حزبە توركمانییەكانی كەركوك پێیانوایە پشكی توركمان لە بەڕێوەبەری فەرمانگەكاندا لە ئاستی داخوازی ئەواندا نییە و داوای پۆستی تر دەكەن، لەنێویاندا بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی. كە پێیانوایە بەڕێوەبەری ئێستا شارەزایی نییە و كەم ئەزمونە.
ئەو داواكارییە لە كۆبونەوەیەكیاندا هات كە شەممە 29ی ئاب بەڕێوەچوو، تیایدا دۆخی ئەمنی، تەندروستیی و خزمەتگوزاریی پارێزگاكەیان تاوتوێكرد، ئەوەش بەوتەی سامى بەیاتى، جێگرى سەرۆکى پارتى حەقی تورکمانی.
ئەو كە لە كۆبونەوەكەدا بەشداربوو، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەنجومەنی پارێزگا، قەزاو ناحییەكان بە بڕیاری پەرلەمانی عیراق هەڵوەشێنراونەتەوە، بۆیە ئێستا كاتی ئەوەیە لیژنەیەك پێكبهێنین و سەردانی لایەنە پەیوەندیدارەكان بكەین بۆ چۆنیەتی بەڕێوەچونی كاركانی ئیدارەی كەركوك".
حزبە توركمانییەكان لەو كۆبونەوەیەدا جەختیانكردەوە لەوەی كە هەندێك پۆستی پارێزگاكە هەیە و پشكی ئەوانە، بەڵام تائێستا پێیاننەدراو.
"بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی مافی توركمانە، بەڵام ئێستا كەسێك لە پێكهاتەی عەرەب دانراوە و هەرچەندە زۆر هەوڵدەدات، بەڵام كەم ئەزمون و نە شارەزایە لە كارەكەیدا"، زیاتر وتی "ئێمە لە بەرامبەر پێدانی پۆستی بەڕێوەبەری پەروەردەی كەركوك بە عەرەب، داوای پۆستی بەڕێوەبەری تەندروستیمان كردووە و بەپێی رێككەوتنیش مافی خۆمانە، بەڵام پێماننەدراوە".
لەبارەی دۆخی ئەمنی كەركوكەوە، حزبە توركمانییەكان جەخیتانكردەوە لەوەی "شارەكە بە دۆخێكی باشدا تێپەڕدەبێت"، سامى بەیاتى جەختیكردەوە "لە پێش 16ی ئۆكتۆبەری 2017، هەفتانە تەرمی نەناسراو لە شەقامەكاندا دەبینران و خەڵك دەڕفێنرا، بەڵام ئێستا تاوانی لەو جۆرە نییە، ئەوەی هەیە بەهۆی كێشەی كۆمەڵایەتییەوەیە نەك تیرۆر".