پاسەوانی ئەو بینا و دوكانانەی لە كەركوك سوتان، دیار نییە
(كەركوك ناو) بڕی زیانەكان بڵاودەكاتەوە

كەركوك/ 29ی ئابی 2020/ باڵەخانەیەكی سێ نهومی و شەش دوكان سوتان و زیاتر لە ملیارێك دینار زیانیان بەركەوتووە. فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

ژمارەیەك لە دوكاندارەكانی هەردوو بازاڕی قۆریە و ئەحمەد ئاغا، زیانەكانیان بە زیاتر لە ملیارێك دینار دەخەمڵێنن، دوای ئەوەش شەوی رابردوو ئاگر لە بازاڕ و دوكانەكانی بەربوو.

هێشتا پۆلیس لە هۆكاری كەوتنەوەی ئاگرەكە لێكۆڵینەوە دەكات و بەپێی وتەی دوكاندارەكانیش بێت پاسەوانەكە و خێزانەكەی دیار نین و گومان دەكەن هەڵاتبن.

کاتژمێر 11ی شەوی رابردوو 28ی ئاب، بینایەكی سێ نهومی و ژمارەیەك دوكان كە كەلوپەلی ئۆتۆمبێل و كارەباییان دەفرۆشت، گڕیگرت و تا كاتژمێر سێی بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئینجا كۆنترۆڵكرا.

سەرتیپ محەمەد، یەکێک لە دوكاندارەكان، بە (كەركوك ناو)ی وت "تائێستا نازانین هۆكاری كەوتنەوەی ئاگرەكە چییە؟ پاسەوانەكە دیار نییە و ئێمەش هیچ كەلوپەلێكمان نەما و هەموی لەناوچون".

تائێستا نازانین هۆكاری كەوتنەوەی ئاگرەكە چییە؟ پاسەوانەكە دیار نییە و ئێمەش هیچ كەلوپەلێكمان نەما و هەموی لەناوچون

سەرتیپ ئەحمەد (40ساڵ)، سكاڵای لای پۆلیس تۆماركردووە، بەڵام هیچ كەسێكی تۆمەتبار نەكردووە.

بەهۆی ئاگرەكەوە باڵەخانەیەكی سێ نهومی و شەش دوكان بە تەواوی سوتاون.

agr-2
كەركوك/ 29ی ئابی 2020/ شوێنی ئاگركەوتنەوەی شەوی رابردوو. فۆتۆ: كەركوك ناو

شاخەوان ئەسعەد یەکێکی تر لەو كەسانەی دوكانەكەی سوتاوە، وتی زیانەكان لە سەروی ملیارێك دینارەوە دەخەمڵێنرێن. "داواکارین حکومەت بە قەرەبوكردنەوە قورسایی ئەم بارەمان لەسەر شان کەمبکاتەوە".

لە ناوەڕاستی ئەو ریزە دوكانەدا، دوكانێكی حەواڵەكردنی دراو و پێدانی موچەی فەرمانبەران بە كی كارد، هیچ زیانێكی پێ نەكەوتووە و خاوەنەكەی جەختیكردەوە لەوەی توانیویەتی پارەكانی لە سوتان بپارێزێت و لەگەڵ كەوتنەوەی ئاگرەكە فریاكەوتووە.

15 ئۆتۆمبێلی ئاگركوژێنەوە بەشدارییان كرد لە كۆنترۆڵكردنی ئاگرەكە لە ماوەی پێنج كاتژمێردا، لە نێویاندا تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی کۆمپانیای نەوتی باکور.

هەروەها دوو كارمەندی بەرگری شارستانی بەهۆی كاریگەریی ئاگرەكەوە رەوانەی نەخۆشخانە كراون.

عادل عومەر، خاوەنی باڵەخانەکە، بە (كەركوك ناو)ی وت "زیانەكان بەگشتی لە سەروی ملیارێك دینارەوە دەبێت... تاکو ئێستا هۆکاری ئاگرەکە نەزانراوە و پۆلیس لە لێكۆڵینەوەدایە".

زیانەكان بەگشتی لە سەروی ملیارێك دینارەوە دەبێت

لیوا عەلی موتەشەڕ، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی كەركوك، لە شوێنی روداوەكە بە (كەركوك ناو)ی وت "زانیارییە سەرەتاییەکان ئەوە دەردەخەن کە کەمتەرخەمی دوکاندارەكان لە نەکوژاندنەوەی ئامێرە کارەباییەکانیان و پابەندنەبونیان بە رێنماییەکانی تایبەت بە سەلامەتی هۆكارێكی روداوەكە بووە".

"تیمەکانی بەڵگەی تاوان لێکۆڵینەوەی وردیان دەستپێكردووە، لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەنجامەکانی دەخەینەڕوو"، عەلی موتەشەڕ وایوت.

ئەو بازاڕە دەکەوێتە ناوەندی شاری کەرکوک و یەكێكە لە بازاڕە كۆنەكانی شارەكە. دوكاندارەكان لە كورد، عەرەب و توركمان پێكدێن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT