به‌غدا ده‌یه‌وێت دوو ئیداره‌یی و فره‌هێزی له‌ شنگال نه‌هێڵێت

نه‌ینه‌وا، 2019، شه‌قامێكی سه‌ره‌كی له‌ ناوه‌ندی قه‌زای شنگال فۆتۆ: ئیبراهیم ئێزیدی

عه‌مار عه‌زیز – نه‌ینه‌وا

حكومه‌تی فیدراڵی عیراق، له‌ هه‌وڵدایه‌ كۆتایی به‌ دوو ئیداره‌یی و فره‌هێزی له‌ شنگال بهێنێت، ئه‌وه‌ش له‌رێی گفتوگۆی راسته‌وخۆی لێپرسراوان و عه‌شیره‌ته‌كانی ناوچه‌كه‌وه‌، به‌ سه‌رپه‌رشتی شاندێكی باڵای به‌غدا.

یه‌كه‌م كۆنفرانسی تایبه‌ت به‌ شنگال، 26ی ئاب له‌ ناحیه‌ی سنونێ به‌ڕێوه‌چوو، دوای گه‌یشتنی فه‌ریق روكن عه‌بدولئه‌میر شه‌مه‌ری، جێگری فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی عیراق و ژماره‌یه‌ك لێپرسراوی تر بۆ قه‌زاكه‌، له‌ نێویاندا پارێزگاری نه‌ینه‌وا.

له‌و كۆنفرانسه‌دا كه‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر چاره‌نوسی ئه‌منی و ئیداری شنگال كرا، دوو قایمقامی ئێستای قه‌زاكه‌دا تێیدا به‌شدارنه‌بون.

ره‌فعه‌ت سمۆ، جێگری پارێزگاری نه‌ینه‌وا بۆ كاروباری ئیداری به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئامانج له‌ كۆنفرانسه‌كه‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌ ئیداریی، ئه‌منی و خزمه‌تگوزارییه‌كان بوو".

"داوای دانانی قایمقام و پێكهێنانی ئیداره‌یه‌كی نوێ بۆ شنگال كرا، له‌گه‌ڵ ده‌ركردنی هێزه ناشه‌رعییه‌كان و ته‌نیا مانه‌وه‌ی پۆلیسی عیراقی".

ره‌فعه‌ت ده‌ڵێت به‌شێكی دیكه‌ی داواكارییه‌كان بۆ ئاوه‌دانی و قه‌ره‌بوی هاوڵاتیان بون‌.

snjar
نه‌ینه‌وا، 2018، یه‌كه‌م كۆنفرانسی ئه‌منی و ئیداری له‌ ناحیه‌ی سنونێی قه‌زای شنگال فۆتۆ: ئیداره‌ی نه‌ینه‌وا

به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (كه‌ركوك ناو)، زیاتر له‌ پێنج هێزی چه‌كداری جیاواز له‌ شنگال هه‌ن، له‌ نێویاندا حه‌شدی شه‌عبی، یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال (یه‌به‌شه‌)، پۆلیسی ناوخۆیی، سوپای عیراق و پێشمه‌رگه‌ی یه‌زیدخان.

وه‌زاره‌تی به‌رگری عیراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، كۆنفراسه‌كه‌ی شنگال به‌ سه‌رۆكایه‌تی عه‌بدولئه‌میر شه‌مه‌ری، له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تی و هۆزه‌كانی ناوچه‌كه‌دا بۆ جه‌ختكردنه‌وه‌ بووه‌ له‌ پێویستی چاره‌سه‌ری كێشه‌ ئه‌منییه‌كان.

جه‌لال خه‌له‌ف، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی گرعوزێر و به‌شداربوی كۆنفراسه‌كه به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "كۆمه‌ڵێك پێشنیاز و داواكاریمان راده‌ستی پارێزگار و لێپرسراوانی دیكه‌ كرد ده‌رباره‌ی خزمه‌تگوزاری و پرۆسه‌ی ئاوه‌دانی، ئه‌وه‌یشی گرنگه‌ په‌له‌بكرێت له‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌كاندا كه‌ زیاتر له‌ چوار ساڵه‌ خه‌ڵك به‌ده‌ستیانه‌وه‌ ده‌ناڵێنن".

قه‌زای شنگال، به‌دوری 120كم ده‌كه‌وێته‌ خۆرئاوای موسڵ و له‌ روی ئیدارییه‌وه‌ سه‌ر پارێزگای نه‌ینه‌وایه‌، به‌ڵام ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكه‌ له‌ نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی  فیدراڵی عیراق و هه‌رێمی كوردستان.

"ده‌رباره‌ی گۆڕینی قایمقامه‌كانی شنگال پارێزگاری نه‌ینه‌وا وتی؛ له‌ده‌ستدا ئه‌واندا نییه‌ و پێویستی به‌ رێككه‌وتنی سیاسی نێوان هه‌رێم و به‌غدا و حزبه‌ سیاسییه‌كان هه‌یه‌، له‌ ده‌ركردنی هێزه‌ ناشه‌رعییه‌كانیشدا، ده‌بێت حكومه‌تی فیدراڵی بڕیاربدات تا هه‌ر پۆلیس بمێنێته‌وه‌" به‌وته‌ی جێگری پارێزگاری نه‌ینه‌وا.

ره‌فعه‌ت سمۆ وتیشی "‌تا گرفتی ئیداری ناوچه‌كه‌ چاره‌سه‌ر نه‌كرێت كێشه‌كانی تر كۆتاییان نایه‌ت".

shngal-3-1
نه‌ینه‌وا، 2018، وێرانكارییه‌كانی شه‌ڕی داعش له‌ناوه‌ندی قه‌زای شنگال فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

ئیداره‌ی شنگال كه‌ قایمقامه‌كه‌ی مه‌حما خه‌لیل-ە‌ له‌ پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌ دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017وه‌ له هه‌رێمی كوردستانن و نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ قه‌زاكه، جگه‌ له‌وانیش ئیداره‌یه‌كی تر له‌ كۆتایی 2018دا پێكهێنراوه‌ كه‌ قایمقامه‌كه‌ی فه‌هد حامد-ـه‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نێكی كاتیدا له‌ نێو شنگالدا جێگیربون.

فەهد حامد، قایمقامی قەزای شنگال –له‌ نێو قه‌زاكه‌دا جێگیرن- بە (کەرکوک ناو)ی وت "هيچ كه‌سێك به‌ره‌سمی بانگێشتی ئێمه‌ی نه‌كردووه‌ بۆ كۆنفرانسه‌كه‌ بۆیه‌ به‌شدارنه‌بوین،... مادا‌م بۆ ئه‌وان گرنگ نییه‌ به‌شداربم منیش قه‌ت به‌شداری ناكه‌م".

به‌وته‌ی فه‌هد ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی كۆنفرانسه‌كه‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌ ئه‌منیی و ئیدارییه‌كان بووه‌، له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ی فه‌رمانگه‌كاندا.

به‌پێی ئاماره‌كانی ئیداره‌ی شنگال، تائێستا زیاتر له‌ نیوه‌ی فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كان بۆ قه‌زاكه‌ نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، به‌شێكی به‌هۆی مه‌ترسی ئه‌منییه‌وه‌یه‌.

جێگری پارێزگاری نه‌ینه‌وا وتی "به‌منزیكانه‌ فه‌رمانگه‌كانی كاروباری شه‌هیدان و كۆچ ده‌كرێنه‌وه‌، هه‌وڵی كردنه‌وه‌ی ته‌واوی فه‌رمانگه‌كانی دیكه‌ش ده‌درێت و لیژنه‌یه‌كیش پێكهێنراوه‌ بۆ پرۆسه‌ی ئاوه‌دانی و بڕیاره‌ بودجه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ قه‌زاكه‌ ته‌رخانبكرێت".

شنگال، كه‌ زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی له‌ ئێزیدی پێكهاتون، له‌ ئابی 2014دا روبه‌ڕوی هێرشی داعش بۆوه‌، هه‌زاران هاوڵاتی ئێزیدی كوژران و رفێنران، شاره‌كه‌ بوو به‌ وێرانه‌، تا له‌ تشرینی دوه‌می 2015دا كۆنتڕۆڵكرایه‌وه.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT