پۆلیس: ئەو وێنەیەی بڵاوبۆتەوە هی دوو كچەكە نییە
كەسوكاریان تەرمەكانیان وەرنەگرتەوە و شارەوانی بە خاکیان دەسپێرێت

چەمچەماڵ/ 9ی ئەیلولی 2020/ پۆلیس لەكاتی هەڵدانەوەی گۆڕی دوو كچەكە، دوای شەش رۆژ لە دیارنەمانیان فۆتۆ: هێمن ئەحمەد

هەڤاڵ غالب

ئیدارەی قەزای چەمچەماڵ بڕیاریدا تەرمی ئەو دوو كچەی لە گۆڕێكدا بە كوژراوی دۆزرانەوە بە خاکبسپێرێت، ئەوەش دوای ئەوەی كەسوكاریان ئامادەنەبون وەریانبگرنەوە. هێشتا هیچ كەسێك لەسەر كەیسەكە دەستگیرنەكراوە، باوكیان فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچووە، بەڵام شوێن نادیارە.

ئەو دوو كچە، دوێنێ 9ی ئەیلول دوای شەش رۆژ لە دیارنەمانیان تەرمەكانیان لە گۆڕێكدا لە گوندی برایم ئاغاى ناوچەی شوان لە نزیك قەزای چەمچەماڵ دۆزرانەوە و دەرهێنرانەوە. بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە دوای تەوابونی توێكاریی تەرمەكانیان لە پزیشكی دادوەریی سلێمانییەوە بۆ چەمچەماڵ بگەڕێنرێنەوە و بەخاكبسپێردرێن.

ئاوابونی ئاوارە و هێلین

ئاوارە فەقێ حەسیب (19ساڵ) و  هێلینی خوشكی كە 17 ساڵە، دانیشتوی ناحیەی شۆڕش بون لە قەزای چەمچەماڵ و ماڵێكیشیان لە گوندی برایم ئاغا بوو – کە دەكەوێتە نێوان ناحیەی شوان و چەمچەماڵەوە-، لە كۆتایی هەفتەی رابردوەوە دیارنەماون، تا ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە 9ی ئەیلول بە كوژراوی دۆزرانەوە.

ئەو دوو كچە، لە 17ی تەمموزی ئەمساڵەوە، دوای ئەوەی سكاڵایان لەسەر باوكیان تۆماركرد، بەهۆی "ئەنجامدانی توندوتیژییەوە"، پەڕاویان لە نوسینگەی چەمچەماڵی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان بۆ كراوەتەوە و لە شێڵتەردا هێڵدراونەوە.

gor-4
چەمچەماڵ/ 9ی ئەیلولی 2020/  گۆڕی دوو كچەكە (ئاوارە و هێلین) فۆتۆ: هێمن ئەحمەد

هیوا کەریم، وتەبێژى ئەو بەڕێوەبەرایەتییە لە سلێمانی، بە (كەركوك ناو)ی وت "دواى مانەوەیان لە شێڵتەر و دواتر سەردانیکردنى باوکیان، كچەكان رەزامەندییان نیشاندا بگەڕێنەوە ماڵەوە و پاشەكشێیان لە سكاڵاكەیان كرد".

وتیشی "بە بڕیارى دادوەر، لە 11ی ئاب و دوای ئەوەی باوكیان بەڵێننامەی پڕكردەوە، رادەستی باوكیان كراونەتەوە".

دایك و باوكی ئەو دوو كچە هەر ئەمساڵ جیابونەتەوە و كچەكان لەگەڵ باوكیان لە نێوان گوندی برایم ئاغا و ناحیەی شۆڕشدا هاتوچۆیان دەكرد، تا كۆتایی هەفتەی رابردوو دوو كچەکە دیارنەمان.

نەقیب سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژى پۆلیسى سلێمانى بۆ (کەرکوک ناو) جەختیكردەوە "لەگەڵ دۆزینەوەی تەرمەكانیان، فەرمانى گرتن بۆ باوکیان دەرچووە و بە شوێنیدا دەگەڕێین".

لەگەڵ دۆزینەوەی تەرمەكانیان، فەرمانى گرتن بۆ باوکیان دەرچووە و بە شوێنیدا دەگەڕێین

هەر دوێنێ تەرمەكان بۆ توێکاری رەوانەی پزیشكی دادوەری سلێمانی كران.

"بەپێی تیمەکانى بەڵگەى تاوان، شوێنەواری فیشەک بە جەستەیانەوە دیارە، بەڵام ئەوەش پێویستە پزیشکى دادوەرى یەکلاییبکاتەوە، تائێستا تەرمەکان لە پزیشکى دادوەرین"، سەركەوت زیاتر جەختیكردەوە "كچەكان شەش بۆ حەوت رۆژ دەبێت كوژراون".

یەكێك لە كچەكان فیشەك بە سەر و ئەوی تریان بە جەستەیەوەیە.

رەمك رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ، كاتژمێر 12ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە (كەركوك ناو)ی وت "توێكاری تەرمەكان تەواو بووە، بەڵام لەبەرئەوەی كەسوكاریان ئامادەنەبون وەریانبگرنەوە ئیدارەی چەمچەماڵ هەر ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێكدا بەخاكیان دەسپێرێت".

ئەو هیچ زانیارییەكی لەسەر لێكۆڵینەوەكان باسنەكرد.

لە ئێوارەی دوێنێوە، دەزگاكانی راگەیاندن، لە نێویاندا (كەركوك ناو)، وێنەی دوو كچی بڵاوكردەوە كە گوایا ئەو دوو كچەن، بەڵام وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئەو دوو كچە ئەوان نین. بەو هۆیەوە (كەركوك ناو) داوای لێبوردن دەكات لەو هەڵەیەی بەسەریدا تیپەڕ بووە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT