پارێزگاری دهۆك بڕیاریدا بە داخستنی دەرگای كەمپی چەممشكۆی تایبەت بە ئاوارەكان لە قەزای زاخۆ، ئەوەش دوای ئەوەی یەكەم حاڵەتی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەناو كەمپەكە تۆماركرا.
ئەو بڕیارەی پارێزگای دهۆك دوای ئەوە هات، كە سەربازێكی سوپای عیراق لە شەرگاتەوە بۆ ناو كەمپەكە گەڕایەوە و تێكەڵ بە دانیشتوانی نێو كەمپەكە بوو. هەرچەندە بەپێی پشكنینەكان دەركەوت هەڵگری ڤایرۆسەكەیە.
مه‌ئمون یه‌حیا، به‌ڕێوه‌بەری كه‌مپی چه‌ممشكۆ لە زاخۆ، بە (كه‌ركوك ناو)ی وت "سەربازەكە ماڵی لە نێو كەمپەكەدایە و خۆی لە شەرگات دەوامدەكات، نازانین چۆن و بە چ شێوەیەك له بازگه‌كانی نێوان دهۆك و نه‌ینه‌وا رێگەیان داوە بگەڕێتەوە زاخۆ و تێكەڵ بە ئاوارەكان ببێت".
وتیشی "دوو رۆژ بەر لەوەی بگەڕێتەوە ناو كەمپەكە، پشكنینی بۆ كراوە، بەڵام بەرلەوەی ئەنجامەكەی بێتەوە هاتۆتەوە ناو كەمپەكە".
دوو رۆژ بەر لەوەی بگەڕێتەوە ناو كەمپەكە، پشكنینی بۆ كراوە، بەڵام بەرلەوەی ئەنجامەكەی بێتەوە هاتۆتەوە ناو كەمپەكە
شه‌وی رابردوو دوای گەڕانەوەی پشكنینەكەی كە دەركەوت كۆرۆنای هەیە، ئەو سەربازە رەوانەی نەخۆشخانەی تایبەت بەو ڤایرۆسە كرا لە دهۆك.
مەئمون وتی "چوار كه‌س له ئه‌ندامانی خێزانه‌كەی كه‌ره‌نتین كراون، به فه‌رمانی لیژنه‌ی ته‌ندروستیی و پارێزگاری دهۆكیش ده‌رگای كه‌مپه‌كه بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی داخرا".
كه‌مپی چه‌ممشكۆ، ده‌كه‌وێته سنوری قه‌زای زاخۆ و زیاتر له 26 هەزار ئاواره‌ی قه‌زای شنگال تیایدا دەژین و به یه‌كێك له كه‌مپە گه‌ورەكان دادەنرێت له‌ڕوی ژماره‌ی ئاوارەوە.
ئیسماعیل محه‌مەد، جێگری پارێزگاری دهۆك بۆ كاروباری ئاواره‌كان به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌و كه‌سه‌ی توشی كۆرۆنا بووه، پێشئه‌وه‌ی بێته ناو كه‌مپەكەوە پشكنێكی 48 كاتژمێری كردووه، به‌ڵام بەر لە گەڕانەوەی ئه‌نجامه‌كه‌ی تێكەڵی دانیشتوانی كەمپەكە بووە".
وتیشی "بۆ سەلامەتی گیانی ئاوارەكان بریارمانداوە بە داخستنی دەرگای كەمپەكە بۆ ماوەیەكی نادیار".
بۆ سەلامەتی گیانی ئاوارەكان بریارمانداوە بە داخستنی دەرگای كەمپەكە بۆ ماوەیەكی نادیار
ئەوە یەكەم حاڵەتی توشبونی كۆرۆنایە لە كەمپی ئاوارەكانی پارێزگای دهۆك.
ئیسماعیل وتی "رێكاره‌كانی ته‌ندروستیمان له هه‌موو كه‌مپه‌كان زۆر توند كردووە، هه‌ر ئاواره‌یه‌ك له ده‌ره‌وه‌ی پارێزگای دهۆك ده‌وامی هه‌بیت یان ئیشێك بكات ده‌بێت ئه‌نجامی پشكنینی كۆرۆنای هه‌بێت ئه‌گه‌ر نا نا‌توانیت بچێته نێو كه‌مپ".