مامۆستایانی وانه‌بێژ له كفری، داواده‌كه‌ن دابمه‌زرێنرێن یان بكرێنه گرێبه‌ست یاخود موچه‌ی مانگانه‌یان بۆ زیادبكرێت، تا بایكۆتی هۆڵه‌كانی خوێندن نه‌كه‌ن.
ئه‌و داواكارییانه له گردبونه‌وه‌یه‌كی مامۆستایانی وانه‌بێژدا هات كه ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 13ی ئه‌یلول له‌به‌رده‌م په‌روه‌رده‌ی كفری به‌ڕێوه‌چوو.
ئه‌میره حه‌مید، كه چوار ساڵه مامۆستای وانه‌بێژه به (كه‌ركوك ناو)ی وت "چه‌ندین ساڵه داوای مافه‌كانمان ده‌كه‌ین و كه‌س گوێمان لێناگرێت، مافی خۆمانه دابمه‌زرێین یان بكرێین به گرێبه‌ست".
ئه‌و پێیوایه لانیكه‌م حكومه‌ت ده‌توانێت ئه‌و پاره‌یه‌ی مانگانه به وانه‌بێژی وه‌ریده‌گرن بۆ 400 یان 500 هه‌زار دینار زیادیبكات.
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به پاساوی قه‌یرانی دارایی و دابه‌زینی نرخی نه‌وت و رێكنه‌كه‌وتنی له‌گه‌ڵ به‌غدا، موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران به لێبڕینی سه‌دا 21ـه‌وه دابه‌شده‌كات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێشتا موچه‌ی چه‌ندین مانگی مامۆستا و موچه‌خۆرانی له‌سه‌ر كه‌ڵه‌كه بووه و دابهشینهكردووه.
ئه‌حمه‌د حه‌مزه، نوێنه‌ری مامۆستایانی وانه‌بێژ له كفری به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌گه‌ر ئێستا ناتوانن بڕیاری دامه‌زراندنمان بده‌ن یان بكرێینه گرێبه‌ست ئه‌وا با موچهكانمان بكه‌ن به مانگانه‌ی 400 یان 500 هه‌زار دینار".
مامۆستایانی وانه‌بێژ، ده‌رچوی زانكۆ بۆ هه‌ر وانه‌یه‌ك بڕی چوار هه‌زار دینار و ده‌رچوی په‌یمانگه بۆ هه‌ر وانه‌یه‌ك بڕی سێ هه‌زار دیناری بۆ خه‌رجده‌كرێت، كه به‌شه‌وانه‌ی هه‌ندێكیان له مانگێكدا ناگاته 88 وانه و كه‌متر له 400 هه‌زار دینار ده‌كات.
"ئه‌گه‌ر گوێمان لێنه‌گرن و داواكارییه‌كانمان به هه‌ند وه‌رنه‌گرن، ئه‌وا به‌رده‌وام ده‌بین له ناڕه‌زایی و گردبونه‌وه" نوێنه‌ری مامۆستایانی وانه‌بێژ وای وت.
له قه‌زای كفری زیاتر له 200 مامۆستای وانه‌بێژ هه‌ن كه له خوێندنگه و ناوه‌ند په‌روه‌رده‌ییه‌كاندا بۆشایی نه‌بونی مامۆستای هه‌میشه‌یی پڕده‌كه‌نه‌وه و وانه به خوێندكاران ده‌ڵێنه‌وه.
محه‌مه‌د شكور، لێپرسراوی یەكەی سەرپەرشتیاری په‌روه‌رده‌ی كفری به (كه‌ركوك ناو)ی وت "وانه‌بێژه‌كان بۆشایی كه‌می مامۆستایان پڕكردۆته‌وه و ئه‌گه‌رنا ناچاردهبوین خوێندنگه‌ی ناو گوند و ناحیه‌كانی قه‌زاكه دابخه‌ین، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی پێیانده‌درێت به‌شی هاتوچۆكه‌یان ناكات".
ناوبراو كه پشتگیری بۆ داواكاری وانه‌بێژان نیشاندا، پێیوایه مانه‌وه‌یان له خوێندنگه‌كاندا گرنگی زۆری هه‌یه، به‌وپێیه‌ی ساڵانه تا 40 مامۆستا له ناوچه‌كه ده‌ڕۆن و راژه‌كانیان ده‌گوازنه‌وه.
"بارودۆخی كفری باش نییە، بەهۆی دواكەوتن و كەمی موچە، قەیرانی دارایی، پەتای كۆرۆنا و شەڕی داعشه‌وه خەڵك كفری چوڵدەكات، ئه‌مەش كەمی ژمارەی مامۆستای لێكەوتۆتهوه و بۆته گرفت بۆ پەروەردە".
لێپرسراوی یەكەی سەرپەرشتیاری په‌روه‌رده به‌ڵێن به وانه‌بێژان ده‌دات داواكارییه‌كانیان بگه‌یه‌نێت به وه‌زاره‌ت، "جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كانیان له ده‌سه‌ڵاتی ئێمه‌دا نییه" محه‌مه‌د شكور واده‌ڵێت.
دوایین پڕۆسەی دامەزراندن له هه‌رێمی كوردستان ساڵی ساڵی 2013 بوو، لەوكاتەوە بە فەرمی دامەزراندن نەماوە، تا له كۆتایی 2019دا، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە دامەزراندنی تەواوی مامۆستایانی گرێبەست لەسەر میلاكی پەروەردە.