غه‌ریبا؛ منداڵێکی‌ ئاواره لە سەرۆکایەتی وەزیران

به‌غدا، 3ی ئابی 2020، مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق له‌كاتی پرسیاركردن له‌ غه‌ریبا خێرۆ له‌ كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیران فۆتۆ: راگه‌یاندنی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران

عه‌مار عه‌زیز – نه‌ینه‌وا

غه‌ریبا دوو مانگ دوای هێرشه‌كانی داعش هاتۆته‌ دنیا؛ به‌ڵام بێ باوكی، سۆراغی خوشك و برایه‌كی له‌گه‌ڵ دایكیدا په‌لكێشی به‌غدای ده‌كات.

دوای بڕینی رێگایه‌كی دوور، غه‌ریبا و دایكی له‌ دهۆكه‌وه‌ به‌ ئۆتۆمبێل ده‌گه‌نه‌ سەرۆکایەتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق، ده‌ست له‌ناوده‌ستی یه‌كتریدا، له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی دیكه‌دا ده‌چنه‌ ژوری پێشێوازی له‌ میوانان؛ له‌وكاته‌دا چاوی مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیران ده‌چێته‌ سه‌ر غه‌ریبا.

كازمی واز له‌ پێشوازی میوانانی تر ده‌هێنێت و غه‌ریبا بانگ ده‌كات، دوای باوه‌ش پێداکردن و گفتوگۆیه‌كی كورت، پێشنیازی بۆ ده‌كات له‌ جێگەكه‌ی خۆی؛ له‌سه‌ر كورسی سه‌رۆك وه‌زیران دابنیشێت.

به‌ درێژایی ماوه‌ی ئه‌و دیداره‌، كه‌ نزیكه‌ی نیو كاتژمێر ده‌خایه‌نێت، غه‌ریبا له‌ به‌شی سه‌ره‌وه‌ی ژوره‌كه‌دا، شوێنی سه‌رۆك وه‌زیران ده‌گرێت و مسته‌فا كازمی، له‌ ده‌سته‌چه‌پی به‌رده‌وامی به‌ گفتوگۆكان ده‌دات.

ئه‌وكاته‌ی له‌ژێر ده‌ستی داعشدا بوین، ناوی كچه‌كه‌مان نا غه‌ریبا، چونكه‌ به‌ راستی زۆر غه‌ریب بوین

سه‌ردانه‌كه‌ی غه‌ریبا و دایكی، 3ی ئابی 2020 بوو، له‌گه‌ڵ شاندێكی تری ئاواره‌ و هاوڵاتیانی ئێزیدیدا، كه‌ هاوكات بوو له‌گه‌ڵ شه‌شه‌مین ساڵیادی هێرشه‌كانی داعش بۆ قه‌زای شنگال.

"ئه‌وكاته‌ی كچه‌كه‌م له‌سه‌ر كورسی سه‌رۆك وه‌زیران دانیشت، زۆر دڵخۆش بوم، به‌ڵام زۆر بیرم لای باوكی بوو، جه‌رگم ده‌سوتا و ده‌موت خوایه‌ سه‌رۆك وه‌زیران كارێكی وابكات به‌ زویی هاوسه‌ر و منداڵه‌كانم ببینمه‌وه‌" دایكی غه‌ریبا بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.

له‌یلا شه‌مۆ، جگه‌ له‌ غه‌ریبا، دوو كچ و دوو كوڕی دیكه‌ی هه‌یه‌، به‌ڵام شه‌ش ساڵ له‌مه‌وبه‌ر هاوسه‌ره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ كچ و كوڕێكیدا رفێنران له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ و له‌وكاته‌وه‌ بێسه‌روشوێنن.

ئه‌و خێزانه‌ خه‌ڵكی گوندی تل به‌ناتی قه‌زای شنگالن.

غه‌ریبا خێرۆ بچوكترین منداڵی خێزانه‌كه‌یه‌؛ دوو مانگ دوای هێرشه‌كانی داعش و له‌ تشرینی یه‌كه‌می 2014دا له‌ دایكبووه‌.

xaribaa
دهۆك، ئابی 2020، غه‌ریبا له‌ده‌ستی راستی دایكی و خوشكه‌كه‌یدا دانیشتووه‌ فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

"له‌ 8ی ئابدا كه‌وتینه‌ ده‌ست داعش، ئه‌وكات به‌ غه‌ریبا دوگیان بوم، گواستراینه‌وه‌ بۆ ته‌له‌عفه‌ر و له‌وێ منداڵه‌كه‌م له‌ دایكبوو کە هێشتا له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌مدا پێكه‌وه‌بوین".

دوای له‌ دایكبونی منداڵه‌كه‌؛ له‌یلا به‌ خێرۆ ده‌ڵێت "دڵخۆشبه‌ كچێكی ترمان بوو"، خێرۆ كه‌ ئه‌وكات له‌ژێر ده‌ستی داعشدا دیل بوو، له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێت "خۆزگه‌ ده‌مانزانی چاره‌نوسی منداڵه‌كان و خۆشمان چی به‌سه‌ردێت".

هه‌ر ئه‌و رۆژه‌؛ له‌یلا و خێرۆ ناوی كچه‌كه‌یان ده‌نێن؛ "من ناوم لێنا غه‌ریبا؛ چونكه‌ زۆر غه‌ریب بوین، ناوه‌كه‌م به‌ دڵ نه‌بوو به‌ڵام ره‌نگدانه‌وه‌ی بارودۆخی ئه‌وكاتمان بوو" دایكی غه‌ریبا وای وت.

له‌ نیسانی 2015دا، ئه‌ندامانی خێزانه‌كه لێكدابڕان، له‌یلا له‌گه‌ڵ غه‌ریبا و كچێكی تری ره‌وانه‌ی ره‌ققه‌ كران.

غه‌ریبا ده‌یویست به‌ سه‌رۆك وه‌زیران بڵێت با باوكی بگه‌ڕێته‌وه‌ تا ماچی بكات

"دوو مانگ زیندانی بوین، داعش ویستی كچه‌كه‌ی دیكه‌م ببه‌ن به‌ڵام رێگه‌م نه‌دا، به‌ مه‌رجی ئه‌وه‌ی فێری قورئانی بكه‌م وازیانلێهێنا".

له‌یلا له‌گه‌ڵ غه‌ریبا و كچه‌كه‌ی، له‌ ئه‌یلولی 2015دا رزگاركران، دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ریش كوڕێكی له دەستی‌ داعش رزگاری بوو، له‌وكاته‌وه‌ هه‌رچواریان له‌ نزیك كه‌مپی خانكێی دهۆك ده‌ژین.

باوكی غه‌ریبا و دوو منداڵی؛ كچێكی 10 ساڵ و كوڕێكی 11 ساڵ چاره‌نوسیان نادیاره‌.

داعش، لە 3ی ئابی 2014دا، هێرشیكردە سەر قەزای شنگال – زێدی مێژویی ئێزیدییەكان لە خۆرئاوای موسڵ- و خەڵكەكەی روبەڕوی كوشتنی بە كۆمەڵ، رفاندن و ئاوارەبون كردەوە؛ شەش هەزار و 417 ئێزیدی رفاند لە نێویاندا ژن و منداڵ، كه‌ نزیك به‌ نیوه‌یان هێشتا بێسه‌روشوێنن.

"سه‌ردانه‌كه‌ی ئێمه‌ بۆ به‌غدا، به‌ ئامانجی هه‌وڵدانی جددی بوو بۆ دۆزینه‌وه‌ی كه‌سوكارمان، من عه‌ره‌بی تێناگه‌م، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ ده‌زانم سه‌رۆك وه‌زیران به‌ڵێنیدا به‌ جددی سۆراغی كه‌سوكارمان بكات" به‌وته‌ی له‌یلا شه‌مۆ.

مسته‌فا كازمی، داوا له‌ غه‌ریبا ده‌كات له‌سه‌ر كورسی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق دابنیشێت

به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیران، مسته‌فا كازمی به‌ڵێنیداوه‌ هه‌وڵی گه‌ڕان و دۆزینه‌وه‌ی رفێنراوانی ئێزیدی بكاته‌ دۆسیه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی و كاری جددی بۆ بكه‌ن.

سه‌رۆك وه‌زیران، له‌كاتی پێشوازیكردنیدا؛ پرسیاری ناوی غه‌ریبا ده‌كات، ئه‌و له‌ زمانی عه‌ره‌بی تێناگات و به‌ یارمه‌تی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ ژوره‌كه‌دان، به‌ كوردی ده‌ڵێت ناوی خۆی پێده‌ڵێت.

غه‌ریبا له‌وێ هیچی تر ناڵێت، به‌ڵام ده‌رده‌دڵی لای دایكی ده‌كات؛ "وتی به‌ سه‌رۆك وه‌زیران ده‌ڵێم بیری باوكم ده‌كه‌م و ده‌مه‌وێت بێته‌وه‌ تا ماچی بكه‌م" دایكی غه‌ریبا وای وت.

له‌یلا و سێ منداڵه‌كه‌ی، له‌ دوری هاوسه‌ر و دوو منداڵی دیكه‌یدا جگه ‌له‌وه‌ی به‌ بارودۆخێكی ده‌رونی سه‌ختدا تێده‌په‌ڕن، دابینكردنی بژێویشیان خه‌مێكی تره‌، چونكه‌ پیشەکەی دورینی جلوبه‌رگه‌ له‌م بێبازاڕییه‌ی سه‌رده‌می كۆرۆنادا.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT