محەمەد نورەدین ئەحمەد (24 ساڵ)، یاریزانی باسكەی یانەی وەرزشی خاك لەكاتی مەلەكردندا لە چەمی حازیف لە رەواندز خنكا.
محەمەد خەڵكی گەڕەكی رەحیماوا، لە دووەم رۆژی جەژن، لەگەڵ برایەك و سێ ئامۆزایدا لە كەركوكەوە بۆ سەیران دەچنە قەزای رەواندز لە پارێزگای دهۆك، رۆژی سێیەم تەرمەكەی گەڕایەوە.
دڵدار خاکی، ئامۆزای محەمەد، بە (كەركوك ناو)ی وت "چوار كەسمان دووەم رۆژی جەژن (2ی ئاب) بەنیازی سەیران بون، ئێمەش بۆ ئەوەی بە سەلامەتی بگەڕێنەوە، وتمان محەمەد تۆش بڕۆ لەگەڵیان و ئاگاداریانبە، چونکە تۆ لە هەمویان گەورەتری".
دڵدار وتی "محەمەد بۆ ئەوەی چاودێرییان بکات لەگەڵیان رۆیشت، بەڵام سێیەم رۆژی جەژن لەكاتی گەڕانەوەیاندا محەمەد لە چەمێك مەلە دەكات و دەخنكێت".
"لە چەمێکی نزیک رەواندز بەناوی چەمی حازیف، محەمەد وەک ئەوەی بزانێت لەناو ئاوەکە دەخنێکت بە براکەیی و سێ ئامۆزاکەی تری دەڵێت ناو ئۆتۆمبێلەکە بن، كەمێك مەلەدەكەم و دەگەڕێمەوە، ئیتر هەر ناو ئۆتۆمبێلەکە دادەبەزێت و بەڕاکردن خۆی هەڵدەداتە ناو ئاوەکەوە و دیارنامێنێت"، دڵدار وایوت.
بەڕاکردن خۆی هەڵدەداتە ناو ئاوەکەوە و دیارنامێنێت
محەمەد وەك كەسوكاری دەڵێن مەلەوانێكی باش بووە و ئاوی چەمەكەش قوڵ نەبووە، بەڵام تیژڕەو بووە و محەمەدی بردووە.
دڵدار وتی "ئامۆزاکەم یاریزانی باسکەی یانەی وەرزشی خاک بوو، ئەو بۆ ئەوە رۆیشت کە سەرپەرشتی ئامۆزا و براکەی بکات تاوەکو سەلامەت بن، بەڵام هەمویان سەلامەت بون و تەنیا خۆی خنكا"، دڵدار وای وت.
وتیشی "پاش نیو کاتژمێر لە خنکانی، تەرمەکەی دۆزرایەوە و گەڕێنرایەوە کەرکوک".
بەپێی ئامارێكی پۆلیس روبار لە كەركوك، لە ماوەی 21ی ئایار بۆ 21ی حوزەیران، 12 كهس له ئاودا خنكاون و چوار هاوڵاتیش لهلایهن تیمهكانی بەرگری شارستانیی و پۆلیسی روبارەوە ژیانیان رزگار كراوە.