لە ماوەی 24 كاتژمێردا یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و بەرەی توركمانی سێ راگەیەنراوی دژ بەیەكیان لەسەر گیانلەدەستدانی گەنجێكی 35 ساڵ بڵاوكردۆتەوە.
ئەرشەد ساڵحی، سەرۆكی بەرەی توركمانی، دژە تیرۆری سلێمانی بە ئەشكەنجەدان و دواتر گیانلەدەستدانی ئەو گەنجە تۆمەتبار دەكات، بەڵام یەكێتی پێیوایە هۆكاری گیانلەدەستدانی بەهۆی توشبونییەوە بووە بە كۆرۆنا و داوادەكات تۆوی دوبەرەكی نەچێنرێت.
ئەو وەڵامدانەوە و تۆمەتباركردنەی یەكتر لە رۆژی هەینی 28ی ئابدا، دوابەدوای پۆستێكی ئەرشەد ساڵحی، سەرۆكی بەرەی توركمانی هات لە ئەكاونتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، كە تیایدا جەختیكردەوە "گەنجێکی ۳٥ ساڵ، بەناوی ئوسامە حەسەن، دوای ئەشکەنجەدانی لەلایەن دژە تیرۆری سلێمانیی و دوای ئازادکردنی بە هەوڵی سەرۆک کۆمار، کەمێک لەمەوبەر لە کەرکوک گیانیلەدەستدا".
ساڵحی داوای لە خەڵك كرد بەشداری رێوڕەسمی ناشتنی تەرمەكەی بكەن.
ئەوەش لەكاتێكدایە لەسەر گۆڕەكەیدا و لەكاتی بەخاكسپاردنی، جگە لەبەرەی توركمانیی و رێكخراوەكانی نزیكی، كەسوكاری ئامادەنەبون بەهیچ شێوەیەك قسە لەسەر كەیسەكە بكەن. تەنانەت (كەركوك ناو) لە رۆژی هەینیەوە هەوڵدەدات كەسوكارەكەی بدوێنێت.
ساڵحی لەگەڵ پۆستەكەیدا، وێنەیەكی نا رونی بڵاوكردۆتەوە، كە شوێنەواری ئەشكەنجەدان، بە جەستەی كەسێكەوە دەبینرێت، بەڵام ئاماژەی بەوەنەداوە ئایا وێنەی ئوسامەیە یان نا.
لە وەڵامی ئەرشەد ساڵحیدا، نوێنەرانى کەرکوک لە فراکسیۆنى یەکێتی لە پەرلەمانی عیراق، رونكردنەوەیەكیان بڵاوكردەوە و تیایدا جەختدەكەنەوە لەوەی ئوسامە حەسەن بەهۆی توشبونی بە كۆرۆنا گیانیلەدەستداوە و هاتووە "لە رۆژی ٢١ى ئاب داخڵى نەخۆشخانەى ئەنتەرناشناڵى شارى ھەولێر کراوە و پرۆتۆکۆڵى چارەسەرى کۆرۆناى پێدراوە و پاشان بە کاریگەرى ھەمان ڤایرۆس کۆچى دوایى کردووە".
لە رۆژی ٢١ى ئاب داخڵى نەخۆشخانەى ئەنتەرناشناڵى شارى ھەولێر کراوە و بە کاریگەرى ھەمان ڤایرۆس کۆچى دوایى کردووە
بۆ ئەوەش سێ بەڵگەنامەی نەخۆشخانەكەیان بڵاوكردۆتەوە كە تایبەتە بەو گەنجە.
ئەو گەنجە لە خێزانێكی كوردی – توركمانییە و خەڵكی كەركوكن، بەپێی وتەی ئەرشەد ساڵحی بێت 35 ساڵە. بەڵام بەپێی بەڵگەنامەی نەخۆشخانە بێت 43 ساڵە.
نوێنەرانی یەكێتی دەڵێن "ئەم لێدوان و بڵاوکراوانە لەکاتێکدایە کە شارەکەمان بە دۆخێکى ھەستیاردا تێپەڕدەبێت و لە ھەمووکات زیاتر پێویستمان بە لێک نزیکبونەوە و گەیاندنى پەیامى ئاشتەوایى و پێکەوەژیانە".
لەگەڵ بە بێ بنەما ناوبردنی رونكردنەوەكەی ئەرشەد ساڵحیشدا، دەڵێن "ئەمە دەبێتەهۆی دروستکردنى رق و توڕەیى و دەمارگیرى نەتەوەیى"و دژایەتی خۆشیان بۆ ھەر ھەوڵێک نیشاندەدەن كە "بیەوێت تۆوى دوبەرەکى لەکەرکوک بچێنێت".
ئەمە دەبێتەهۆی دروستکردنى رق و توڕەیى و دەمارگیرى نەتەوەیى
هەروەها بەڵێنی لێکۆڵینەوە لەو کەیسە دەدەین و جەخت دەکەینەوە کە "ھەموو خاوەن حەقێک بەحەقى خۆى بگات".
بەڵام نوسینگەی رۆژنامەوانی ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمان، رونكردنەوەیەكی تری بڵاوكردەوە، لە وەڵامی یەكێتیدا و تیایدا هاتووە "تەنیا لێکۆڵینەوەی دادوەری دەتوانێت پێوەری یەکلاییکەرەوە بێت بۆ ئاشکراکردنی راستییەکان". هەروەها جەختدەكاتەوە لەوەی لەكاتێكی تردا تەواوی راپۆرتە پزیشکییەکان لەوبارەیەوە دەخرێنەڕوو.
لەكاتێكدا كەسوكاری ئوسامە تا ئامادەكردنی ئەم بابەتەش ئامادەنەبون قسە لەسەر دۆسییەی كوڕەكەیان بكەن، بەڵام ساڵحی دەڵێت "بە فەرمی سکاڵای خۆیان لای لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمان تۆمار کردووە بەتۆمەتی ئەشکەنجەدان".
كەسوكاری بە فەرمی سکاڵای خۆیان لای لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمان تۆمار کردووە بەتۆمەتی ئەشکەنجەدان
ساڵحی لە وڵامی یەكێتیدا دەڵێت "هەر کەسێک دەیەوێت دۆسییەکە بۆ بابەتێکی دیکە بگۆڕێت ئەوا ئێمە و سەرکردە کوردییەکان بۆ ماوەی زیاتر لەدوو هەفتەیە ئاگاداری تەواوی ئەم دۆسیەیەن، تەنانەت هەندێك لێپرسراو دەستێوەردانیان لەم کەیسەدا كردووە، ئەوەش بە ئامانجی بێدەنگی لێكردنیدا".
بەڵام لەگەڵئەوەشدا سەرۆكی بەرەی توركمانی ناوی هیچ سەركردەیەكی نەهێناوە كە گوایا دەستوەردانیان كردووە.
ساڵحی لە كۆتایدا دەڵێت "پێکەوە ژیان پێویستی بە هەبونی متمانەیە و نەبونی متمانەش پەیوەندییەکانی نێوان گەلان ناهێڵێت".