60 مه‌زارگه‌ی ئێزیدی، 105 مزگه‌وت، هه‌شت مه‌زارگه‌ی شیعه‌ و سێ كڵێسا زیانیان به‌ركه‌وتووه‌

هێشتا زۆرینه‌ی شوێنه‌ ئاینییه‌كانی شنگال وێرانه‌ن

شنگال، ئابی 2020، دوو پیاوی ئایینی ئێزیدی له‌سه‌ر مه‌زارگه‌ی خاپوركراوی شێح حه‌سه‌ن فۆتۆ: رێكخراوه‌ی سنابل موسته‌قبه‌ل

عه‌مار عه‌زیز – نه‌ینه‌وا

وێرانكارییه‌كانی داعش له‌ شنگال، هێشتا به‌ سیمای زۆربه‌ی شوێنه‌ ئاینییه‌كانه‌وه‌ دیارن و ده‌ستی ئاوه‌دانییان پێنه‌گه‌یشتووه‌، به‌هۆی نه‌بونی بودجه‌ و پشتگوێخستنیان له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌.

له‌ قه‌زای شنگال، كه‌ زۆربه‌ی پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئاینییه‌كانی تێدایه‌، نزیكه‌ی 200 مه‌زارگه‌، مزگه‌وت و كڵێسا ته‌قێنرانه‌وه‌ یان زیانی زۆریان به‌ركه‌وت.

سه‌رباری تێپه‌ڕینی نزیكه‌ی پێنج ساڵ به‌سه‌ر كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌دا له‌ژێر ده‌ستی داعش، كه‌مترین شوێنی ئایینی نۆژه‌نكراونه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌شێكیان به‌ هاوكاری تایبه‌تی خه‌ڵك و رێكخراوه‌ مرۆییه‌كان بون.

"له‌ سێ ساڵی رابردودا 9 مه‌زارگه‌ی ئێزیدی نۆژه‌نكراونه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر خه‌رجی سه‌رۆكی حزب، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان، رێكخراو و كه‌سانی خێرخواز، هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵی و هه‌رێمی كوردستان یه‌ك دیناریان ته‌رخاننه‌كردووه‌" به‌وته‌ی فاخر خه‌ڵه‌ف، سه‌رپه‌رشتیاری نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی مه‌زارگه‌كانی شنگال.

فاخر بۆ (كه‌ركوك ناو) باسی له‌ جیاوازی به‌ده‌مه‌وه‌هاتنی حكومه‌ت كرد و پێیوایه‌ بودجه‌ ته‌نیا بۆ هه‌ندیك مه‌زارگه‌ و شوێنی ئایینی دیاریكراو خه‌رجده‌كرێت.

mazarga shex hassan
شنگال، ئابی 2020، مه‌زارگه‌ی شێخ حه‌سه‌ن نۆژه‌نده‌كرێته‌وه‌ فۆتۆ: رێكخراوی سنابل موسته‌قبه‌ل

به‌پێی ئاماره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ هێرشه‌كانی داعش بۆ شنگال، زیاتر له‌ 60 مه‌زارگه‌ و شوێنی ئایینی ئێزیدی ته‌قێنرانه‌وه‌ و خاپور كران.

له‌ دوایین پرۆژه‌دا به‌ پاڵپشتی دارایی نادیه‌ موراد، چالاكوانی ئێزیدی و خاوه‌نی نۆبڵی ئاشتی، له‌ كۆتایی ئابی ئه‌مساڵ بڕیاردرا دوو مه‌زارگه‌ی ئایینی ئێزیدی نۆژه‌نبكرێنه‌وه‌.

ئه‌و دوو مه‌زارگه‌یه‌؛ مه‌زارگه‌ی شێخ حه‌سه‌ن له‌ گوندی گابارا (به‌دوری 10كم له‌ سه‌نته‌ری شنگال) و مه‌زارگای مه‌لیك فه‌خره‌دین له‌ گوندی سكینیه‌ (به‌ دووری 30كم له‌ سه‌نته‌ری شنگال) كه‌ داعش له‌ 2014دا هه‌ردوكیانی ته‌قانده‌وه‌.

فه‌واز حه‌جی، به‌ڕێوه‌به‌ری رێكخراوی سنابل موسته‌قبه‌ل كه‌ سه‌رپه‌رشتی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی مه‌زارگه‌ی شێح حه‌سه‌ن ده‌كه‌ن به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "پرۆژه‌كه‌ سێ مانگی پێده‌چێت، جگه‌ له‌ مه‌زارگه‌كه‌، باخچه‌یه‌ك و گه‌راجی راوه‌ستانی ئۆتومبێلیش دروستده‌كرێن".

داعش جگه‌ له‌ مه‌زارگه‌كان، ده‌یان مزگه‌وتیشی له‌ نه‌ینه‌وا ته‌قانده‌وه‌.

shngal-3-1
نه‌ینه‌وا، 2018، وێرانكارییه‌كانی شه‌ڕی داعش له‌ناوه‌ندی قه‌زای شنگال فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

ئیسماعیل محه‌مه‌د ساڵح، به‌رێوه‌به‌ری وه‌قفی سونه‌ی شنگال كه‌ له‌ دهۆك ده‌وامده‌كات به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "له‌ قه‌زای شنگال 105 مزگه‌وت هه‌ن و داعش زیانی به‌ هه‌مویان گه‌یاند، به‌ڵام به‌ڕێژه‌ی جیاواز و ئه‌وانه‌ی سه‌نته‌ری قه‌زاكه‌ كه‌ 13 مزگه‌وتن زیانی زۆریان به‌ركه‌وتووه‌".

وه‌قفی سونی بودجه‌ بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی مزگه‌وته‌كانی شنگال ته‌رخانده‌كات، به‌ بڕێك له‌ 10 ملیۆن دیناره‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات و به‌پێی قه‌باره‌ی زیانه‌كان پاره‌كه‌ زیادده‌كات.

به‌ڵام ئیسماعیل وتی "هیچ مزگه‌وتێكمان نۆژه‌ننه‌كردۆته‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌هۆی نه‌بونی پاره‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو هۆكاره‌كه‌ی ئه‌و هێزانه‌ ناشه‌رعییانه‌ن له‌ ناوچه‌كه‌دان و پێمانوایه‌ نۆژه‌نیش بكرێنه‌وه‌ جارێكیتر وێران ده‌كرێنه‌وه، بۆیه‌ چاوه‌ڕێی ئیداره‌یه‌كی نوێ ده‌كه‌ن بۆ قه‌زاكه‌ پێكبهێنرێت".

به‌پێی ئاماره‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كاروباری كریستیانه‌كان له‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، 85 كڵێسا له‌ نه‌ینه‌وا به‌هۆی هێرشه‌كانی داعشه‌وه‌ وێران بون، كه‌ چه‌ند كڵێسایه‌كیان ده‌كه‌ونه‌ شنگال.

سه‌باح سه‌بری شه‌معون، نوێنه‌ری كریستیانه‌كان‌ له‌ قه‌زای شنگال به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "سێ كڵێسا هه‌بون و به‌داخه‌وه‌ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ ته‌قێنرانه‌وه‌، زیاتر له‌ ساڵێكه‌ لیژنه‌یه‌ك له‌ به‌غداوه‌ زیانه‌كانیان تۆماركردووه‌ به‌ڵام تائێستا ده‌نگیان نییه‌ و هیچ بودجه‌یه‌كیان بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ ته‌رخاننه‌كردووه‌".

نه‌بونی پرۆژه‌كانی ئاوه‌دانی كاریگه‌ری له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان داناوه‌، به‌وته‌ی سه‌باح، پێشتر 65 خێزانی كریستیانی له‌ شنگال نیشته‌جێ بون و تائێستا هیچ خێزانێكیان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

shi3a in shngal
نه‌ینه‌وا، 2020، مه‌راسیمه‌كانی عاشورا له‌ قه‌زای شنگال فۆتۆ: تایبه‌ت به‌ كه‌ركوك ناو

مه‌زارگه‌ و شوێنه‌ ئاینییه‌كانی شیعه‌ش زیانی زۆریان به‌ ده‌ستی داعش به‌ركه‌وت و كه‌مترینیشیان جارێكیتر به‌روی زیاره‌تكارانیاندا كراونه‌ته‌وه‌.

سوبحی ئه‌لیاس حه‌یده‌ر، سه‌رپه‌رشتیاری مه‌زارگه‌كانی شیعه‌ له‌ شنگال به‌ (كه‌ركوك ناو )ی وت "هه‌شت مه‌زارگه‌مان له‌ شنگال هه‌بوو كه‌ داعش هه‌مویانی ته‌قانده‌وه‌، له‌و هه‌شت مه‌زارگه‌یه‌ش ته‌نیا دوانیان نۆژه‌نكراونه‌ته‌وه‌".

ئه‌و دوو مه‌زارگه‌یه‌ كه‌ یه‌كێكیان مه‌زارگه‌ی سه‌ید زه‌ینه‌ب_ـه‌ له‌لایه‌ن حه‌شدی شه‌عبییه‌وه‌ نۆژه‌نكراوه‌ته‌وه‌.

وه‌قفی شیعه‌ له‌ به‌غدا بودجه ته‌رخانكردووه‌ و مه‌زارگه‌ی زه‌كه‌ریاش سه‌دا 40ی كاره‌كانی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ته‌واو بون.

وه‌ك سوبحی ده‌ڵێت، تا پاره‌ هه‌بێت و بودجه‌ ته‌رخانبكرێت له‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی مه‌زارگه‌كانیان ناوه‌ستن، هه‌رچه‌نده‌ ئێستا دیارنییه‌ شه‌ش مه‌زارگه‌ خاپوركراوه‌كه‌ی دیكه‌ كه‌ی ده‌ستی ئاوه‌دانییان پێده‌گات و جارێكیتر به‌ڕوی زیاره‌تكارانیاندا ده‌كرێنه‌وه‌.

قەزای شنگال (بەدووری 120 لە رۆژئاوای موسڵ)، ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكه‌ و له‌روی ئیدارییه‌وه‌ سه‌ر پارێزگای نه‌ینه‌وایه‌، لە 3ی ئابی 2014 داعش دەستیبەسەرداگرت ‌و لە 13ی تشرینی دووەمی 2015 كۆنتڕۆڵكرایەوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT