زیاتر له 15 هه‌زار ئێزیدی، به‌شداری مه‌راسیمێكی ئایینی به كۆمه‌ڵ ده‌كه‌ن به‌بێ ره‌چاوكردنی رێنماییه‌كانی خۆپارێزی له كۆرۆنا، له نێویاندا به‌كارهێنانی ده‌ستكێش و ده‌مامك.
جه‌مای شه‌ره‌فه‌دین؛ بۆنه‌یه‌كی دوو رۆژی ئایینی ئێزیدییه و پێنجشه‌ممه 6ی ئاب له مه‌زارگه‌ی شه‌ره‌فه‌دین له قه‌زای شنگال ده‌ستیپێكرد، به به‌شداری هه‌زاران هاوڵاتی.
به‌پێی وێنه و گرته ڤیدیۆییه‌كانی مه‌راسیمه‌كه، كه به‌شداربوانیش جهختیانلێكردۆتهوه، هیچ رێكارێكی خۆپارێزی له كۆرۆنا نه‌گیراونه‌ته‌به‌ر، له كاتێكدا بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه له هه‌ڵكشاندایه.
"له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك هاوڕێمدا به‌شداربوین، به‌بێ به‌كارهێنانی ده‌مامك و ده‌ستكێش، هه‌ره‌زۆری به‌شداربوانی دیكه‌ش به‌هه‌مانشێوه‌ی ئێمه بون" موحسین عیدۆ وای وت.
مه‌راسیمی جه‌مای شه‌ره‌فه‌دینی ئێزیدی ڤیدیۆ: تایبه‌ت به كه‌ركوك ناو
جه‌مای شه‌ره‌فه‌دین، به چه‌ندین رێوڕه‌سمی ئایینی و چالاكی جۆراوجۆر به‌ڕێوه‌ده‌چێت، گه‌نجانیش وه‌ك موحسین عیدۆ ده‌ڵێت، به ئامانجی نزا بۆ خۆیان و كه‌سوكار و رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزیدی به‌شدارده‌بن.
موحسین ده‌رباره‌ی پشتگوێخستنی رێنماییه‌كانی خۆپارێزی بۆ (كه‌ركوك ناو) وتی "بڕوای ته‌واومان به هه‌بونی كۆرۆنا هه‌یه به‌ڵام شكور بۆ خوا له شنگال توشبوو نییه".
له شنگال توشبوی كۆرۆنا نه‌ماوه، به‌ڵام په‌تاكه له نه‌ینه‌وا تادێت زیاتر بڵاوده‌بێته‌وه و به‌پێی ئاماره‌كانی ئه‌مڕۆ هه‌ینی 7ی ئابی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عیراق، 297 كه‌س له‌و پارێزگایه توشی كۆرۆنا بون، له‌گه‌ڵ چاكبونه‌وه‌ی 85 كه‌س و تۆماركردنی حاڵه‌تێكی گیانله‌ده‌ستدان.
كه‌مال موراد، به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستی ناحیه‌ی سنونێ له شنگال به (كه‌ركوك ناو)ی وت "به‌داخه‌وه خه‌ڵك خه‌ریكه هه‌موو ئه‌وه‌ی كردومانه ده‌یده‌ن به‌ده‌م ئاوه‌وه، چونكه چه‌ندینجار هاوارمانكردووه به‌دوربن له قه‌ره‌باڵغی و له مه‌راسیمه ئاینییه‌كاندا ده‌مامك و ده‌ستكێش به‌كاربهێنن".
هه‌روه‌ها هۆشداریدا ئه‌گه‌ر ته‌نیا یه‌ك كه‌س له جه‌مای شه‌ره‌فه‌دین توشبوی كۆرۆنا بێت، "ئه‌وا كاره‌ساتێكی گه‌وره له شنگال روده‌دات و سه‌دان كه‌سی تر توشده‌بن".
ئه‌و مه‌راسیمه ئاینییه له كاتێكدایه به‌پێی بڕیاری حكومه‌تی عیراقی ده‌رگای مزگه‌وت، په‌رستگا و كڵێساكان به‌روی زیارهتكارانیاندا داخراون، له‌چوارچێوه‌ی رێكاره‌كانی خۆپارێزیدا.
خێرهات به‌حری، كوڕى مجێوری مه‌زارگه‌ی شه‌ره‌فه‌دین له شنگال – مەزارگەكه به‌دوری 12كم ده‌كه‌وێته باكوری شنگال و دوای لالش پیرۆزترین شوێنی ئایینییه- به (كه‌ركوك ناو )ی وت له یه‌كه‌م رۆژی مه‌راسیمه‌كه‌دا 10 هه‌زار كه‌س و له دوه‌م رۆژیشدا، كه ئه‌مڕۆ هه‌ینییه به‌ڕێوه‌ده‌چێت، زیاتر له پێنج هه‌زار كه‌س به‌شداری ده‌كه‌ن.
"داوامان له چه‌ند شوێنێك كرد ده‌مامك و دهستكێشمان بۆ دابینبكه‌ن تا به‌سه‌ر هاوڵاتیانی به‌شداربوی مه‌راسیمه‌كه‌دا دابه‌شبكرێت به‌ڵام ئه‌و پێداویستییانه‌مان بۆ دابیننهكرا" به‌وته‌ی خێرهات بۆ (كه‌ركوك ناو)، وتیشی "هیچ مه‌ترسییه‌ك نابینم، چونكه كۆرۆنا له شنگال نییه و به‌شداربوانیش خه‌ڵكی ناو قه‌زاكه‌ن و رێگه‌ناده‌ین خه‌ڵكی ده‌ره‌وه به‌شداربن".
له رۆژی یه‌كه‌می جه‌مای شه‌ره‌فه‌دین؛ ئاهه‌نگ و خوێندنه‌وه‌ی به‌یتی ئایینی و چه‌ند ڕێوڕه‌سمێكی دیكه به‌ڕێوه‌ده‌چن، له دوه‌م رۆژیشدا هه‌ر ماڵێك به‌پێی توانای خۆی مه‌ڕ سه‌رده‌بڕێت و گۆشته‌كه‌ی به‌سه‌ر هه‌ژار و ئاماده‌بوانی مه‌راسیمه‌دا دابه‌شده‌كات.