ته‌نیا له ماوه‌ی 24 كاتژمێردا، سێ روداوی "خۆكوشتن" له پارێزگای كه‌ركوك تۆماركراون، كه دوانیان له‌ناوشار و یه‌كێكیان له ناحیه‌ی زاب بووه.
سه‌جاد جومعه، به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی كه‌ركوكی كۆمسیۆنی مافه‌كانی مرۆڤ به (كه‌ركوك ناو)ی وت "زانیاریمان پێگه‌یشتووه له 24 كاتژمێردا سێ گه‌نج خۆیان كوشتووه كه یه‌كێكیان له زاب و ئه‌وانیتر له شاری كه‌ركوك بون".
یه‌كێك له‌و روداوانه، هه‌ینی 7ی ئاب بووه له گه‌ڕه‌كی په‌نجاعه‌لی شاری كه‌ركوك.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی به (كه‌ركوك ناو)ی وت دره‌نگانی هه‌ینی هێزه ئه‌منییه‌كان ئاگاداركراونه‌ته‌وه له "خۆكوشتنی" گه‌نجێكی نیشته‌جێی گه‌ڕه‌كی په‌نجاعه‌لی به‌ناوی رێبوار كه‌ریم، كه ته‌مه‌نی 32 ساڵ بووه.
دووه‌م روداو؛ گه‌نجێكی ته‌مه‌ن 18 ساڵ بووه به‌ناوی عه‌لی عیرفان، "له‌ناو حه‌مامی خانوه‌كه‌ی خۆیاندا له گه‌ڕه‌كی ئیمام قاسم خۆی كوشتووه".
هه‌ر به‌وته‌ی ئه‌و سه‌رچاوه‌یه سێیه‌م حاڵه‌ت گه‌نجێكی 14 ساڵ بووه به‌ناوی ئیبراهیم جومعه؛ له گوندی حلێوه‌ی ناحیه‌ی زابی قه‌زای حه‌ویجه.
سه‌رچاوه‌كه ده‌ڵێت ئه‌و روداوانه ئاماژه‌یه‌كی مه‌ترسیدارن و ئه‌گه‌رێكه بۆ دوباره‌بونه‌وه‌ی ئه‌و رێژه‌ی "خۆكوشتنه‌ی" له ساڵی رابردودا تۆماركرا.
پارێزگای كه‌ركوك له ساڵی 2019دا، له ریزبه‌ندی یه‌كه‌می پارێزگاكانی تری عیراقدا بوو بۆ رێژه‌ی "خۆكوشتن" و 106 حاڵه‌ت تۆماركرابون.
به‌پێی ئامارێكی نوسینگه‌ی كه‌ركوكی كۆمسیۆنی باڵای مافه‌كانی مرۆڤ له عیراق، له مانگه‌كانی ئادار، نیسان و ئایاری 2020یشدا زیاتر له 20 روداوی "خۆكوشتن" هه‌بون.