له‌ مانگێكدا پێنج روداوی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌ كه‌مپه‌كاندا تۆماركراون

دهۆك، ئابی 2020، دابه‌شكردنی هاوكاری به‌سه‌ر زیانلێكه‌وتوانی روداوێكی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌ كه‌مپی كه‌به‌رتوو فۆتۆ: راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی كۆچ

عه‌مار عه‌زیز – دهۆك

ته‌نیا له‌ سنوری پارێزگای دهۆك، پێنج روداوی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌ كه‌مپی ئاواره‌كاندا تۆماركراون و چه‌ندین خێوه‌ت سوتاون، ئه‌وه‌ش ته‌نیا له‌ ماوه‌ی كه‌متر له‌ مانگێكدا.

له‌ دوایین روداودا كاتژمێر 8ی شه‌وی 10ی ئاب، ئاگر له‌ كه‌مپی كه‌به‌رتوو كه‌وته‌وه‌ و هه‌رزوو دوو خێوه‌ت سوتان، كه‌ زیانی زۆری ماددی لێكه‌وته‌وه‌.

باسل بەرەکات، فەرمانبەر لە ئیدارەی کەمپی کەبەرتوو بە (کەرکوک ناو)ی وت "ئاگره‌كه‌ به‌هۆی شۆرتی كاره‌بای مۆلیده‌وه‌ بوو، سوپاس بۆ خوا زیانی گیانی نه‌بوو، ته‌نیا زیانه‌كان ماددی بون".

به‌وته‌ی باسل له‌و دوو خێوه‌ته‌دا كه‌ سوتا، شه‌ش خێزانی ئاواره‌ی خه‌ڵكی شنگالی تێدا نیشته‌جێیه‌، ته‌واوی كه‌لوپه‌له‌كانیان بۆته‌ خۆڵه‌مێش بۆیه‌ ده‌ستبه‌جێ هاوكاری ناوماڵیان به‌سه‌ردا دابه‌شكراوه‌.

"ئێمه‌ زیانه‌كان هه‌موی تۆمارده‌كه‌ین و ده‌یده‌ینه‌ چه‌ند رێكخراوێك و فه‌رمانگه‌ی كۆچ تا قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌" فه‌رمانبه‌ره‌كه‌ی ئیداره‌ی كه‌مپ وای وت.

agr-1
دهۆك، 10ی ئابی 2020، دوو خێوه‌تی ئاواره‌كان له‌ كه‌مپی كه‌به‌رتوو سوتان فۆتۆ: تایبه‌ت به‌ كه‌ركوك ناو

له‌و روداوه‌دا به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (كه‌ركوك ناو)، یه‌كێك له‌و خێزانانه‌ی زیانی به‌ركه‌تووه‌ له‌ناو خێوه‌ته‌كه‌یدا سێ هه‌زار دۆلاری هه‌بووه‌ و به‌هۆی ئاگره‌كه‌وه‌ سوتاوه‌.

له‌ ماوه‌ی پێنج رۆژدا، ئه‌وه‌ دوه‌م روداوی ئاگركه‌وتنه‌وه‌یه‌ له‌ كه‌مپی كه‌به‌رتوو.

کاتژمێر 10ی سه‌رله‌به‌یانی 5ی ئابیش،  ئاگر له‌و که‌مپه‌ كه‌وته‌وه‌ و چوار خێوەت سوتان.

حه‌یده‌ر مچۆ خەلەف، كە خێوەتەكەی خۆیی و كوڕەكەی بە تەواوی سوتاون، ئه‌وكات به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "16 که‌س لەناو ئەو دوو خێوەتەدا دەژیاین، هەردوكیان بە تەواوی سوتان، تەواوی ماڵەكەمان سوتان، من نزیكەی 1000 دۆلار و كوڕەكەشم 800 دۆلاری فەوتا، هیچ كەلوپەلێكمان دەرباز نەبوو، ته‌نیا منداڵه‌کانمان رزگارکرد".

لە شەش هەزار خێوەتی كەمپی كەبەرتوو، كە ئاوارەكانی دەستی داعش لێی نیشتەجێن، تەنیا یەك ئۆتۆمبێلی ئاگركوژێنەوە هەیە.

وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراق، له‌رێی فه‌رمانگه‌ی دهۆكه‌وه‌ هاوكاری به‌سه‌ر خێزانه‌ زیانلێكه‌وتوه‌كانی یه‌كه‌م روداوی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ی كه‌مپی كه‌به‌رتوودا دابه‌شكردووه‌.

له‌ چه‌ند رۆژی رابردودا ئاگر له‌ كه‌مپی ئیسیانی قه‌زای شێخان كه‌وته‌وه‌ و كه‌لوپه‌لی خێوه‌تێك به‌ ته‌واوی سوتا.

خێرۆ سەعدۆ، خاوەنی ئەو خێوەتە بە (کەرکوک ناو)ی وت "ئه‌وه‌ دوه‌مجار بوو خێوه‌ته‌كه‌م بسوتێت، له‌ ته‌مموزیشدا جارێكیتر به‌هۆی شۆرتی كاره‌باوه‌ ئاگر كه‌وته‌وه‌".

ئه‌و هاوڵاتییه‌ له‌ هه‌ردوو روداوه‌كه‌دا ته‌واوی كه‌لوپه‌له‌كانی به‌ خێوه‌ته‌كه‌وه‌ سوتاوه‌ و داواكاره‌ رێكخراوه‌كان تا زووه‌ هاوكاری بكه‌ن به‌ تایبه‌ت له‌ دابینكردنی ئامێره‌ كاره‌باییه‌كانی وه‌ك موبه‌ریده‌ و سه‌لاجه‌.

لە 17ی تەمموزیش هەر بەهۆی شۆرتی كارەباوە، نۆ كەرەڤانەی ئاوارەكان لە كەمپی قادیا لە پارێزگای دهۆك سوتان و زیانی ماددی بەر دانیشتوانەكەی كەوت.

له‌ هه‌رێمی كوردستان، ده‌یان كه‌مپ هه‌ن و هێشتا زیاتر له‌ 787 هه‌زار ئاواره‌ له‌ شار و شارۆچكه‌كاندا نیشته‌جێن، به‌پێی ئاماره‌كانی ناوه‌ندی هاوبه‌شی قه‌یرانه‌كان سه‌ر به‌ حكومه‌تی هه‌رێم بۆ شوباتی 2020.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT