ژمارەیەك لە سەرۆك هۆزەكانی كەركوك، لە عەرەب، كورد و توركمان، ئەنجومەنی دانایانیان لە كەركوك راگەیاند، كە ئامانج لێی چارەسەركردنی كێشەكانە لەڕێی دیالۆگ و گفتوگۆوە، لە یەكەم هەنگاویشدا "خوێنڕشتن بۆ چارەسەر كێشەی زەوەییە كشتوكاڵییەكان حەرامكرا".
ئەو ئەنجومەنە چوارشەممە 23ی ئەیلول، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا راگەیەنرا، ئەوەش بە ئامادەبونی ژمارەیەك لە سەرۆك هۆز و عەشیرەتەكان، كەسایەتییەكانی پارێزگای كەركوك.
كۆنگرەكە كە لە ناحیەی لەیلان بەڕێوەچوو، تیایدا، عامر تائی، ئەمیندارى گشتى ئەنجومەنى دانایانى عیراق وتی "ماوەى ساڵێک دەبێت ئەنجومەنی دانایان لە زۆربەی شارەکانی عیراق دامەزرێنراوە، ئەمڕۆش لە كەركوك دامانمەزراند".
"ئەنجومەنەكە کار بۆ پێکەوەژیان و برایەتی نێوان پێکهاتەکانی شاری کەرکوک دەكات، لەگەڵ چارەسەركردنی ئەو کێشانەی پەیوەستن بە چارەنوسی پێکهاتەکانەوە... یەکەم کاری ئەنجومەنی دانایانی کەرکوک حەرامکردنی خوێنڕشتن و چارەسەری کێشەکانە لەڕێی دیالۆگ و گفتوگۆ، بەتایبەت بۆ كێشەی زەوی و زارە كشتوكاڵییەكان".
ئەنجومەنەكە کار بۆ پێکەوەژیان و برایەتی نێوان پێکهاتەکانی شاری کەرکوک دەكات
نەجات محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی دانایانی کەرکوک، لەبارەی ئەنجومەنەكەوە وتی "گرنگترین کار بۆ ئێمە چارەسەركردنی کێشەی زەوی و زارە کشتوکاڵییەكانە لە سنوری پارێزگای کەرکوک و بەرزکردنەوەی داواکاری جوتیارانە بۆ لێپرسراوانی حكومی".
جەختكردنەوە لە چارەسەركردنی كێشەی زەوی و زارە كشتوكاڵییەكان لەڕێی ئەو ئەنجومەنەوە، دوای ئەوە دێت كە لە ژمارەیەك ناوچەی كەركوك ناكۆكی لەنێوان جوتیارانی پێكهاتەكانی كەركوك دروستبوو و زۆری نەمابوو سەربكێشیت بۆ روبەڕبونەوەی چەكداریی.
بەو هۆیەوە وەزارەتی دادی عیراق چوارشەممە 23ی ئەیلول بڕیاریدا ئەو گرێبەستە كشتوكاڵییانەی لەسەردەمی بەعسدا كرابون هەڵبوەشێنرێنەوە.
عوسمان ئاغای زەنگەنە، لەبارەی ئەنجومەنی دانایانەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "دروستکردنی ئەم ئەنجومەنە بۆ پتەوکردنی برایەتیی و پێکەوەژیان لە کوردستان و هەموو عیراق".