گەرمیان: نەوت سەرچاوەی بژێوی بەشێک لە گوندەکانی گۆڕی

ژمارەیەك جوتیار و كارمەندی بەرگری شارستانی لەكاتی هەوڵدان بۆ كوژاندنەوەی ئاگری بەروبومە دانەوێڵەییەكان فۆتۆ: كەركوك ناو

دژوار رێبوار

دۆزینەوەی نەوت لە سنوری گەرمیان، سەرچاوەی  بژێوی دانیشتوانی هەندێک لە گوندەکانی بەتەواوەتی گۆڕی و زۆرێک لە دانیشتوانی ئەو گوندانەی کرد بە موچەخۆری کۆمپانیا نەوتییەکان، لەکاتێکدا پێشتر دانیشتوانی ئەو ناوچانە بۆ پەیداکردنی بژێوی، پشتیان بە ئاژەڵداریی و کشتوکاڵ و فرۆشتنی بەروبومە شیرەمەنییەکان دەبەست.

بۆ یەكەمجار لە ساڵی 2008  دەستکرا بە هەڵکەندن و لێدانی بیرە نەوت لە ناوچەی گەرمیان، لەوکاتەوە تا ئێستا لە گوندەکانی سنوری ناحیەی سەرقەڵای سەر بە قەزای کفری، سێ بیری نەوت لێدراوە و رۆژانە نەوتیان لێ دەردەهێنرێت، بیری چوارەمیش کاری تێدا دەکرێت، بەڵام بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، بەشێوەی کاتی کار کردنی تێدا ڕاوەستاوە.

دۆزینەوەی نەوت لە گوندەکانی گەرمیان، وایکرد بەشێکی زۆر لە دانیشتوانی ئەو گوندانەی نەوتیان تێدا دۆزراوەتەوە، دەست لە ئاژەڵداریی و کشتوکاڵ هەڵبگرن و وەکو کارمەند لە کۆمپانیا نەوتییەکاندا کاربکەن، ئەمەش بەهۆی دۆزینەوەی نەوت لە نێو زەویەکانیان و ڕازی نەبوونیان بە بێبەش کردنیان لە داهاتی نەوتی سنورەکەیان.

سۆران گەرمیانی ئەنجومەنی گوندی حەسیرەی سەر بە ناحیەی سەرقەڵا، کە گوندەکەی یەکەم گوندبوو، بیرە نەوتی تێدا هەڵکەنرا، بە (کەرکوک ناو)ی وت "پێشئەوەی نەوت لە گوندەکەمان بدۆزرێتەوە، زۆربەی دانیشتوانەكەی بە جوتیاریی و ئاژەڵدارییەوە سەرقاڵبون، ئێستا هەر ماڵێک کەسێکی کارمەندە لە کۆمپانیا نەوتییەکەدا، خەڵک زۆر بەکەمی ئاژەڵداریی و کشتوکاڵ دەكات".

هەر ماڵێک کەسێکی کارمەندە لە کۆمپانیا نەوتییەکەدا، خەڵک زۆر بەکەمی ئاژەڵداریی و کشتوکاڵ دەكات

گوندی حەسیرەی سەر بە ناحیەی سەرقەڵا، ئێستا 73 ماڵی تێدایە، هەر ماڵێک کەسێکی لە کۆمپانیا نەوتیەکاندا کارمەندە، یاخود ئۆتۆمبێلیان لەلایەن ئەو کۆمپانیانەوە بە مانگانە كاریپێدەكرێت، جگە لە هەندێک خێزانی گوندەکە نەبێت، کە گەنجیان نەبووە بۆیان دابمەزرێنرێت.

Nawt-6
كەركوك/ گڕی بیرە نەوتی باباگوڕگوڕ فۆتۆ: رێبوار دژوار

سۆران گەرمیانی، وتی "جاران هەموو ماڵەکان مەڕیان بەخێو دەکرد، بەڵام ئێستا هەر ماڵە و چەند سەر مەڕێکی بۆ دۆ و ماستەکەی خۆی هەیە، ئەگینا بژێویان لەسەر کۆمپانیای نەوتە و لەوێ کاردەکەن".

بەپێی گرێبەستێکی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمدا، کۆمپانیای گازپرۆم ی ڕوسی کار لە بیرە نەوتییەکانی گەرمیاندا دەکات، ئەو کۆمپانیایە جگە لە دامەزراندنی گوندنیشینەکان، ناوبەناو لەسەر داوای ئیدارەی سەرقەڵا، پێداویستی وەرزشیی و تەندروستی بۆ هەندێک لە گوندەکانی سنورەکە دابین دەکات.

ئەو چوار بیرە نەوتیەی کۆمپانیای گازپرۆم لە سنوری گەرمیان کاریان تێدا دەکات، دەکەونە گوندەکانی حەسیرە، ملەسورە، کەواچەرموو و کارێزەوە.

رامیار عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ناحیەی سەرقەڵا، رونیکردەوە كە دۆزینەوەی نەوت لە ناوچەی گەرمیان، زیانێکی گەورەی لە هەندێک گوند بەکەرتی ئاژەڵداریی و کشتوکاڵی گەیاند، چونکە جوتیار و مەڕدارێکی زۆر وەکو کارمەند دامەزرێنران و دەستیان لە کارەکانیان هەڵگرت.

دۆزینەوەی نەوت زیانێکی گەورەی بە کەرتی ئاژەڵداریی و کشتوکاڵی گەیاند

"دەبوایە گوندنیشینەکان بۆ کشتوکاڵیی و ئاژەڵداری هانبدرانایە، نەک بکرێنە کارمەند و لە پیشەکانیان دوربخرێنەوە".

کۆمپانیای گازپرۆم، بەردەوام کاری دەرهێنانی نەوت لەبیرە نەوتییەکانی گەرمیان دەکات، چاوەڕوان دەکرێت لە چەند ساڵی داهاتودا، بەرهەم هێنانی نەوت لەگەرمیان بگەیەنێتە ئاستێکی بەرز، بەتایبەت و بەپێی وتەی شارەزایان، نەوتی گەرمیان لەڕوی کواڵێتییەوە لە باشترین جۆرەکانی نەوتە.

ئەو نەوتەی کۆمپانیای گاز پرۆم رۆژانە لەبیرە نەوتییەکانی گەرمیان بەرهەمی دەهێنێت، بە تانکەر رەوانەی سلێمانی دەکرێت، بەو پێیەی هێشتا بیرە نەوتییەکانی گەرمیان لە ڕێگەی بۆری نەوتییەوە، نەبەستراونەتەوە بە ئەو بۆرییە سەرەکییانەی هەرێمەوە، کە نەوتیان لێوە هەناردەی دەرەوە دەکرێت.

رامیار عەبدولڕەحمان وتی "رۆژانە گاز پرۆم، 29 هەزار بەرمیل نەوت لەو سێ بیرە نەوتییە دەردەهێنێت، کە دەکەوێتە سنوری ناحییەکەی ئێمەوە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT