جارەڵا ئەحمەد، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی كەركوك بەوەكالەت، جەختدەكاتەوە لەوەی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان لە پارێزگاكەدا روبەڕوی دوو گرفتی سەرەكی بونەتەوە، ئەوانیش ئەمنیی و تەرخانكردنی زەوییە. هەرچەندە جەختیكردەوە لەوەی هاوڵاتیان زەرەرمەندبون، بەڵام مژدانەی پێدان.
جارەڵا لەكاتی كردنەوەی ناوچەی پیشەسازی پێشكەوتوو لە كەركوك، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (كەركوك ناو)، لەبارەی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان و گرفتەكانی بەردەمیان، وتی "ئێمە پێویستمان بە پڕۆژەیە لە بوارەكانی پیشەسازی، کشتوکاڵی، پەروەردەیی و تەندروستی.. لە ئێستاشدا گرفتە سەرەکییەکانمان، یەکەم، گرفتی ئەمنییە، دووەمیش، گرفتی تەرخانکردنی زەوییە".
زیاتر وتی "وەک دەستەی وەبەرهێنان لە سەرەتای دامەزراندنی دەستەکەوە تا ئەمڕۆ نەخشەیەکی وەبەرهێنانمان نەبووە کاری لەسەر بکەین، بەو واتایەی هەلی وەبەرهێنانمان لەبەردەستدا نییە، کە لەلایەن کەرتە جیاجیاکانەوە پێشکەش کرابێت بۆ ئەوەی دامەزراوەکەمان دەستکراوە بێت لەکارکردندا".
لەبارەی كاری نوێیان، جارەڵا وتی "هیچ شتێکی نوێ لەئارادا نییە، ئەوەی هەیە تەنیا پڕۆژەی بازرگانیی و نیشتەجێبونە... ئێمە ئومێدەوارین تێڕوانینێکی تر و ئاراستەیەکی تر هەبێت بۆ وەبەرهێنان و پێویستە هەلی وەبەرهێنان هەبێت، کە لەلایەن کەرتە جیاجیاکانەوە گەڵاڵە بکرێت لەپێناو کاراکردنی وەبەرهێنان و واڵاکردنی دەرگای دیکە بۆ وەبەرهێنان".
ئەوەش لەكاتێكدایە دەستەی وەبەرهێنان روبەڕوی هەندێك گرفتی تر بۆتەوە لەگەڵ وەبەرهێنەران، گرنگترینیان تەواونەكردنی پڕۆژەكانیانە لەكاتی خۆیدا.
جارەڵا ئەحمەد، وتی لە چوار پڕۆژەدا دوچاری گرفت بوینەتەوە، یەكێكیان كە پڕۆژەی سۆما سیتی بوو، دوای گرتنبەری چەند رێكارێك بڕیارە لە ماوەی چوار بۆ پێنج مانگدا تەواوبێت.
ئەو نەچووە ناو وردەكاری گرفتەكانی تریان لەگەڵ پڕۆژەكانی تردا، تەنیا وتی "هەوڵی چارەسەركردن دەدەین و هەمویان پێویستە لە ماوەی چوار بۆ پێنج مانگدا چارەسەربێت".
وتیشی "بەشێک لە هاوڵاتیان زەرەرمەندبون لە پڕۆژەكان، بەهۆی رەفتاری هەندێك لە وەبەرهێنەرانەوە".
بەشێک لە هاوڵاتیان زەرەرمەندبون لە پڕۆژەكان، بەهۆی رەفتاری هەندێك لە وەبەرهێنەرانەوە
باسی لەوەشكرد كە گرفتی تریان هەیە لەگەڵ وەبەرهێنەران و پڕۆژەكانیان، لە جۆری دابیننەكردنی خزمەتگوزاری لە پڕۆژەكانیان، پابەندنەبون بە گرێبەستی واژۆكرا. هەروەها وتی "ژمارەیەکی زۆر لە وەبەرهێنەرەکان توانای ئەوەیان نەبوو ئەو قیستانە بدەن کە لە ئەستۆیاندا بوو، بەهۆی ئەو روداوانەی لە دوای هاتنی داعش لە ناوەڕاستی 2014 ەوە هاتونەتە ئاراوە".
بەڵام لەگەڵئەوەشدا وتی "مژدە بەهاوڵاتیان دەدەین کە هەموو ئاستەنگەکان چارەسەر دەکرێن و هەموو شتێک دەچێتە جێی خۆی، سەرەڕای ئەو زیانانەی دوچاری بون".
پڕۆژەی ناوچەی پیشەسازی پێشكەوتوو، كە پێنجشەممە 27ی ئاب كرایەوە، لە ساڵی 2014ەوە دەستكراوە بە جێبەجێكردنی لەسەر روبەڕی هەزار و 16 دۆنم زەوی.
پڕۆژەكە لە سێ هەزار و 605 یەكە پێكهاتووە لە دوكانی بچوكەوە تا كۆگای گەورەی سەرو هەزار مەتری. تائێستا زیاتر لە 2500 كەس دوكانی لەو پڕۆژەیە كڕیوە.