راگەیاندنكارانی ئافرەت لەنەینەوا
لە نێوان تێڕوانینی "نەرێنی"ی کۆمەڵگە و کۆتوبەندی خێڵەکی

وێنەكە لە ماڵپەڕی unsplash.com وەرگیراوە، لە ئەیلولی 2020

یوسرا عەلی – نەینەوا

"کارکردنی پیاو لە بواری راگەیاندن و رۆژنامەگەری لە نەینەوا شتێکی زۆر سانایە بە بەراورد لەگەڵ ئافرەت، بەو پێیەی ئافرەت کۆتوبەند کراوە بە نەریتەکانی کۆمەڵگە و خێزان"، یاسەمین محەمەد، كچە بێژەرێكی شاری موسڵ وایوت.

لەپاڵ گرفتە ئەمنییەکان و بە ئامانجگرتنی بەردەوامی میدیاکاران، پێویستە راگەیاندنکاری مێینە لە نەینەوا روبەڕوی ئاڵنگاری تر ببێتەوە کە بریتییە لە کۆتوبەندی کۆمەڵگە و نەریتە خێڵەکییەکان.

یاسەمین هۆکاری کەمبونەوەی ژمارەی راگەیاندنکار و رۆژنامەنوسی ئافرەتی لە پارێزگاری نەینەوا گەڕاندەوە بۆ ئەو ئاڵنگارییانە.

تێڕوانینی نەرێنی

"تێڕوانینی نەرێنی کۆمەڵگە لە نەینەوا دیارترین ئەو ئاستەنگانەیە کە دێنە سەر رێی ئەو ئافرەتانەی لە بواری راگەیاندن و رۆژنامەگەریدا کاردەکەن، بۆیە زۆربەیان بیر لە کشانەوە و وازهێنان لەو پیشەیە دەکەنەوە بۆ دەربازبون لەو گوشار و گرفتانەی لەسەر رێیان دەچێنرێن"، ئەوەش بە وتەی یاسەمین محەمەد.

ئەو ژنە راگەیاندنکارە پەیامێکی ئاراستەی هەموو ئەو ئافرەتانە کرد کە لەو بوارەدا کاردەکەن داوایان لێ دەکات "خاوەن ئیرادەیەکی بەهێزبن" و هەرگیز بیر لە وازهێنان لە پیشەی رۆژنامەنوسی نەکەنەوە بەهۆی تێڕوانینی نەرێنی کەسانێک کە بە "شکستخواردوو" ناویان دەبات، یاخود بەهۆی ئەوەی بەڕێوەبەری کەناڵێکی دیاریکراو گێچەڵیان پێ بکات.

53678148_417671868778724_4102841236912603136_n-1

نەینەوا/ 8ی ئاداری 2020/ رۆژنامەنوس یاسەمین محەمەد لەمیانەی بەشداریکردنی لە بۆنەیەک لەشاری موسڵ   وێنەکە لەپەیجی تایبەتی خۆی لە فەیسبوک وەرگیراوە

یاسەمین محەمەد، وەک زۆربەی  رۆژنامەنوسە ئافرەتەکانی تر، لە ماوەی کارکردنیدا، روبەڕوی گێچەڵ و هەراسانکردن بووە، کاتێک دەچێتە دەرەوە بۆ تۆمارکردنی راپۆرتێکی میدیایی دەبینێت زۆربەی خەڵک "چاوی لەسەر ناتروکێنن وەک ئەوەی هەڵەیەکی کردبێت"، دەشڵێت چەندین جار گێچەڵی پێکراوە لە بەرانبەر پێدانی کار، بەڵام رەتیکردۆتەوە و بەدوای کارێکی تردا گەڕاوە.

"شتێکی ئاساییە مێینە روبەڕوی دۆخی نەخوازراو ببێتەوە لەکاتی کارکردندا، بەڵام ئەمە هەرگیز بەو واتایە نییە رێگری لێ بکرێت لە پیشەی رۆژنامەنوسی، ئەم پیشەیە لەوە گەورەتر و فراوانترە کە بە کارکردن لای بەڕێوەبەرێک یان دامەزراوەیەکی دیاریکراو کورت بکرێتەوە، جیهان گەورەیە و دەتوانیت شوێنێک بدۆزیتەوە کاری تیا بکەیت".

سروشتی خێڵەکیی کۆمەڵگە

عیماد قوسەی عەباس، بەڕێوەبەری ئاژانسی عەین بۆ کەمینەکان دەڵێت "هێشتا مۆرکی خێڵەکیی بەسەر کۆمەڵگەکانماندا زاڵە، کە کۆمەڵێک عورف و نەریت دەسەپێنن کە رێگە بە ئافرەت نادات بەئازادی رەفتار بکات و پەیوەندییەکانی فراوانتر بکات، بۆیە دەبینین ژمارەیەکی زۆر کەمی رۆژنامەنوسی ئافرەت هەیە لە کۆمەڵگەی نەینەوا".

عیماد ئاماژەشی بە زیادبونی ژمارەی ئافرەی رۆژنامەنوسدا لە نەینەوا، بەڵام جەختیکردەوە کە ژمارەیان "وەک پێویست نییە"، دوپاتیشی کردەوە کە بونیان لە بواری راگەیاندن "گرنکییەکی زۆر"ی هەیە، بەو پێیەی رۆڵ دەگێڕن لە گواستنەوەی نەهامەتییەکانی ژنان، بەتایبەتی ئەوانەی روبەڕوی توندوتیژی دەبن.

لەو چوارچێوەیەدا، هاجەر عەلی، کچە خوێندکاری بەشی راگەیاندن لە زانکۆی موسڵ، بە (کەرکوک ناو)ی وت "کارکردنی مێینە لە بواری راگەیاندن لە پارێزگای نەینەوا زۆر قورسە".

کارکردنی مێینە لە بواری راگەیاندن لە پارێزگای نەینەوا زۆر قورسە

ئەو کچە خوێندکارە زیاتر وتی کە هەندێك خێزان هەیە "داخراون" و پاڵپشتی کچەکانیان ناکەن بۆ گەیشتن بە پلە و پایەیەک لەئاست هیوا و خواستەکانی بێت "بەبیانوی ئاین و عورف و نەریتەکان کە زاڵترن بەسەر کۆمەڵگەی موسڵدا بەراورد بە بیرکردنەوەی ژیرانە".

داواشیکرد پرۆگرامی وشیارکردنەوەی تایبەت بە مەسەلەکانی ژنان و مافەکانی و گرنگی بەهەندوەرگرتنی خواست و ئاواتەکانی کارا بکرێت، لەگەڵ پەسەندکردنی ئەو یاسایانەی خوێندن بۆ مێینە دەکات بە ئیجباری، بۆ ئەوەی رێگر بێت لەوەی "کەسانی بیرتەسک کۆنترۆڵی چارەنوسی کەسانی تر بکەن".

ژمارەیان کەمە

"رۆژنامەنوسی ئافرەت لێهاتویی خۆی لەکاری راگەیاندن سەلماندووە، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ پیاوان ژمارەیان کەمە"، بەوتەی عەلی شەمۆ، راوێژکاری پارێزگاری نەینەوا، ئاماژەشی بەوەدا کە ئامادەبونی ئافرەت لەو بوارە سنوردارە بە پێشکەشکردن و هەواڵسازی، نەک سەرپەرشتیکردن و دەرهێنان.

رۆژنامەنوسی ئافرەت لێهاتویی خۆی لەکاری راگەیاندن سەلماندووە، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ پیاوان ژمارەیان کەمە

عەلی شەمۆ جەختیکردەوە بۆ (کەرکوک ناو) لەبارەی پێویستی دامەزراوەکانی راگەیاندن لە پارێزگاکە بۆ پێگەیاندنی رۆژنامەنوسی ئافرەت لەڕێی خولی راهێنان و وێرکشۆپ بۆ ئەوەی شیاو بێت بۆ کارکردن لەهەموو جومگەکانی راگەیاندندا.

لەلایەکی ترەوە، کەمی ژمارەی رۆژنامەنوسی ئافرەتی راگەیاندنی گەڕاندەوە بۆ بەکەم سەیرکردنیان لەلایەن کۆمەڵگەوە بە پاساوی دەرچونیان لە نەریتەکانی کۆمەڵگە بەبۆچونی بەشێک لە توندڕەوەکان.

photo5404407278007856731

نەینەوا/ 8ی ئاداری 2020/ ژمارەیەک رۆژنامەنووسی نەینەوا، یاسەمین محەمەد لەلای چەپەوە وەستاوە   وێنەکە لەپەیجی تایبەتی یاسەمین محەمەد لە فەیسبوک وەرگیراوە 

لەپاڵئەوەشدا، کەمتەرخەمی وەزارەتی رۆشنبیری لە جێبەجێکردنی هەندێ بەرنامەی کە بایەخ بە رۆژنامەنوسی ئافرەت بدات و خراپی بارودۆخی ئەمنی و کەمیی دامەزراوە میدیاییەکان لەپارێزگاکە هۆکاری تری ئەو کێشەیەن.

ئامارێكی فەرمی نییە سەبارەت بە ژمارەی رۆژنامەنوسی ئافرەت لە نەینەوا، بەڵام دوو سەرچاوەی رۆژنامەنوسی بە (کەرکوک ناو)یان وت كە نزیکەی 15 ئافرەت "بەشێوەیەکی کارا" لە بواری راگەیاندن و رۆژنامەگەریی کاردەکەن لە بەرامبەر 200 رۆژنامەنوسی پیاو.

روبەڕوبونەوە و بەرگەگرتن

"بەربەستەکانی بەردەم رۆژنامەنووسانی ئافرەت لە نەینەوا نوێ نین، ئەو کێشەیە بەرۆکی ئەوانەشی گرتووە کە پێشتر پیشەی رۆژنامەنوسیان هەڵبژاردووە، زۆربەشیان توانیویانە سەرکەوتن بەدەستبهێنن، ئێمەش وا لەسەر شوێنپێی ئەوان دەڕۆین"، رۆژنامەنووس سینان سمیر بەو شێوەیە دوا بۆ (کەرکوک ناو).

سینان زیاتر وتی "گریان و بێئومێدبون دادمان نادات و تەنیا ئەنجامی خراپی لێدەکەوێتەوە، هیچ بژاردەیەک لەبەردەمماندا نییە جگە لە روبەڕوبونەوە و بەرگەگرتن...ناکرێت ئافرەت لەماڵەوە دابنیشێت و داوای مافەکانی بکات".

یاسەمین محەمەد گرنگی بەردەوامبوونی ژنە راگەیاندنکارەکان دەکات لەسەر کارەکانیان، چونکە بونیان لەوپێگەیە بەواتای یارمەتیدانی ژنانی ترە لەچارەسەرکردنی کێشەکانیان، ئافرەت دەتوانێت نەهامەتی راستەقینەی هاوڕەگەزەکانی خۆی بگەیەنێت بەو پێیەی درک بە هەندێك وردەکاری دەکات کە لەوانەیە لە راگەیاندندا ون بێت، دەشتوانێت سەرنجی خەڵک بۆ ئەو کەیسانە رابکێشێت کە لەوانەیە "هەستیار" بن بە حوکمی عورف و نەریتەکان. 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT