له ماڵی په‌یماندا، هیچ پەیمانێکی دڵنیا نییە بۆ ژیان. رۆژێکی تاڵ، له‌سه‌ر سفره‌یه‌كی خاڵی، به چایه‌كی شیرینەوە ده‌ستپێده‌كه‌ن. تا نیوه‌ڕۆ، منداڵه‌كانی ده‌ست له‌سه‌ر سك چاو ده‌بڕنه ده‌رگای حه‌وشه، تا به قاپێك خواردنی ماڵه دراوسێ ژمێكی تر بەڕێبکەن.
په‌یمان له‌گه‌ڵ هاوسه‌ر و چوار كچه‌كه‌یدا، به ده‌وری پنهیهكدا داده‌نیشن، به قاپێك ماست و یه‌ك دوو پارچه نانی كۆن، ژه‌می به‌یانی به‌ڕێده‌كه‌ن.
یه‌كێك له منداڵه‌كانی زیاتر له‌وانیتر برسییه‌تی، به‌شه نانه‌كه‌ی خۆی ده‌كاته قاپێكه‌وه و شه‌كری پێوه‌ده‌كات، به‌وه‌ش زیاتر هه‌ستی برسێتی كه‌مده‌بێته‌وه.
"هه‌ر ئه‌م ژه‌مه خواردنه له ماڵهكهماندایه، بۆ نیوه‌ڕۆ و ئێواره چاوه‌ڕێی خێرخوازانین،" په‌یمان نه‌جات (43 ساڵ) وای وت.
ھەر رۆژێکم مردنێكە، كه منداڵەکانم دەبینم چاویان لەدەرگایە تا خێرمان پێبکرێت
دوای ئه‌و ژه‌مه، فایه‌ق ستار-ی هاوسه‌ری په‌یمان، به ئومێدی ده‌ستكه‌وتنی رۆژێکی تری كرێكاری، روده‌كاته مه‌یدانێكی ناو بازاڕی داقوق، به‌ڵكو لانیكه‌م بژێوی چه‌ند رۆژێكی خێزانه‌كه‌ی دابینبكات.
فایه‌ق پێشتر كرێكاری كارگه‌یه‌كی دروستكردنی نایلۆن بووە له كه‌ركوك؛ به‌هۆی كۆرۆناوه كارگه‌كه داخرا و ئه‌ویش بێكار مایه‌وه.
ئێستا له هه‌فته‌یه‌كدا، فایه‌ق یه‌ك دوو رۆژ كرێكاری ده‌ستده‌كه‌وێت، به رۆژانه‌ی 10 بۆ 15 هه‌زار دینار، وا چه‌ند مانگێكه له‌و بارودۆخه‌دایه و به گوزه‌رانێكی سه‌ختدا تێده‌په‌ڕێت.
"ھەر رۆژێکم مردنێكە، كه منداڵەکانم دەبینم چاویان لەدەرگایە تا خزم یان دراوسێ خێرمان پێ‌بکات" فایه‌ق ستار (43 ساڵ) وای وت.
فایه‌ق له كاكه‌ییه‌كانی داقوقه، تا ئاماده‌كردنی ئه‌م راپۆرته خێزانه‌كه‌ی له خانویه‌كی بێ خزمه‌تی كرێدابون به مانگانه‌ی 200 هه‌زار دینار له گه‌ڕه‌كی ئیمام جابر له قه‌زای داقوق، به‌رله‌وه‌ی خاوه‌نی خانوه‌كه‌یان ده‌ریانبكات.
له‌كاتی هێرشه‌كانی داعشدا، له 2014دا، به‌هۆی مه‌ترسی ئه‌منییه‌وه فایه‌ق ماڵی بۆ كه‌ركوك گواسته‌وه و كاتێكیش كۆرۆنا بڵاوبۆوه، كارگه‌ی نایلۆنه‌كه داخرا و كاری نه‌ما، بۆیە جارێكی‌تر گه‌ڕایه‌وه بۆ داقوق.
"له كه‌ركوك نه‌متوانی كرێی خانوو بده‌م، ناچار سه‌لاجه‌م فرۆشت، به‌ڵام پاره‌ی ته‌واوی بۆ كرێ دابین نه‌كرد و له خانووه‌كه ده‌ركرام".
فایه‌ق چوار كچی هه‌یه، یه‌كێكیان هه‌ردوو قاچی خوار ده‌بن و سه‌رباری چاره‌سه‌ری به‌رده‌وام، پێویستی به نه‌شته‌رگه‌ری رێككردنه‌وه هه‌یه و ناتوانێت رێبکات.
هاوسه‌ر و یه‌كێكی تر له منداڵه‌كانی توشی ڤایرۆسی جگه‌ر بون كه ئەویش پێویستی بە ده‌رمان هه‌یه.
ئیشوكارم نه‌ماوه به‌هۆی كۆرۆناوه له‌كاتێكدا منداڵه‌كانم پێویستیان به چاره‌سه‌ر هه‌یه
"ئیشوكارم نه‌ماوه، به‌هۆی مه‌ترسی كۆرۆنا و قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆوه، له‌كاتێكدا منداڵه‌كانم پێویستیان به چاره‌سه‌ر هه‌یه و ناوبه‌ناویش خاوه‌نی خانوو بۆ داواكردنی كرێ فشارم ده‌خاته‌سه‌ر، ماڵم وێران بووه و خه‌ریكه ده‌ربه‌ده‌ر ده‌بم" فایه‌ق واده‌ڵێت.
وه‌ك لێی ده‌ترسان، خێزانه‌كه‌ی فایه‌ق ده‌ربه‌ده‌ر بون، خاوه‌نی خانوه‌كه‌ی داقوق به‌هۆی پێنه‌دانی كرێی مانگانه‌وه ده‌ریكردن و ئێستا له خانویه‌كی ته‌واونه‌كراوی قه‌زاكه‌دا نیشته‌جێن.
كچه گه‌وره‌كه‌ی فایه‌ق ته‌مه‌نی 15 ساڵه، ئه‌و كچه‌ی قاچه‌كانی پێویستیان به نه‌شته‌رگه‌رییه ناوی فاتمه‌یه و ته‌مه‌نی 9 ساڵه، ئه‌وانیتر سارای شه‌ش ساڵ و زه‌ینه‌بی چوار ساڵن.
ماڵەکەیان كه‌مترین پێداویستی خێزانێكی شه‌ش كه‌سی تێدایە؛ ته‌له‌فزیۆنێكی بچوك له سوچێكی ژوری میوانه‌كه‌دا دانراوه، له‌گه‌ڵ چه‌ند راخهرێكی ته‌نك؛ مه‌تبه‌خێكی چۆڵ، ته‌نیا سه‌لاجه‌یه‌كی بچوكی تێدایه كه به ئه‌مانه‌ت له دراوسێیهكهوه پێیاندراوه و له نوستنهكهشدا ته‌نیا كهنتۆرێكی بچوكی جلوبه‌رگی تێدایه.
"به‌خوا سه‌لاجه، موجه‌میده و غه‌ساله‌ی جلوبه‌رگم هه‌ر بۆ كرێی خانوو فرۆشت" په‌یمان وای وت، كاتێك به گریانه‌وه ناو ماڵه‌كه‌ی پیشانی په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو) دەدا.
نه‌شته‌رگه‌ری كچه‌كه‌ی په‌یمان پێویستی به نزیكه‌ی چوار ملیۆن دینار هه‌یه، جگه له پاره‌ی كڕینی ده‌رمان بۆ چاره‌سه‌ری ڤایرۆسی جگه‌ر كه خۆی و كچێكی تری به‌ده‌ستیه‌وه گیرۆده‌ن.
"وه‌ڵا شهرمهكهم له خۆم، به‌س چیبكه‌م ئه‌مه وهزعهكهمه، رۆژانه كه مێرده‌كه‌م ده‌چێته كرێكاری له خوا دهپاڕمهوه ئیشی ده‌ستبكه‌وێت له‌به‌ر خاتری منداڵه‌كان".
"ئاخر زۆر ناخۆشه نانی به‌یانی بخۆیت و بیرت لای خێرخواز بێت بۆ نانی نیوه‌ڕۆ و ئێواره" په‌یمان وای وت.