خەڵك تینوێتی ناشكێت
لە دوزخورماتوو دەڵێ "ئاخیر زەمانە"

دوزخورماتوو/30ی تەمموز/ بەهۆی لەكاركەوتنی پڕۆژەیەكی ئاو خەڵك بە تانكەر ئاو دەكڕن، یان بە دەبە و مەجەڵ ئاو پەیدادەكەن فۆتۆ: كەركوك ناو

لەیلا ئەحمەد

دەبە، مەنجەڵ و بەرمیل بەسەر شانی خەڵكەوەیە و راكەڕاكی پڕۆژەیەكی ئاویانە بۆ ئەوەی تینوێتی خۆیان و منداڵەكانیان بشكێنن. ئەم دیمەنە لە قەزای دوزخورماتوو وەك هەڵگورد محەمەد خاوەنی تانكەرێكی ئاو دەڵێت "لە ئاخیر زەمان دەچێت".

ئەو راكەڕاكە بەدوای دەستكەوتنی ئاودا لە نزیكەی 50 پلەی گەرمی، چەند رۆژێكە لەو قەزایەی پارێزگای سەڵاحەدین دەستیپێكردووە، بەهۆی گرفتێكی كارەبایی لەناو پڕۆژەی سەرەكی ئاو.

هەڵگورد محەمەد كە بە 15 هەزار تەنكەرێكی ئاو بۆ خەڵكی قەزاكە دەبات، وتی "ئەوەی لە دوزخورماتوو رودەدات كارەساتە و كەس خۆی ناكات بە خاوەنی ئەو گرفتە، هەر دەڵێن چاكی دەكەین و هیچ دیار نییە، رۆژانە 200 تەلەفونم بۆ دێت كە داوای ئاو دەكەن و فریاناكەوم".

ئەوەی لە دوزخورماتوو رودەدات كارەساتە

وتیشی "خەڵك ناچارە ئاو بكرێت، هەندێك لە تەنكەرەكان 20 یان 30 هەزار دینار بۆ تەنكەرێكی ئاو لە خەڵك وەردەگرن".

تەنیا لە گەڕەكی كۆماری دوزخورماتوو كە زۆرینەی دانشیتوانەكەی كوردن و هەڵگورد لەوێ دەژیت، لە ماوەی دوو رۆژدا تانكەری ئاوی بۆ 100 كەس بردووە.

aw (5)
دوزخورماتوو/30ی تەمموز/ ریزی تانكەر بۆ گواستنەوەی ئاو بۆ هاوڵاتیان فۆتۆ: كەركوك ناو

نەجم هاشم، دانیشتوى گەڕەکى بنار لە دوزخورماتوو، وتی "لەژیانمدا كێشەی وا روبەڕومان نەبۆتەوە، لەم گەرمایەدا بەدوای ئاودا رادەكەین".

ئەوانەی باری دارییان باشە، بە پارە تانكەری ئاو دەكڕن، بەڵام زۆرێك ئەوانەی هەژارن بە دەبە و مەنجەڵ و تەنكی بچوك ئاو لە پڕۆژەیەكی ناو قەزاكە دەبەن.

ئەو گرفتە كە روبەڕوی هاوڵاتیان بۆتەوە، هاوكاتە لەگەڵ بەرزبونەوەی پلەكانی گەرما لە هەندێك پارێزگای عیراق بۆ 52 پلە، ئەوەش بەپێی كەشناسی. لە پارێزگای سەڵاحەدین دوو رۆژە 49 و 50 پلە تۆماردەكرێت.

عسام نەقی، بەڕێوەبەرى ئاودێری دوزخورماتوو، بە (كەركوك ناو)ی وت "كێشە لە پڕۆژەی ئاوى دوزخورماتوو دروستبووە و خەریكین چاكی دەكەین، هەندێك كەلوپەلمان پێویستە چاوەڕێین لە بەغداوە بۆمان بێت".

كێشە لە پڕۆژەی ئاوى دوزخورماتوو دروستبووە و خەریكین چاكی دەكەین

"كێشەكە زیاتر گەڕەكە كوردییەكانی گرتۆتەوە، وەكو حكومەت بەتانكەر چەند رۆژێك جارێك ئاویان پێدەدەین"، عسام وایوت.

بەڵام نەجم هاشم، ئەو هاوڵاتییەی قەزاكە وتی كە نادادپەروەری هەیە و هەندێك كەس تانكەری ئاوی قەزاكەیان قۆرخكردووە و ئاو نادرێت بە هەموو خەڵك.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT