ئەو حەوت كارمەندەی لە بازگەیەكی سنوری قەزای دوزخورماتوو دەستگیركران، "بە نایاسایی" باجیان لە شۆفێرانی بارهەڵگر وەردەگرت كە بڕەكەی 15 هەزار دینارە. كارمەندەكان لەلایەن هێزێكی تایبەتەوە دەستگیركراون و راسەوخۆ بۆ بەغدا گوازراونەتەوە.
ئەو حەوت كارمەندە یەكشەممە 26ی تەمموز لە خاڵی پشكنینی نێوان ناحیەی ئامرلی و عوزێم دەستگیركران، ئەوەش بەپێی وتەی حسێن عەلی، بەڕێوەبەرى پۆلیسی دوزخورماتوو.
ئەو زیاتر وتی "ئەو بازگەیە لە ساڵی 2015ەوە دانراوە و باج لە شۆفێرانی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر وەردەگرن، بۆ هەر بارهەڵگرێك 15 هەزار دینار، بەڵام دوێنێ بە بڕیاری دەستەی نەزاهە و لەلایەن هێزێكی دەوڵەتەوە كە لە بەغداوە هاتبون دەستگیركران و هەر بۆ بەغدا گوازرانەوە".
ئەو بازگەیە لە ساڵی 2015ەوە دانراوە و باج لە شۆفێرانی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر وەردەگرن
ئەو بارهەڵگرانەی پارەیان لێ وەردەگیرا، چەو، لم، بلۆك و چیمەنتۆ و پێداویستی تری بیناسازییان دەگواستەوە.
حسێن عەلی، وتی "ئێستا بازگەکە ماوە و کارى خۆى دەکات و تەنانەت باجیش وەردەگرن و چاوەڕێی لێكۆڵینەوەی دەستەی نەزاهە دەكەن، بەڵام ئەگەری هەیە دەوڵەت بازگەكە هەڵبگرێت".
ناحیەی ئامرلی سەر بە قەزای دوزخورماتووە لە پارێزگای سەڵاحەدین. ناوچەكە دەیان هێزی جۆراوجۆری لە سوپا، حەشدی شەعبی، پۆلیسی فیدراڵی و هێزەكانی بەرپەرچدانەوەی خێرای لێیە.
سەرچاوەیەكی حزبی كە ئاگاداریی وردەكاریی ئەو بازگەیەیە لە ناوچەكە، دەڵێت "پۆلیسی ناوخۆیی پاسەوانێتی بازگەكە دەكەن، بەڵام ئەوان هیچ پەیوەندییەكیان بە وەرگرتنی باجەكەوە نەبوو، هەر بۆیە هێزەكەی كە لە بەغداوە هاتبون كاردانەوەی بەرامبەر بە پۆلیسەكان نەبووە، تەنیا كارمەندەكانی بازگەكەیان بردووە".
وتیشی "خاڵەكە كاتی خۆی لەلایەن هێزەكانی حەشدی شەعبییەوە دانرا و ئەوانەی دەستگیركراون حەوت كارمەندن و سەر بە دەستەی هێزەكانی حەشدی شەعبین".