دانیشتوانی هه‌ولێر ده‌توانن بچنه‌ كه‌ركوك؟

كه‌ركوك، 2020، هێزێكی ئه‌منی له‌كاتی سه‌پاندنی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ بۆ خۆپارێزی له‌ كۆرۆنا فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

سۆران محه‌مه‌د – كه‌ركوك

له‌ بازگه‌یه‌كی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی حكومه‌تی عیراقی، رێگه‌نادرێت دانیشتوانی هه‌ولێر بچنه‌ كه‌ركوك، ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی دوو هاوڵاتی، هه‌رچه‌نده‌ پۆلیس ره‌تیده‌كاته‌وه‌.

به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو)، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 28ی ته‌مموز له‌ بازگه‌ی نێوان كه‌ركوك و هه‌ولێر، رێگری له‌ ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی كراوه‌.

كارزان تاهیر، دانیشتوی شاری هه‌ولێره‌‌ و ویستویه‌تی بۆ كڕینی پێداویستی ئۆتۆمبێل بچێته‌ كه‌ركوك، به‌ڵام رێگری لێكراوه‌، ئه‌و به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "له‌ بازگه‌كه‌ی پردێ پۆلیسی فیدراڵی داوای كارتی زانیارییان كرد، كاتێك زانییانه‌ كارتی زانیاریم هه‌ولێره‌، وتیان چۆن هاتوی به‌وشێوه‌یه‌ بگه‌ڕێره‌وه‌".

ئه‌و هاوڵاتییه‌ ده‌ڵێت له‌ بازگه‌كه‌دا پێیانوتووه‌ چونه‌ ناو كه‌ركوك ته‌نیا بۆ ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ هه‌ڵگری كارتی زانیاری و نیشته‌جێبونی شاره‌كه‌ن.

"چه‌ندین كه‌سی تر له‌و بازگه‌ كارتی زانیارییان هه‌ولێر بوو وه‌ك من رێگه‌یان نه‌دا بچنه‌ ناو كه‌ركوكه‌وه‌" به‌وته‌ی كارزان.

له‌ بازگه‌كه‌ وتیان به‌س خه‌ڵكی نیشته‌جێی كه‌ركوك ده‌توانن تێبپه‌ڕن

ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ ماوه‌یه‌كه‌ كارئاسانی بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیان ده‌كرێت له‌ نێوان پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان و عیراق.

هەوار محەمەد، ئه‌مڕۆ به‌ هه‌مان بازگه‌ی كه‌ركوكدا تێپه‌ڕ بووه‌ و رێگری لێنه‌كراوه‌، كاتێك زانیویانه‌ كارتی زانیاری نیشته‌جێبونی كه‌ركوكی هه‌یه‌.

هه‌وار به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "دوای بینی كارتی زانیارییه‌كه‌م به‌ رێزه‌وه‌ وتی بڕۆ، به‌ڵام خه‌ڵكی تر هه‌بوو رێگه‌یان نه‌دا بچێته‌ كه‌ركوك، چونكه‌ كارتی زانیاری هه‌ولێر بوو".

"له‌ناو ئه‌و كه‌سانه‌ی گه‌ڕێنرانه‌وه‌ بۆ هه‌ولێر خزمی خۆم هه‌بوو" به‌وته‌ی هه‌وار.

له‌ بازگه‌كه‌دا لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌كرێت به‌ڵام رێگری له‌ كه‌س نه‌كراوه‌

بازگه‌ی نێوان هه‌ولێر و كه‌ركوك له‌ نزیك پردێ به‌ ده‌ست هێزه‌كانی پۆلیسی فیدراڵییه‌وه‌ به‌سه‌رپه‌رشتی ژوری ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی پارێزگاكه‌.

عابدین نەجمەدین، بەڕێوبەری بنكەی پۆلیسی پردێ بە (كەركوك ناو)ی وت "من لە دەوامم و هیچ شتێكی وەها بونی نییە، بازگەكە لێكۆڵینەوەی خۆیان دەكەن و كارەكانیان جێبەجێدەكەن، بەشێوەیەكی گشتی هیچ جۆرە روداوێكی وەها و رێگرییه‌ك بونی نه‌بووه‌".

وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هه‌فته‌ی رابردوو له‌ چه‌ند بڕیارێكی نوێدا ده‌رباره‌ی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ و رێكاره‌كانی خۆپارێزی له‌ كۆرۆنا، هاتوچۆی نێوان هه‌رێم و پارێزگاكانی عیراق به‌ چه‌ند مه‌رجێك كرده‌وه‌، له‌وانه‌ رێگه‌پێدان بۆ فه‌رمانبه‌ران، چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی، بازرگانی، جوتیار، خاوه‌ن كێڵگه‌ په‌له‌وه‌رییه‌كان و ئه‌و كه‌سانه‌ی كارتی زانیاری و نیشته‌جێبونی شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستانیان هه‌یه‌.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT