چوار خێوەتی ئاوارەكان بەهۆی شۆرتی كارەباوە سوتان و دووان لە خێوەتەكان 16 ئاوارەی یەك خێزان تیایدا نیشتەجێ بون.
کاتژمێر 10ی سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ چوارشەممە 5ی ئاب، ئاگر له که‌مپی که‌به‌رتوو لە پارێزگای دهۆك كەوتەوە، لە ئەنجامی شۆرتی كارەبا كە بەهۆیەوە چوار خێوەت سوتان و زیانی ماددی بە ئاوارەكان گەیشت.
حه‌یده‌ر مچۆ خەلەف، كە خێوەتەكەی خۆیی و كوڕەكەی بە تەواوی سوتاون، وتی "16 که‌س لەناو ئەو دوو خێوەتەدا دەژیاین، هەردوكیان بە تەواوی سوتان، تەواوی ماڵەكەمان سوتان، من نزیكەی 1000 دۆلار و كوڕەكەشم 800 دۆلاری فەوتا، هیچ كەلوپەلێكمان دەرباز نەبوو، ته‌نیا منداڵه‌کانمان رزگارکرد".
حه‌یده‌ر دەڵێت ئۆتۆمبێلی ئاگركوژێنەوە 15 خولەكی پێچووە، تا گەیشتۆتە شوێنی روداوەكە و كۆنترۆڵی ئاگرەكەیان كردووە.
باسل به‌ره‌کات، فه‌رمانبه‌ره له ئیدارەی كەمپەكە، بە (که‌رکوک ناو)ی وت "ئاگره‌که به‌هۆی شورتێکی کارهباوە بووە، به داخه‌وه سێ خێوه‌ت به‌ته‌واوی سوتان له‌گەڵ نیوه‌ی خێوه‌تێکی تر... سوپاس بۆ خوا زیانی گیانی نەبوو".
"هەموو زیانەكانمان نوسیوە و رەوانەی ئیدارەی پارێزگای دهۆكمان كردووە تا قەرەبویان بكەنەوە"، باسل وایوت.
هەموو زیانەكانمان نوسیوە و رەوانەی ئیدارەی پارێزگای دهۆكمان كردووە تا قەرەبویان بكەنەوە
لە شەش هەزار خێوەتی كەمپی كەبەرتوو، كە ئاوارەكانی دەستی داعش لێی نیشتەجێن، تەنیا یەك ئۆتۆمبێلی ئاگركوژێنەوە هەیە.
"به‌هۆی پهنجهربونی تایەیەكییەوە، ئۆتۆمبێله‌کە بۆ ماوه‌ی 10 خوله‌ک دواکه‌ت، ئه‌گه‌ر له‌کاتی خۆی بگهیشتیایەتە شوێنی روداوەكە، بێگۆمان زیانه‌که به‌و شێوه‌یه نه‌ده‌بوو، له‌وانه‌یه ته‌نیا یه‌ک خێوه‌ت بوستایە"، باسل به‌ره‌کات وایوت.
لە 17ی تەمموزیش هەر بەهۆی شۆرتی كارەباوە، نۆ كەرەڤانەی ئاوارەكان لە كەمپی قادیا لە پارێزگای دهۆك سوتان و زیانی ماددی بەر دانیشتوانەكەی كەوت.