نەجم جبوری، پارێزگاری نەینەوا هەوڵەكانی دەستپێكردووە بۆ دروستكردنی پڕۆژەی هێڵی ئاسنین لە نێوان پارێزگاكە و توركیا، بۆ ئەو مەبەستەش داوای هاوكاری لەو وڵاتە كردووە. پارێزگار لە ئێستادا لە بەغدایە و بڕیارە پڕۆژەیەك ئاراستەی سەرۆك وەزیرانی عیراق بكات.
رەفعەت سمۆ، جێگری پارێزگاری نەینەوا بۆ کاروباری ئیداری بە (کەرکوک ناو)ی وت "هەفتەی رابردوو نەجم جبوری، پارێزگاری نەینەوا و محەمەد كوجەك، كونسوڵی توركیا لە نەینەوا كۆبونەوە و تیایدا پرسی دروستكردنی پڕۆژەی هێڵی ئاسنینی نێوان نەینەوا و توركیایان باسكرد".
"پارێزگاری نەینەوا داوای لە كونسوڵی توركیا كردووە، بۆ ئەو مەبەستە هاوكارییان بكات، ئەوانیش بەخۆشحاڵییەوە ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ هەر هاوكارییەك و پڕۆژەكەیان پێ زۆر باشبووە"، رەفعەت سمۆ وایوت.
پارێزگاری نەینەوا داوای لە كونسوڵی توركیا كردووە، بۆ ئەو مەبەستە هاوكارییان بكات
هاوكات پارێزگاری نەینەوا چەند رۆژێكە لە بەغدایە و بڕیارە تاوتوێی ژمارەیەك پڕۆژەی ستراتیژی لەگەڵ حكومەتی ناوەندیدا بكات.
رەفعەت سمۆ، جێگری پارێزگاری نەینەوا بۆ کاروباری ئیداری وتی "لەنێو ئەو پڕۆژە ستراتیژییانەدا هێڵی ئاسنینیشی تێدایە و بڕیارە لەم رۆژانەدا ئاراستەی نوسینگەی كازمی بكات".
"جێبەجێکردنی پڕۆژەکە خزمەتێکی زۆر بە هاوڵاتییانی هەردولا دەگەیەنێت و کاریگەرییەکی باشی دەبێت لەسەر جوڵەی بازرگانی نێوان تورکیا و نەینەوا"، بەوتەی رەفعەت.