رزگاربوانی دەستی داعش لە بەغدا بون
بە كۆمەڵێك داواكارییەوە رۆیشتن و بە دەستكەوتەوە گەڕانەوە

بەغدا/ 20ی ئەیلولی 2020/ دیداری بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عیراق، لەگەڵ ژمارەیەک لە رزگاربووانی دەستی داعش   فۆتۆ: راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار

كەرکوك ناو

ژمارەیەک لە ژنان و کچانی رزگاربوی دەستی داعش (لە هەریەک لە پێکهاتەی ئێزیدی، شەبەک و تورکمان)، داواكارییەكانیان دەگەیەننە حكومەتی فیدراڵ، لە نێویاندا دەركردنی یاسای تایبەت بە رزگاربوانی دەستی داعش، دەركردنی ناسنانە بۆ منداڵەكانیان، نەخۆشخانە و پەناگە. بە كۆمەڵێك دەستكەوتیش گەڕانەوە.

ئەو داواكارییانە لەچەند رۆژی رابردودا، لەگەڵ سەرۆك كۆماری عیراق، وەزارەتە پەیوەندیدارەكان و بەشێك لە حزبە سیاسییەكان تاوتوێكران، دوای ئەوەی شاندێكی رزگاربوانی دەستی داعش سەردانی بەغدایان كرد.

گرنگی دەرکردنی یاسایەک بۆ رزگاربوانی دەستی داعش

بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عیراق، لە كۆبونەوەیەكیدا لەگەڵ شاندەكە، جەخیتکردەوە لەسەر گرنگی قەرەبوکردنەوەی ئەوانەی بەهۆی "تیرۆر"ەوە  زیانیان بەرکەوتووە لەڕوی ماددیی و مەعنەوییەوە، هەروەها چارەسەرکردن و چاودێریکردنیان و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆیان.

سەرۆك كۆمار لەگەڵئەوەشدا داوای گرتنەبەری ئەو رێوشوێنانەی كرد كە دەبنە هۆی ئاوێتەکردنەوەی رزگاربوان و قوربانیانی دەستی داعش لەناو کۆمەڵدا و  دابینکردنی پەناگە و شوێنی نیشتەجێبونی گونجاو بۆیان.

بەرهەم ساڵح داوای تەواوکردنی یاسای رزگاربوانی دەستی داعش کرد، "فراوانکردنی بەجۆرێک کە توێژەکانی تریش بگرێتەوە لەپێناو زامنکردنی مافی قوربانیان".

ئەو جەختیکردەوە کە لەپێگەی خۆیەوە پاڵپشتی بەدیهێنانی مافەکانیان دەکات و بەبەردەوامی و بە چڕی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کار دەکات بۆ ئەو ئامانجە.

داواشیكرد ئەوانەی تێوەگلاون لە ئەنجامدانی تاوانی رفاندن و بەکەنیزەکردنی قوربانیان هیچ لێبوردنێکی گشتی یان تایبەت نەیانگرێتەوە و سزاکەیان لەسەر لا نەبرێت.

ژنان و کچانی رزگاربوی دەستی داعش بەشدارییان کرد لە کۆنگرەی بەگژداچونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، کە گردبونەوەی "عیراقیون" بە سەرۆکایەتی عەممار حەکیم سازی کردبوو.

حەکیم لە میانەی كۆنگرەكەدا  وتی "چیرۆکی تۆقێنەرمان لەبارەی بەسەرهاتەکانی رزگاربوانی دەستی داعش لەسەر دەستی ئەو تاقمانە بەرگوێ کەوت"، داوایکرد پەلەبکرێت لە دەرکردنی یاسای رزگاربوانی دەستی داعش و هەموو ئەو ئافرەتانە بگرێتەوە کە دیلی رێکخراوی داعش بون.

پڕۆژە یاسای رزگاربوانی دەستی داعش کە ئاراستەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کراوە، ئاماژە بە قەرەبوکردنەوەی رزگاربوان دەکات لەڕوی ماددیی و مەعنەوییەوە، لەگەڵ دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆیان، جگە لەوەش پڕۆژە یاساکە ئامانجێتی رێوشوێنی پێویست بگیرێتە بەر بۆ ئاوێتەکردنەوەی رزگاربووان لەناو کۆمەڵدا و بنیاتنانەوەی ژێرخانی ناوچەکانیان.

کردنەوەی نوسینگە لە شنگال بۆ دەرهێنانی ناسنامەی باری شارستانی

عوسمان غانمی، وەزیری ناوخۆی عیراق لە 21ی ئەیلولی 2020 چاوی کەوت بە ژمارەیەک لە رزگاربوانی دەستی داعش و فەرمانیدا بە کردنەوەی نوسینگە لە قەزای شنگال، داواشیکرد هەموو کێشەکانیان چارەسەر بکرێت و ناسنامەی باری شارستانی بۆ منداڵەکانیان دەربهێنرێت دوای پێکهێنانی تیمێکی پسپۆڕی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی باری شارستانی و پاسپۆرت و نشینگە بەهەماهەنگی لەگەڵ دادگاکانی عیراق.

لەبەیاننامەیەکدا پاش دیدارەکە، وەزیری ناوخۆ وتی "پێکهاتەی ئێزیدی شایەنی بەخششی زۆرە لەلایەن ئێمەوە، چونکە دەستبەرداری نیشتمانپەروەری نەبون و پاراستیان و وڵاتیان بەجێنەهێشت".

وەزیری کار: بەشێکی تایبەت بە چاودێری کۆمەڵایەتی لە شنگال دەکەینەوە

لە بەغدا، ژنان و کچانی رزگاربوی دەستی داعش لەگەڵ عادل رکابی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کۆبونەوە، رکابی ئامادەیی وەزارەتەکەی دوپاتکردەوە بۆ پشتیوانیکردن و یارمەتیدانیان و بڕینەوەی موچە بۆ کەسانی شایستە بە پشتبەستن بە یاسا کارپێکراوەکان، هەروەها بابەتی کردنەوەی خانەیەک بۆ منداڵانی بێسەرپەرشت لەلایەن ژمارەیەک رێکخراوی نێودەوڵەتییەوە و کردنەوەی بەشی چاودێری کۆمەڵایەتی لە قەزای شنگال خرایەڕوو.

119977284_3342109322563708_4365202700689013358_n

بەغدا/ 21ی ئەیلولی 2020/ كۆبونەوەی رزگاربوانی دەستی داعش لەگەڵ مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران

عادل رکابی، فەرمانی کرد بە ناردنی تیمێک بۆ کەمپەکانی ئاوارەکان لەهەفتەی داهاتودا بۆ هەڵوەستەکردن لەسەر بارودۆخی ئەو خێزانانەی لەوی َ دەژین، داواشی لە فەرمانگەکانی چاودێری کۆمەڵایەتی کرد دەست بەدابەشکردنی موچەی چاودێری کۆمەڵایەتی بکەنەوە بۆ ئەوانەی پێشتر سودمەند بون لەو یارمەتییە.

وەزارەتی تەندروستی بڕیاری دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی 50 قەرەوێڵەییدا لە شنگال

حەسەن محەمەد، وەزیری تەندروستی و ژینگەی عیراق بڕیاریدا نەخۆشخانەیەکی 50 قەرەوێڵەیی لە قەزای شنگالی خۆرئاوای نەینەوا دروستبکرێت و هەموو کەلوپەل و پێداویستییە پزیشکییەکانی و کارمەندی بۆ فەراهەم بکرێت. هەروەها پڕۆژەکە لە ماوەی دوو مانگدا تەواو بکرێت.

لە کۆبونەوەیدا لەگەڵ رزگاربوانی دەستی داعش داوای کرد بەدواداچون بۆ هەموو داواکاریی و پێشنیازەکانیان بکرێت.

کازمی: کار دەکەین بۆ ئەوەی ئەوەی رویدا دوبارە نەبێتەوە

لەمیانەی پێشوازیکردن لە کۆمەڵێک لە ژنان و کچانی رزگاربوی دەستی داعش، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عیراق وتی "لە بارودۆخی سەخت تێپەڕ بون، بەڵام چۆن کەڵک لەم ئەزمونە وەربگرین بۆ ئەوەی بتوانین بتانپارێزین لەئێستا و داهاتودا و ببێتە وانەیەک بۆ هەمومان، چ وەک عیراقی و چ وەک مرۆڤ، پێویستە کار بکەین بۆ ئەوەی ئەوەی رویدا دوبارە نەبێتەوە".

رزگاربووانی دەستی داعش سەردانی دەزگای شەهیدانیان کرد و چاویان کەوت بەسەرۆکەکەی کە وێڕای رێزلێنان لە وتەیەکدا داوای قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی جینۆسایدی ئێزیدییەکان کرد.

شنگال، کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی لە پێکهاتەی ئێزیدین، لە ئابی 2014 روبەڕوی هێرشی داعش بونەوە، هەزاران هاوڵاتی ئێزیدی کوژران و رفێنران، شارەکە بوو بە وێرانە، تا لە تشرینی دووەمی 2015 کۆنترۆڵکرایەوە. 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT