بەڵای ژن بەژن
"یان ژێر گڵ، یان كوڕە مامت"

ئەم وێنەیە لە ماڵپەڕی unsplash وەرگیراوە لە 27ی ته‌مموزی 2020

لەیلا ئەحمەد

"ئامۆزا موڵكی ئامۆزایە، دەبێت شوی پێبكات"، شيرين يوسف (28ساڵ)، كاتێك گوێی لەو دەستەواژەیەی براكانی بوو، دەنگی هەڵبڕی و وتی "من شوو بە كوڕە مام ناكەم"، بەڵام دایك و براكانی وتیان "یان ژێر گڵ، یان كوڕە مامت".

بەو شێوەیە و 14 ساڵ لەمەوبەر، شيرين لە دوزخورماتوو بە ناچاری ژن بە ژنی پێكرا و  بێ خواستی خۆی لە كوڕە مامێکی مارەی بڕا، کە تەنیا 14 ساڵان بوو.

ئەوە هەموو چیرۆكەكە نییە، شيرين دوای دوو منداڵ تەڵاقدرا و لە 28 ساڵی تەمەنیدا جارێكی تر لەژێر فشاردا لە پیاوێكی 70 ساڵ مارەی بڕا. ئێستا ئەو بە جەستە لە گوندێكی دورەدەستی گەرمیانە و دڵیشی لای دوو منداڵەكەیەتی لە دوزخورماتوو.

"كە منداڵ بوم، باوكم كۆچی دواییكرد، من دەمخوێند و حەزمدەكرد بچمە زانكۆ و دواتر موچەی خۆم هەبێت، بەڵام لە 14 ساڵیدا هەموو شت گۆڕا؛ لە خوێندن دایانبڕیم و وتیان كاتی شوكردنتە"، شيرين وای بە (كەركوك ناو) وت.

زیاتر وتی "دایک و براكانم وتیان دەبێت هاوسەرگیرى لەگەڵ کوڕى مامت بکەیت، لەبەرئەوەى ماڵى مامت کچەکەیان دەدەن بە براکەت، من دەمویست هاوسەرگیری نەكەم، بەڵام وتیان: ئامۆزا موڵكی ئامۆزایە".

دایک و براكانم وتیان دەبێت هاوسەرگیرى لەگەڵ کوڕى مامت بکەیت، لەبەرئەوەى ماڵى مامت کچەکەیان دەدەن بە براکەت

شيرين دەستدەكات بە گریان و بە دایك و براكانی دەڵێت "با بخوێنم، شوو بە كوڕە مام ناكەم", بەڵام براكەی دەڵێت "یان ژێر گڵ یان كوڕە مام".

بەو شێوەیە ناچاركرا بە هاوسەرگیرییەك كە تەنیا ئەو تیایدا ناڕازی بوو.

kchan
فۆتۆ: Sage Friedman، ئەم وێنەیە لە ماڵپەڕی unsplash وەرگیراوە لە 2ی ته‌مموزی 2020

چەند ساڵێك دوای هاوسەرگیرییەكە و لە سەردەمی شەڕی داعشدا لە ساڵی 2014، براكەی شیرین لە شەڕدا دەكوژرێت، ئەوەش سەرەتای نەهامەتییەكی تر بوو بۆ ئەو خانمە.

"هەر دوای پرسەی براكەم، براژنەكەم دەستی منداڵەكانی گرتوو بۆ ماڵی باوكی گەڕایەوە و وتی ناگەڕێمەوە ماڵی دایكت... ماڵی مامم بە براكانمیان وت یەكێكتان مارەی بكەنەوە، بەڵام ئەوان وتیان ناتوانین براژنی خۆمان مارە بكەینەوە"، لێرەوە كێشەیەكی نوێ لە نێوان ئەو دوو خێزانەدا دروستدەبێت.

شيرين وتی "بوو بە ناخۆشیمان، من و برژانەكەم لەیەك ماڵ دەژییان، هەڕەشەی لێكردم كە چۆن ماڵ لەو تێكچووە، دەبێت لە منیش تێكبچێت، نازانم بۆ رقی لێهەڵگرتم!".

وەك ئەو دەڵێت تا براكەی لەژیاندا مابوو، پەیوەندی نێوان خۆی و مێردەكەی "زۆر باشبووە"، بەڵام لەوە بەدواوە سوكایەتی پێكراوە و لێیدراوە.

"لەپێناو ئەوەی لە منداڵەكانم دانەبڕێم، هەموو شتێكم قبوڵدەكرد و لەگەڵ ماڵی خەسوم دەژیام، چەندین جار دەریدەكردم و نەیدەهێشت منداڵەكانیشم ببینم، بەڵام سودی نەبوو، لە 2017دا تەڵاقیدام و دەریكردم".

لەپێناو ئەوەی لە منداڵەكانم دانەبڕێم، هەموو شتێكم قبوڵدەكرد

شیرین زیاتر وتی "ژیانم هەر لێدان و تۆراندا بوو، کاتێک بە كچەكەم دووگیانبوم، مێردەكەم هەتا ماندوو دەبوو بەشەق لێیدەدام".

شیرین دایكی كچ و كوڕێكە و هەردوو منداڵەكەی لای باوكیانە و ئەو زۆر بە زەحمەت دەتوانێت بیانبینێت.

کاتێک هێزە عیراقییەكان لە 16ی ئۆكۆتبەری 2017دا بۆ دوزخورماتوو و ناوچەكانی تری جێناكۆك گەڕانەوە و شەڕ دروستبوو، شیرین لەگەڵ دایكی ئاوارەبون بۆ گوندێكی قەزای كفری و لەوێوە بۆ ناحیەى رزگارى سەر بە قەزای كەلار.

"رۆژێک خزمێكمان هاتە ماڵمان و وتى کچەکەتان بێوەژنە و بارودۆخ باش نییە و ئاوارەن، هاوسەرگیری بکات باشترە"، بەڵام شیرین وتی "تا ماوم زەواج ناكەم، چونكە ئازاری زۆرم چەشتووە، بەڵام دوبارە دایك و براكانم ناچاریان كردم و هەڕەشەیان لێكردم".

شیرین بە ناچاری جارێكی تر شوو بە پیاوێك دەكات لە گوندێكی دورەدەستی گەرمیان، پیاوەكە 70 ساڵە، پێشتر دوو ژنی تری هێناوە. یەكێكیان لە ژیاندا نەماوە و ئەوەی تریش لەناو جێگەیە و توانای رۆیشتنی نییە.

"سێ منداڵی ئەو ژنە بەخێودەكەم كە لەژیاندا نەماوە، ئەو ژنەش بەخێودەكەم كە لەماڵەوە كەوتووە و نەخۆشە... كشتوكاڵ و ئاژەڵداریش ئەركی منە".

مێردكەی پێشوی ژنێكی تری هێناوە و منداڵەكانی شیرین لای باوەژنیانن.

سێ منداڵی ئەو ژنە بەخێودەكەم كە لەژیاندا نەماوە، ئەو ژنەش بەخێودەكەم كە لەماڵەوە كەوتووە و نەخۆشە

"هەموو رۆژێك دەگریم، بیری منداڵەكانم دەكەم، هەموو كات دەڵێم دەبێت ئێستا چی بكەن، چی دەبوو لە كونێكەوە ئاگام لێیان بوایە و چاوم پێبكەوتنایە".

سەرەتای ئەمساڵ، شیرین بە نهێنی دەچێتە دوزخورماتوو، بۆ ئەوەی چاوی بە كچ و كوڕەكەی بكەوێت.

"چومە ماڵی خزمێكمان، ئەویش بە دزیوە منداڵەكانی بۆ هێنام، زۆر بێ هێز دیاربون، باوەشم پیاكردن، جلوبەرگ و خواردنم پێدان و دواتر بەجێیانهێشتم".

ژن بە ژن و بەزۆر بەشودان، دیاردەیەكی كۆمەڵایەتی كۆنە و سەرەڕای كێشەكانی كە لە ئایندەدا بۆ پرۆسەكە دروستدەبێت، هێشتا لەناو كۆمەڵگەی عیراقیدا و بەتایبەت لە گوندەكاندا ماوە.

شیرین كە یەكێكە لەو سەدان ژنەی لەیەككاتدا باجی ژن بەژن و بەزۆر بەشودان دەدات، هەر بەو تاوانەشەوە دەستبەرداری نەبوون، بەڵکو منداڵەكانیشی لێسەندراون.

 *شیرین یوسف ناوی خوازراوە

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT