په‌ناگه‌ بۆ ژنانی هه‌ڕه‌شه‌لێكراو ده‌كرێته‌وه‌
حكومه‌ت پرۆژه‌یاسای به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی خێزانی ده‌نێرێته‌ په‌رله‌مان

فۆتۆ: Gabriel Benois، ئەم وێنەیە لە ماڵپەڕی unsplash وەرگیراوە لە 5ی ئایاری 2020

كه‌ركوك ناو

پرۆژه‌یاسای به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی خێزانی، ته‌نیا چه‌ند هه‌نگاوێكی ماوه‌ تا په‌سه‌ند بكرێت، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بڕیاریدا بینیرێته‌ په‌رله‌مانی عیراق.

له‌ كۆبونه‌وه‌ی سێشه‌ممه‌ 4ی ئابی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، پرۆژه‌یاساكه‌ په‌سه‌ندكرا و به‌ تێبینییه‌كانی ئه‌میندارێتی ئه‌نجومه‌نه‌وه‌ ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان كرا، بۆ گفتوگۆ و ده‌نگدان له‌سه‌ری.

ئیڤان جابرۆ، وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌ "هیوادارین به‌ زوترین كات په‌رله‌مان ده‌نگ له‌سه‌ر پرۆژه‌كه‌ بدات به‌ ئامانجی وه‌ستاندنی ئه‌و توندوتیژییه‌ی روبه‌ڕوی چه‌ندین خێزانی عیراقی بونه‌ته‌وه‌".

هه‌روه‌ها پێشیوایه‌ یاساكه‌ گرنگی زۆری هه‌یه‌ له‌ پاراستنی مافه‌كانی خێزانی عیراقی.

پرۆژه‌یاساكه‌ له‌ ئه‌یلولی 2019ـه‌وه‌ گه‌ڵاڵه‌ كراوه‌ و ئامانج لێی پاراستنی ئه‌ندامانی خێزانه‌، به‌ تایبه‌ت ژنان و كچان له‌ هه‌ر جۆره‌ توندوتیژییه‌ك، به‌ ئامانجی سزادانی ئه‌نجامده‌رانی توندوتیژییه‌كان، قه‌ره‌بوی زیانلێكه‌وتوان و دابینكردنی پارێزگاری بۆ قوربانییان.

نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان، له‌ نیسانی ئه‌مساڵدا، داوایكرد په‌له‌ بكرێت له‌ په‌سه‌ندكردنی پرۆژه‌یاسای به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی خێزانی، تا ببێته‌ رێگر له‌ هه‌ڵكشانی زیاتری توندوتیژی و ژینگه‌یه‌كی ئارام بۆ خێزانه‌كان فه‌راهه‌م بكات.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان، رۆژانه‌ له‌ بۆشایی ئه‌و یاسایه‌دا چه‌ندین روداوی توندوتیژی تۆمارده‌كرێن، كه‌ ئه‌وان بارودۆخه‌كه‌ "به‌ زه‌نگێكی مه‌ترسیدار" ناوده‌به‌ن.

هه‌ڵكشانی توندوتیژی خێزانی له‌كاتی كه‌ره‌نتینه‌دا بوو، كه‌ به‌هۆی رێكاره‌كانی خۆپارێزی له‌ كۆرۆنا، خه‌ڵك به‌ ناچاری له‌ماڵه‌وه‌ بون.

zhnan-6
كه‌ركوك، نیسانی 2020، گردبونه‌وه‌ی ناڕه‌زایی ژنان دژی زیادبونی توندوتیژییه‌كان فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

به‌پێی پرۆژه‌یاسای به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی خێزانی، لیژنه‌یه‌كی باڵا له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ پێكده‌هێنرێت به‌ناوی "لیژنه‌ی باڵا بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی خێزانی" به‌ سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیری كارو كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی.

هه‌روه‌ها فه‌رمانگه‌یه‌ك به‌ناوی "به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پاراستنی خێزان" له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ پێكده‌هێنرێت، له‌گه‌ڵ پێكهێنانی دادگایه‌كی تایبه‌تمه‌ند بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ دۆسیه‌كانی توندوتیژی خێزانی.

پرۆژه‌یاساكه‌ حكومه‌ت ناچار ده‌كات به‌ كردنه‌وه‌ی چه‌ندین سه‌نته‌ر و شه‌ڵته‌ر بۆ پاراستن و له‌خۆگرتنی قوربانییانی توندوتیژی خێزانی له‌ به‌غدا و پارێزگاكانی تر.

جگە لە بەغداد و هەرێمی كوردستان، لە كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆك هیچ پەناگەیەك بۆ ژنە هەڕەشەلێكراوەكان نییە.

به‌پێی ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراق، له‌ شه‌ش مانگی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا زیاتر له‌ پێنج هه‌زار دۆسیه‌ی توندوتیژی خێزانی هه‌بون.

له‌و ئاماره‌دا هاتووه‌ توندوتیژی مێرد به‌رانبه‌ر هاوسه‌ره‌كه‌ی زیاتر له‌ سێ هه‌زار و 600 دۆسیه‌ و توندوتیژی ژن به‌رانبه‌ر به‌ مێردیش زیاتر له‌ 450 دۆسیه‌ بون.

لیژنه‌ی كاروباری ژنان و خێزان له‌ په‌رله‌مانی عیراق، 4ی ئاب به‌یاننامه‌كیان بڵاوكرده‌وه‌ و وێڕای ده‌ستخۆشی له‌ حكومه‌ت، داواكارن به‌ زویی پرۆژه‌یاساكه‌ بگاته‌ په‌رله‌مان، تا راپۆرتی كۆتایی ئاماده‌بكه‌ن و بخرێته‌ به‌رنامه‌ی كاره‌وه‌، به‌ ئامانجی گفتوگۆ و په‌سه‌ندكردنی.

له‌و به‌یاننامه‌یه‌دا، ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه گفتوگۆی پرۆژه‌یاساكه‌ له‌ كاتێكدایه‌، بارودۆخێكی هه‌ستیار و مه‌ترسیدار هه‌یه‌، له‌ زیادبونی كێشه‌ و توندوتیژی خێزانی، به‌هۆی كێشه‌ دارایی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌، به‌ تایبه‌ت له‌سه‌رده‌می كۆرۆنادا.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT