ژنێك له‌به‌رده‌م باڵه‌خانه‌ی پارێزگای نه‌ینه‌وا خۆی ده‌سوتێنێت

نه‌ینه‌وا، 2019، پردی عه‌تیق (كۆن) له‌ ناوه‌ڕاستی شاری موسڵ له‌سه‌ر روباری دیجله‌ فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك ناو – نه‌ینه‌وا

ژنێكی ته‌مه‌ن 30 ساڵ له‌ به‌رده‌م باڵه‌خانه‌ی پارێزگای نه‌ینه‌وا ئاگر له‌ جه‌سته‌ی خۆی به‌رده‌دات و گیانله‌ده‌ستده‌دات.

ئێواره‌ی سێشه‌ممه‌ 18ی ئاب، هه‌نا محه‌مه‌د چۆته‌ به‌رده‌م باڵه‌خانه‌ی پارێزگا له‌ ناوه‌ندی شاری موسڵ، ده‌به‌یه‌ك به‌نزینی به‌خۆیدا رشتووه‌ و ئاگری له‌ جه‌سته‌ی به‌رداوه‌ و به‌ ته‌واوی سوتاوه‌.

رەفعەت سەمۆ، جێگری پارێزگاری نەینەوا بە (کەرکوک ناو)ی وت "ئه‌و ژنه‌ چه‌ند كێشه‌یه‌كی هه‌بووه‌، دوجار هاوسه‌رگیری كردووه‌ و هاوسه‌ری یه‌كه‌می چه‌كداری داعش بووه‌، دواتر له‌ هاوسه‌ری دوه‌میشی جیابۆته‌وه‌".

به‌وته‌ی ره‌فعه‌ت ئه‌و ژنه‌ پێشتر سێجار هه‌وڵی "خۆكوشتنی" داوه‌ به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌ و له‌ هه‌وڵی چواره‌مدا گیانیله‌ده‌ستداوه‌.

"به‌داخه‌وه‌ ئه‌وكاته‌ی خۆی سوتاند كوڕه‌كه‌یشی له‌گه‌ڵیدا بوو" به‌وته‌ی ره‌فعه‌ت.

117877688_783086839126742_1166115962476659882_n
موسڵ، 18ی ئابی 2020، پێڵاوه‌كانی ژنه‌كه‌ له‌ شوێنی خۆسوتاندنیدا له‌به‌رده‌م باڵه‌خانه‌ی پارێزگای نه‌ینه‌وا

ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ دۆسیه‌كه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌و ژنه‌ وه‌ك ناڕه‌زاییه‌ك دژی ئیداره‌ی پارێزگا خۆی سوتاند، چونكه‌ دیوانی پارێزگا ئامادنه‌بون پێشوازی لێبكه‌ن، كاتێك ده‌یویست سكاڵای خۆی بگه‌یه‌نێت به‌هۆی خراپی بارودۆخ و گوزه‌رانیه‌وه‌، كه‌ داوایده‌كرد هاوكاری بكرێت".

به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی فه‌رمانده‌یی پۆلیسی نه‌ینه‌وا، كه‌ دوای روداوه‌كه‌ له‌سه‌ر داوای نه‌جم جبوری، پارێزگار ده‌ستیكردوه‌ به‌ لێكۆڵینه‌وه‌، ئه‌و ژنه‌ "كێشه‌ی ده‌رونی هه‌بووه‌".

وه‌ك له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌ پێشتر سێجار هه‌وڵی خۆكوشتنی داوه‌، "جارێكیان ویستویه‌تی له‌سه‌ر پردی چوار خۆی بخاته‌ خواره‌وه‌ به‌ڵام پۆلیسی روبار رزگاریان كردووه‌، له‌ هه‌وڵێكی تردا خۆی هه‌ڵواسیوه‌ و به‌ر له‌ خنكانی رزگاركراوه‌، له‌ جاری سێیه‌میشدا ده‌رمانی زۆری خواردووه‌ و هه‌ر رزگاری بووه‌".

له‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ی پۆلیسی نه‌ینه‌ودا پشتبه‌ستراوه‌ به‌ قسه‌ی كه‌سوكاری له‌ دایك، باوك و براكه‌ی.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT