كەمپینی نوێی وادی: لە هاوڵاتییەوە بۆ هاوڵاتی

گەرمیان/ ئابی 2020/ تیمی رێكخراوی وادی لەكاتی هەڵواسینی پۆستەر بۆ خۆپارێزیی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا فۆتۆ: وادی

كەركوك ناو

رێكخراوی وادی ئەڵمانی كەمپینێكی نوێی "لە هاوڵاتییەوە بۆ هاوڵاتی" راگەیاند، كە ئامانج لێی هاندان و هۆشیاركردنەوەی تاكەكانە بۆ چۆنیەتی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەوەش لەڕێی بڵاوكردنەوەی پۆستەر، كەمپینی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، دابەشكردنی ماسك و تاقیم و رێگای تری جۆراوجۆر.

دەستپێكردنی ئەو كەمپینە لەژێر هاشتاگی #بەرپرسیاربە، هاوكاتە لەگەڵ تەشەنەسەندنی بڵاوبونەوەی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان و هەستكردن بە كەمی پابەندبونی هاوڵاتیان بە رێنماییە خۆپارێزییەكان.

وادی لە راگەیەنراوێكیدا لەبارەی كەمپینەكەوە دەڵێت "هەموو کەس بەرپرسیارە لە بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسەکە، ئایا زیان بە یەک بگەیەنین یان هاوکاری یەکتربکەین؟ چارەنوسمان بەندە بە خۆمان و خەڵکەوە، نەک بە دەسەڵات و هێزی دەرەکی کە ناتوانین پشتیان پێببەستین".

چارەنوسمان بەندە بە خۆمان و خەڵکەوە

"دوای حەوت مانگ لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، خەڵکێکی زۆر رێنماییە خۆپارێزییەكان بەهەندوەرناگرن، بەتایبەت دوركەوتنەوی كۆمەڵایەتی"، وادی باوەڕیوایە کە دوركەوتنەوەی کۆمەڵایەتی رێگایەكی سەرەكییە بۆ کەمکردنەوەی توانای تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە بۆ کەمترین ئاست.

corona-10
گەرمیان/ ئابی 2020/ ژمارەیەك هاوڵاتی دوای وەرگرتنی ماسك لە تیمی رێكخراوی وادی فۆتۆ: وادی

لە ئێستادا كەمپینەكە لە پارێزگای هەڵەبجە، هەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین دەستیپێكردووە و بڕیارە هەڵمەتەكە بۆ ناوچەكانی تر فراوان بكەن، وەك تیمی وادی بە (كەركوك ناو)یان وت.

کەمپینەکە داوا لە هەموان دەکات بە رۆڵی خۆیان هەستن لە روبەڕوبونەوەی پەتاکە. "هەمومان دەبێت لەوە تیبگەین کە رۆڵی ئێمە کەم نییە، هەرچەندە بەکارهێنانی ماسک و دوركەوتنەوەی کۆمەڵایەتی كەم بایەخ دیارە".

لە پاڵ دوركەوتنەوەی كۆمەڵایەتی، كە هەرچەندە ئاسان نییە، ئەوەش بەهۆی پتەوی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان لە عیراق و هەرێمی كوردستان، بەڵام وادی پێیوایە كاتی ئەوە هاتووە كە هەموان بەرپرسیارانە مامەڵە بكەن لە ماڵەوە و دەرەوەش.

zhn.posterr
گەرمیان/ ئابی 2020/ تیمی رێكخراوی وادی لەكاتی هەڵواسینی پۆستەر بۆ خۆپارێزیی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا فۆتۆ: وادی

رێكخراوی وادی ئەڵمانی لەم كەمپینەیدا، پۆستەر و بڵاوكراوەی هۆشیاری لە بازاڕ و شوێنە گشتییەكان دابەش و بڵاودەكاتەوە، لەگەڵ بەڕێوەبردنی كەمپینێكی هۆشیاریی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و دابەشكدرنی ماسك و تاقیم و زانیاریی خۆپارێزی لەڕێی سیمناری بچوكەوە.

وادی لەكۆتایی راگەیەنراوەكەدا جەختدەكاتەوە لەوەی "تەنیا شت کە لەئێستادا دەتوانین بیکەین بەرپرسیاربون و رۆڵ بینینە لە بەرەنگاربونەوەی پەتاکە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT