له بری هۆڵێكی پڕ له میوان، ته‌وقه‌یه‌كی گه‌رم و پێشكه‌شكردنی چه‌پكێك گوڵی سروشتی؛ عه‌دنان ئێستا كاره خۆشنوسییهكانی ده‌خاته دنیای بێ گیانی ئینته‌رنێته‌وه، له‌وێ چه‌ند كه‌سێكی كه‌م ده‌یانبینێت و دوای هه‌ڵسه‌نگاندێكی سه‌رپێیانه، به لایكێكی سارد و سڕه‌وه ده‌ستخۆشی لێده‌كه‌ن.
كۆرۆنا دنیا پڕ له هونه‌رییه‌كه‌ی عه‌دنان محه‌مه‌د كاكه‌یی ده‌گۆڕێت؛ پێشانگه و چالاكییه‌كانی نامێنێت، ناتوانێت وه‌ك جاران شاره و شار بڕوات و به‌هره‌كانی نیشانی خه‌ڵك بدات.
"به‌هۆی كۆرۆناوه، ناتوانین ئاماده‌ی هۆڵه‌كانی نمایشكردن بین، یه‌كتری نابینین، وێنه و كاره‌كانمان له پیشانگهكاندا بڵاوناكه‌ینه‌وه" عه‌دنان بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.
عه‌دنان كاكه‌یی (40 ساڵ)، خولیا و تاكه سه‌رچاوه‌ی بژێویی خێزانه‌كه‌ی یه‌ك شتە؛ خۆشنوسی.
ئه‌م بارودۆخه‌ی ئێستا به‌هۆی كۆرۆناوه كاریگه‌ری ده‌رونیشی له‌سه‌رم هه‌بووه
بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا، له ئاداری رابردووه‌وه به زیانی زۆر كه‌س كه‌وته‌وه، چه‌ندین پیشه و به‌هره‌ی له نێو كاكه‌ییه‌كانی داقوقدا په‌كخست، له نێویاندا هونه‌ره‌كه‌ی عه‌دنان.
ئه‌و یه‌كه‌مجاره ئه‌و ماوه زۆره له ماڵه‌وه بێت، كه‌م كاری هه‌یه پێشتر له پیشانگه‌كانی كه‌ركوك و پارێزگاكانی تری عیراق نمایش نه‌كرابێت، له‌و رێگەیه‌وه هه‌م خه‌ڵكی زیاتری ناسی و هه‌م فرۆشتنی تابلۆكانی یان كاری خۆشنوسی، بوو به سه‌رچاوه‌ی داهاتی ئەو هونەرمەندە.
له‌چوارچێوه‌ی رێكاره‌كانی روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی كۆرۆنادا، ته‌واوی چالاكییه هونه‌رییه‌كان راگیران، شوێنی قه‌ره‌باڵغ نه‌ما و قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆش راگه‌یه‌نرا، كه هێشتا له نێوان پارێزگاكاندا ئه‌و قه‌ده‌غه‌یه به‌رده‌وامه.
"زۆر بارودۆخێكی ناخۆشه، من ناچارم له‌رێگه‌ی ئینتەرنێتەوە کارهكانم رەوانەی لایەنی ڕێکخەری پیشانگه بكه‌م، پیشانگه‌ی چی، ته‌نیا له‌رێی ئینته‌رنێت و تۆڕه كۆمهڵایهتییهكانهوهیه نه‌ك له هۆڵێكدا و به ئاماده‌بونی خه‌ڵك".
عه‌دنان نیوه‌ی ته‌مه‌نی له‌و هونه‌ره‌دا بەسەربردووە، له سه‌ره‌تای ساڵی 2000ـه‌وه فێری خۆشنوسی بووه و هێشتا له راهێنان و فێربونی كاری نوێ بەردەوامە.
به‌شداری له چه‌ندین پیشانگه، فێستیڤاڵ و پێشبڕكێدا كردووه، بۆ نمایشی هونه‌ره‌كه‌ی چۆته توركیا، سوریا، ئیمارات و مه‌غرب، چه‌ندین خه‌ڵاتی به‌ده‌ستهێناوه له‌نێویاندا خه‌ڵاتی یه‌كه‌می خه‌لیل زه‌هاوی له 2009دا، خاوه‌نی بڕوانامه‌ی دكتۆرای فه‌خرییه له‌لایه‌ن ئه‌كادیمیای میسر بۆ راهێنان و گه‌شه‌پێدان.
"ئه‌م بارودۆخه‌ی ئێستا كاریگه‌ری ده‌رونی له‌سه‌رم هه‌بووه، له‌روی ماددیشه‌وه زۆر زیانم به‌ركه‌وت، چونكه بژێوییم په‌كیكه‌وت".
عه‌دنان دوكانی خۆشنوسی هه‌یه و به‌هۆی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆوه، چه‌ندین مانگ نهیتوانیووە دوكانه‌كه‌ی بكاته‌وه.
ئه‌وكاته‌ی له ماڵه‌وه بون، عه‌دنان له‌گه‌ڵ راهێنانه‌كانی خۆیدا، هاوكاری منداڵ و هاوسه‌ره‌كه‌یشی له په‌ره‌پێدانی خولیاكانیاندا كرد.
خێزانداره و باوكی كوڕ و كچێكه.
ماڵی ئێمه بۆته خوێندنگه‌ی هونه‌ری؛ عه‌دنان مامۆستا و ئێمه قوتابین
"سودی مانه‌وه له ماڵه‌وه بۆ راهێنان بوو، چونكه خۆشنوسی پێویستی به‌كاته بۆ راهێنان، ئه‌و ده‌رفه‌ته‌م قۆسته‌وه و تابلۆی خۆشنوسیشم كێشا" عه‌دنان كاكه‌یی وای وت.
عه‌دنان له ئێران گه‌وره بووه، كاتێك له راپه‌ڕینی 1991ی كه‌ركوك رویكردۆته ئه‌و وڵاته و چه‌ندین ساڵ له‌وێ ماوه‌ته‌وه، بۆیه زمانی فارسی به باشی ده‌زانێت و سودی له خۆشنوسی فارسیشی وه‌رگرتووه.
خۆشنوسی؛ له ماڵی عه‌دنان خه‌ریكه ده‌بێته هونه‌رێكی خێزانی، هاوسه‌ر و كوڕه‌كه‌ی حه‌زیان به‌هه‌مان بواری هونه‌رییه و كچه‌كه‌ی زیاتر مه‌یلی به‌لای وێنهكێشانهوهیه.
هوما غایب (39 ساڵ)، هاوسه‌ری عه‌دنان كاكه‌یی به (كه‌ركوك ناو)ی وت "له كه‌ره‌نتینه‌دا ده‌رفه‌ت بوو تا زیاتر هه‌وڵبده‌م ئاشنابم به هونه‌ری خۆشنوسی، له‌وه‌دا هاوسه‌ره‌كه‌م زۆر هاوكاریم ده‌كات".
"ماڵی ئێمه بۆته خوێندنگه‌ی هونه‌ری، عه‌دنان مامۆستا و ئێمه قوتابی، كوڕه‌كه‌م سه‌رقاڵی خۆشنوسییه و كچه‌كه‌م ده‌یه‌وێت ببێته نیگاركێش" هوما واده‌ڵێت.
ئه‌و خێزانه هونه‌رییه‌ی عه‌دنان كاكه‌یی، چاوه‌ڕێن به كۆتاییهاتنی سه‌رده‌می كۆرۆنا، بگه‌ڕێنه‌وه نێو هۆڵه‌كانی پیشانگه و له‌گه‌ڵ نمایشی بههرهكانیاندا؛ به یه‌ك دوو ده‌ستخۆشی گه‌رموگوڕی میوانەکانی ئه‌وه‌نده‌ی تر په‌ره به خولیای هونه‌ر بده‌ن.