جوتیارانی كوردی گونده‌كانی ناحیه‌ی له‌یلان، ئاماده‌نین زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كان بهجێبهێڵن و هاوڵاتیانی عه‌ره‌ب له شوێنه‌كانیاندا نیشتهجێبكرێن، داواكارن له سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی عیراق و هه‌رێمی كوردستان، چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی بۆ ئه‌و كێشه‌یه بدۆزنه‌وه.
له ناحیه‌ی له‌یلانی باشوری خۆرهه‌ڵاتی كه‌ركوك، ناكۆكی له‌سه‌ر خاوه‌ندارێتی سێ هه‌زار دۆنم زه‌وی كشتوكاڵی هه‌یه، له نێوان جوتیارانی كورد، عه‌ره‌ب و توركمان.
"ته‌نیا له‌مساڵدا زیاتر له چوارجار عه‌ره‌بی هاورده هاتونه‌ته ناوچه‌كه و هه‌ڕه‌شه‌ی چۆڵكردنی زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كانیان لێكردوین، به‌ڵام ئێمه ئاماده‌نین خاكی باوباپیرانمان چۆڵبكه‌ین، به تایبه‌ت بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی خه‌ڵكی پارێزگاكانی دیكه‌ن و حكومه‌تی به‌عس له ساڵانی حوكمڕانیدا ره‌وانه‌ی ناوچه‌كه‌ی كردون" ئازاد عه‌بدوڵا (63 ساڵ) وای وت.
ئازاد خه‌ڵكی گوندی ته‌رجلی له‌یلانه، له ساڵی 1975دا به‌بڕیاری حكومه‌تی ئه‌وكاتی عیراقی له ناوچه‌كه‌ی خۆی راگواستراوه و زه‌وییه‌كانی به هاوڵاتیانی عه‌ره‌ب دراوه، به‌ڵام دوای روخانی رژێمی به‌عس و له 2003 به دواوه زه‌وییه‌كانی وه‌رگرتۆته‌وه.
تاپۆی رەشی عوسمانلی ئه‌و زه‌وییانه بەناوی باوباپیرانمانەوەیە
ئه‌و بۆ (كه‌ركوك ناو) رونیكرده‌وه چه‌ند ساڵێكه هه‌ڕه‌شه‌ی چۆڵكردنی زه‌وییه‌كانیان له‌سه‌ره، به پاڵپشتی به‌شێك له هێزه ئه‌منییه‌كان و حكومه‌ت، "له‌كاتێكدا تاپۆی رەشی عوسمانلی ئه‌و زه‌وییانه بەناوی باوباپیرانمانەوەیە و بێگانە دەیەوێت لێمانی داگیربكات".
به‌پێی بڕیاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی باڵای شۆڕش و لیژنه‌ی كاروباری باكوری سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی حزبی به‌عس، كه سه‌دام حسێن سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرد، زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كانی كورد له كۆتایی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو به‌شێوه‌ی گرێبه‌ست به‌سه‌ر عه‌ره‌بی ناوه‌ڕاست و خواروی عیراقدا دابه‌شكران، ئه‌وه‌ش له‌چوارچێوه‌ی پرۆسه‌ی ته‌عریب و راگواستنی خێزانه كورده‌كان، به‌ڵام له‌گه‌ڵ روخانی رژێمی به‌عس له ساڵی 2003، كورد بۆ ته‌واوی زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كانی گەڕایەوە.
نادر ئه‌سعه‌د (67 ساڵ)، جوتیارێكی گوندی تهركهشكانه له له‌یلان، به (كه‌ركوك ناو)ی وت "بەشەو ڕۆژ هاوڵاتیانی عه‌ره‌بی هاورده دێنه ناوچه‌كه‌مان، هه‌ندێكجار هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنیش ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر زه‌وییه‌كانمان چۆڵنهكهین، ئه‌وان گرێبه‌ستیان پێیه له‌كاتێكدا زه‌وییه‌كان به تاپۆ موڵكی ئێمه‌ن".
"ئه‌گه‌ر رێگه‌یان بده‌ین زه‌وییه‌كانمان بكڵێن ئه‌وا ئیتر بۆ هه‌تاهه‌تایه موڵكه‌كانمان له كیس ده‌چێت" نادر واده‌ڵێت.
زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كان له له‌یلان، داقوق و چه‌ندین ناوچه‌ی تری كه‌ركوك، پێشتریش بۆ چه‌ندجارێك بونه‌ته جێی بارگرژیی و مشتومڕی هاوڵاتیانی نه‌ته‌وه جیاوازه‌كان.
ئیسماعیل فەتحوڵا، جوتیارێكی دیكه‌ی ناحیه‌ی له‌یلانه و روی گله‌یی له سه‌ركردایه‌تی كورده، كه به‌رگرییان لێناكه‌ن و هه‌وڵی چاره‌سه‌ری كێشه‌كه‌یان ناده‌ن، "به‌ڵام ئاماده‌ن شەڕ لەسەر دانانی وەزیرێك بكەن له به‌غدا".
كێشەی بەشێك لە زەوییە كشتوكاڵییەكانی كەركوك لە نێوان جوتیارانی عەرەب، كورد و توركمان چوار دەیەیە بە هەڵواسراوی ماوەتەوە و پەرلەمان و حكومەتیش لەئاستیدا دەستەوەستانن.
جه‌مال شكور، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عیراق له پشكی كه‌ركوك ره‌وانه‌كردنی هاوڵاتیانی عه‌ره‌ب بۆ زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كانی له‌یلان به "نایاسایی و ناده‌ستوری" ناوده‌بات.
هه‌روه‌ها ناوبراو به (كه‌ركوك ناو)ی وت چاره‌سه‌ری كێشه‌ی زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كان په‌یوه‌سته به بڕیاره‌كانی لیژنه‌ی مادده‌ی 140ی ده‌ستور و زیاد له جارێكیش لیژنه‌ی بۆ پێكهێنراوه، به به‌شداری نوێنه‌ری هه‌موو پێكهاته نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كه‌ركوك، به‌ڵام هێشتا كێشه‌كه به هه‌ڵپه‌سێراوی ماوه‌ته‌وه.
حكومه‌ت به بیانوی جیاواز كه‌مته‌رخه‌مه له چاره‌سه‌ری كێشه‌ی زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كاندا
"راسپارده‌ی زۆرمان ده‌رباره‌ی دۆسیه‌كه داوه‌ته حكومه‌ت به‌ڵام به بیانوی جیاواز حكومه‌ت له چاره‌سه‌ری كێشه‌كه‌دا كه‌مته‌رخه‌می ده‌كات" به‌وته‌ی جه‌مال شكور.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره به پێویستیزانی دۆسیه‌ی زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كان له ته‌وه‌ره‌كانی گفتوگۆی شاندی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عیراقدابێت، به كرداری هه‌نگاو بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان بنرێن، "ده‌بێت سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق لێپرسینه‌وه له ئیداره‌ی ئێستای كه‌ركوك بكات چونكه هه‌ندێك رێكاری گرتۆته‌به‌ر له ده‌سه‌ڵاتیاندا نییه".
چاره‌سه‌ری كێشه‌ی خاوه‌ندارێتی زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كان، له چوارچێوه‌ی قۆناغی یه‌كه‌می مادده‌ی 140ی ده‌ستوری عیراقیدایه، كه بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی چاره‌نوسی ئیداره‌دانی كه‌ركوك و چه‌ندین ناوچه‌ی تر له نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی عیراق و هه‌رێمی كوردستاندا دانراوه، له‌رێی ئاساییكردنه‌وه، سه‌رژمێری و دواتر راپرسی.