دوو كاتژمێر كاره‌با ده‌بڕن
به‌شێك له‌ كێشه‌ی مۆلیده‌ ئه‌هلییه‌كانی كه‌ركوك چاره‌سه‌ر ده‌كرێت

كه‌ركوك، حوزه‌یرانی 2020، بۆردێكی پێدانی كاره‌با به‌ هاوڵاتیان له‌ گه‌ڕه‌كێكی ناوشار فۆتۆ: سۆران محه‌مه‌د

سۆران محه‌مه‌د – كه‌ركوك

مۆلیده‌ ئه‌هلییه‌كانی كه‌ركوك، رۆژانه‌ دوو كاتژمێر كاره‌با له‌ هاوڵاتیان ده‌بڕن و سه‌دا 10ی گاز بێبه‌رانبه‌ر وه‌رده‌گرن، ئه‌وه‌ش به‌پێی بڕیاری قایمقامیه‌ت، دوای ئه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی كوژاندنه‌وه‌ی مۆلیده‌كانیان كرد.

خاوه‌نی مۆلیده‌ ئه‌هلییه‌كان، مانگی رابردوو هه‌ڕه‌شه‌ی بڕینی كاره‌بایان كرد ئه‌گه‌ر داواكارییه‌كانیان پشتگوێبخرێت، له‌وانه‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی واده‌ی كارپێكردنی مۆلیده‌ و پێدانی بڕی زیاتری گاز بێبه‌رانبه‌ر.

توانا قاسم، خاوەنی مۆلیدەی ئەهلی له‌ كه‌ركوك به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "به‌شێك له‌ داواكارییه‌كانمان جێبه‌جێكراون؛ ئێستا بڕی پێدانی گاز بۆ كارپێكردنی مۆلیده‌كان كراوه‌ته‌ سه‌دا 25، له‌و رێژه‌یه‌ش سه‌دا 10ی بێبه‌رانبه‌ر و ئه‌ویتر پاره‌ ده‌ده‌ین".

به‌وته‌ی توانا، له‌ بڕیاره‌كانی تری قایمقامیه‌تی قه‌زای ناوه‌ندی كه‌ركوك، له‌مه‌ودوا دوو كاتژمێر له‌ كاركردنی مۆلیده‌ ئه‌هلییه‌كان كه‌مده‌كرێته‌وه‌؛ به‌یانیان كاتژمێر 7 تا 9ی به‌یانی كاره‌با به‌ هاوڵاتیان ناده‌ن.

له‌ قازانجی خاوه‌نی مۆلیده‌كان بڕیاردرا و هاوڵاتیان باجه‌كه‌ی ده‌ده‌ن

بەپێی زانیارییەكانی قایمقامیەتی كەركوك، بڕی پێدانی كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان نزیكدەبێتەوە لە 400 كاتژمێر لە مانگێكدا، كە بۆ هەر رۆژێك زیاتر لە 13 كاتژمێر دەكات، ئه‌وه‌ش بۆته‌ هۆی ناڕه‌زایی خاوه‌نی مۆلیده‌كان به‌پاساوی ئه‌وه‌ی مۆلیده‌كان به‌رگه‌ی ئه‌وه‌نده‌ كاركردن ناگرن.

"ئه‌وه‌ی كراوه‌ چاره‌سه‌ری هه‌موو كێشه‌كانی ئێمه‌ نین، قایمقام به‌ڵێنیداوه‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی دیكه‌ش بكات" توانا قاسم وای وت.

ئێستا نرخی هه‌ر ئه‌مپێرێك كاره‌بای مۆلیده‌ له‌ نێوان 11 هه‌زار و 500 بۆ 13 هه‌زار دیناردایه‌.

ئاسۆ عه‌بدوڵا (33 ساڵ)، ناڕازییه‌ له‌ نرخ و كاتی كاركردنی مۆلیده‌ ئه‌هلییه‌كان، به‌ تایبه‌ت كاتێك كاتژمێر 7ی به‌یانی كاره‌با ده‌كوژێننه‌وه‌، له‌كاتێكدا منداڵی ساوایان هه‌یه‌ و پله‌كانی گه‌رما زۆر به‌رزن.

"ئه‌و نرخه‌ی دانراوه‌ زۆر زۆره‌، چونكه‌ بارودۆخی خه‌ڵك باش نییه‌، كارو كه‌سابه‌ت نییه‌، به‌داخه‌وه‌ قایمقامیه‌ت به‌ هه‌ڕه‌شه‌ی خاوه‌نی مۆلیده‌كان له‌ قازانجی ئه‌واندا بڕیاری دا و هاوڵاتیانیش باجه‌كه‌ی ده‌ده‌ن" به‌وته‌ی ئاسۆ بۆ (كه‌ركوك ناو).

karaba-3
كه‌ركوك، 2020، تیمه‌كانی چاككردنه‌وه‌ی كاره‌با له‌كاتی كاركردندا فۆتۆ: راگه‌یاندنی كاره‌بای كه‌ركوك

لە كۆتایی مانگی تەمموز، لە شەو و رۆژێكدا پێنج بۆ هه‌شت كاتژمێر كاره‌بای نیشتمانی به‌ هاوڵاتییان ده‌درا، ئه‌ویتر به‌ مۆلیده‌ی ئه‌هلی پڕ ده‌كرایه‌وه‌، به‌ڵام ئێستا كاره‌بای نیشتمانی نزیكه‌ی 11 كاتژمێر هه‌یه‌.

دانیال هەمەوەندی، لێپرسراوی راگەیاندنی فەرمانگەی دابەشكردنی كاره‌بای كەركوك به‌(كه‌ركوك ناو)ی وت "بەهۆی دابەزینی پلەكانی گەرما، كاتژمێره‌كانی پێدانی كاره‌بای نیشتمانی به‌ هاوڵاتیان زیادیكردووه‌ و تا پله‌كانی گه‌رما زیاتر دابه‌زن خواست له‌سه‌ر به‌كارهێنانی كاره‌با كه‌مده‌بێته‌وه‌، به‌وه‌‌ش پێدانی كاره‌با زیاتر ده‌بێت".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت ئێستا رۆژانه‌ 750 مێگاوات كاره‌با به‌ هاوڵاتیان ده‌ده‌ن، ئیداره‌ی پارێزگاش پلانی كڕینی كاره‌بای هه‌یه‌، به‌ڵام هێشتا یه‌كلانه‌كراوه‌ته‌وه‌ له‌ كێ و چۆن كاره‌با ده‌كڕێت.

پارێزگای كەركوك رۆژانە پێویستی بە زیاتر له‌ هەزار مێگاوات كارەبا هەیە، بۆ ئەوەی بتوانێت كارەبای پێویست بە هاوڵاتیان بدات.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT