرکوک ناو)ی وت "ئامانجێكی تری ئەم ئۆپەراسیۆنە وشککردنی سەرچاوەی جموجۆڵەکانی داعشە لە سێگۆشەی دیالە - سامەرا- کەرکوک، ھەروەھا گرتنی ھێڵی ستراتیژی داعشە، چونکە هێڵێكی ھەیە لە چیای مەکحولەوە دەستیپێدەکات تاکو دەگاتە ناوچەی ئیمام وەیس لە باشوری خانەقینن".
ئامانجێكی تری ئەم ئۆپەراسیۆنە وشککردنی سەرچاوەی جموجۆڵەکانی داعشە لە سێگۆشەی دیالە - سامەرا- کەرکوک
وتیشی "دوای ئۆپەراسیۆنەكە ئەو ناوچانەی پاكدەكرێنەوە هێزی ئەمنdیان تیایدا جێگیردەكرێت".
سەیف سەتار، ئەنجومەنی گوندی ئیسڵاح كە لەماوەی دوو ساڵی رابردودا چەندینجار هێرشكراوەتە سەر گوندەكەیان، لەبارەی ئۆپەراسیۆنەكەوە بە (كەركوك ناو)ی وت "گوندەكەی ئێمەش بەشێك بوو لەو ناوچانەی ئۆپەراسیۆنی تیایدا بەڕێوەدەچێت، ئێمە لەم ناوچەیە بەدەست چەكدارانی داعشەوە قوربانی زۆرمانداوە، وەکو خەڵکی ناوچەكە داوا دەکەین ناوچەكانمان پارێزراوبێت تا بتوانین كاری رۆژانەی خۆمان بكەین".
قۆناغی سێیەمی ئۆپەراسیۆنی "پاڵەوانانی عیراق" لەژێر چاودێری مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق، لە 14ی تەمموز كۆتایی هات، تیایدا سێ چەكدار كە هێزە ئەمنییەكان بە "داعش" ناویان دەبەن كوژران و دەیان مۆڵگە و حەشارگەی گروپە چەكدارەكان لەناوبران.
ئەوكات هێزە بەشداربوەكانی ئۆپەراسیۆنەكە بە (كەركوك ناو)یان وت "ئۆپەراسیۆنەكەیان کاریگەری "گرنگی" دەبێت لەسەر لاوازبونی داعش و کەمکردنەوەی کردەوە توندوتیژییەكان دهبێت".
بەڵام رۆژێك دوای ئۆپەراسیۆنەكە و لە 15ی تهمموز جوتیارێك كوژرا و چوار هاوڵاتی تر برینداربون، ئهوهش له هێرشێكی چهكدارانی نهناسراو بۆ گوندێكی جهلهولا.
هەروەها هەفتەیەك دواتر لە گوندێكی باكوری خۆرهەڵاتی خانەقین ژمارەیەك چەكداری نەناسراو و هێزە ئەمنییەكانی عیراق روبەڕوبونەوە و بەهۆیەوە كوژراو و بریندار لێكەوتەوە. ئەوەش دوای ئەوە هات كە ئاڵای داعش لەسەر كارگەیەكی چەو و لم هەڵكرا.