فه‌رمانده‌یی پۆلیسی پارێزگای نه‌ینه‌وا ئاشكرایده‌كات، ئه‌و بۆمبه‌ی به ئۆتۆمبێلێكی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كاندا ته‌قیوه‌ته‌وه له به‌رتڵه، له پاشماوه‌ی ته‌قه‌مه‌نییه‌كانی سه‌رده‌می داعش بووه.
روداوه‌كه به‌یانی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 26ی ئاب له نزیك گوندی شاقۆڵی سه‌ر به ناجیهی به‌رتڵه له خۆرهه‌ڵاتی شاری موسڵ رویداوه.
به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی پۆلیسی نه‌ینه‌وا بۆمبێكی سه‌رده‌می داعش له‌سه‌ر رێگای گشتی موسڵ – هه‌ولێر به ئۆتۆمبێلێكی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كاندا ته‌قیوه‌ته‌وه.
"ئه‌و بۆمبه چێنراوه كه ئاڵایه‌كی له‌سه‌ر بووه به ره‌نگی سور، له‌لایه‌ن رێكخراوه‌كانی هه‌ڵگرتنی مینه‌وه له سه‌ره‌تای ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌دا هه‌ڵگیراونه‌ته‌وه و ئه‌و نیشانه‌یه‌ی له‌سه‌ر دانراوه".
پۆلیسی نه‌ینه‌وا ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه شۆفێری ئۆتۆمبێله‌كه‌ی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان له‌لای راستی شه‌قامه‌كه و له‌سه‌ر خۆڵه‌كه راوه‌ستاوه، هه‌رچه‌نده ناوچه‌كه قه‌ده‌غه‌كراوه و نیشانه‌ی مه‌ترسی مینی تێدایه، به‌ڵام شۆفێره‌كه له ئۆتۆمبێله‌كه‌ی دابه‌زیوه و به‌وهۆیه‌وه بۆمبه‌كه ته‌قیوه‌ته‌وه.
شۆفێری ئۆتۆمبێله‌كه بریندار بووه و ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه كراوه، زیانیش به‌ر ئۆتۆمبێله‌كه كه‌وتووه.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منیش له نه‌ینه‌وا به (كه‌ركوك ناو)ی وت ته‌قینه‌وه‌كه كارمه‌ندانی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كانی كردۆته ئامانج.
به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌كه، بۆمبه چێنراوه‌كه له قه‌راغی شه‌قامه‌كه‌دا دانراوه و به‌یانی ئه‌مڕۆ به دوو ئۆتۆمبێلی گواستنه‌وه‌ی كارمه‌ندانی ئه‌و رێكخراوه‌كه‌دا ته‌قیوه‌ته‌وه.
سه‌رچاوه‌كه‌ش وتی له روداوه‌كه‌دا ته‌نیا یه‌ك كه‌س برینداربووه.