خانووی هاوڵاتییه‌كی كاكه‌یی له داقوق ده‌سوتێنرێت، كه خاوه‌نه‌كه‌ی سێ ساڵه ئاواره‌ی هه‌رێمی كوردستان بووه و ته‌نیا دایكی له ماڵه‌كه‌دا ماوه‌ته‌وه، تائێستاش هیچ كه‌سێك به تۆمه‌تی روداوه‌كه‌وه ده‌ستگیرنه‌كراوه.
روداوه‌كه‌ی یه‌كشه‌ممه 23ی ئاب بووه له گوندی عه‌ره‌ب كۆیی له قه‌زای داقوق (44كم باشوری كه‌ركوك).
"له دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017ـه‌وه ئاواره‌ی شاری هه‌ولێر بوم و ته‌نیا دایكم له خانوه‌كه‌دا مابۆوه، ئاماده‌نه‌بوو گونده‌كه به‌جێبهێڵێت، دوێنێ بۆ كاتژمێرێك ماڵه‌وه‌ی به‌جهێشتووه و چۆته سه‌ردانی نزیكه‌كانی، له‌وكاته‌دا كه‌سانی نه‌ناسراو خانوه‌كه‌یان سوتاندووه" كاوه ره‌فعه‌ت كاكه‌یی وای وت.
كاوه كارمه‌ندی ده‌زگایه‌كی ئه‌منییه و له دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزه‌كانی حكومه‌تی فیدراڵی بۆ كه‌ركوك چۆته هه‌ولێر.
كاوه به (كه‌ركوك ناو)ی وت "په‌نجه‌ره‌ی ژوری پشته‌وه‌ی خانووه‌كه شكێنراوه، له‌وێوه چونه‌ته ناو ماڵه‌كه‌وه و ئاگریان تێبه‌رداوه".
تا گه‌یشتنی تیمه‌كانی ئاگركوژێنه‌وه و كۆنتڕۆڵی ئاگره‌كه ته‌واوی كه‌لوپه‌لی ماڵه‌كه سوتاوه، كه بایی چه‌ندین ملیۆن دینار بووه، به‌وته‌ی كاوه ره‌فعه‌ت.
به‌پێی گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی، ته‌واوی خانوه‌كه‌ی كاوه سوتاوه و عه‌زیمه شكور (70 ساڵ)ی دایكی، به گریان و له‌خۆدانه‌وه باسی روداوه‌كه ده‌كات.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی له كه‌ركوك به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌و خێزانه سكاڵای یاساییان تۆماركردووه، لێكۆڵینه‌وه ده‌ستیپێكردووه به‌ڵام هیچ تۆمه‌تبارێك له‌سه‌ر روداوه‌كه ده‌ستگیرنه‌كراوه".
دانیشتوی گوندی عه‌ره‌ب كۆیی؛ كاكه‌یی و عه‌ره‌بن، به‌ر له روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر 75 خێزانی كاكه‌یی تێدا نیشته‌جێ بوو به‌ڵام ئێستا ته‌نیا چوار خێزانی تێدا ماوه.