راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت، بۆ هەر مانگێك پێویستی بە نزیكەی 616 هەزار دینارە بۆ ئەوەی بەڵێنی بڵاوكردنەوەی چالاكییەكانی بە هەرسێ زمانی عەرەبی، كوردی و توركمانی بباتەسەر.
لە مانگی ئازاری 2018، نوسینگەی راكان سەعید بڕیاریدا چالاكییەكانی پارێزگار بەهەرسێ زمانی پێكهاتە سەرەكییەكانی شاری كەركوك (عەرەبی، كوردی و توركمانی) بڵاوبكاتەوە و لە 5ی ئازاری هەمان ساڵ و بۆ یەك رۆژ بڕیارەكەی جێبەجێكرد، بەڵام بەردەوامی پێنەدا.
مەروان ئیبراهیم عانی، لێپرسراوی راگەیاندنی پارێزگای کەرکوک، بە (كەركوك ناو)ی وت "بەڵێ ئەو بەڵێنە راست بوو بۆ بڵاوكردنەوەی چالاكیی و راگەیەنراوە فەرمییەكان بە زمانی پێكهاتەكانی شارەكە، چونكە ئەوکات پارەیەکی زۆرمان لە بەردەستدا بوو، ئەوکات ئیدارەی پارێزگا توانیبوی پارەیەكی باش بۆ لە بەغداوە بەناوی راگەیاندنەوە بەدەستبهێنێت و دەمانتوانی گرێبەست لەگەڵ ئەو کەسانە بکەین کە دەتوانن وەرگێڕان بکەن بۆ زمانەکان، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەوەی بودجە و پارە نییە و بەغدا هەموو گرێبەستەکانی راگرتووە، بۆیە ناتوانین لەگەڵ کەسانێک رێکبکەوین بۆ وەرگێڕانی بابەتەكان".
ناتوانین لەگەڵ کەسانێک رێکبکەوین بۆ وەرگێڕانی بابەتەكان
ئەو وتەیەی مەران عانی لەكاتێكدایە، ئەو چالاكیی و راگەیەنراوانەی راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردۆتەوە، لە یەكی ئەیلول تا 25 ئەیلول، 33 بابەتن، كە بە هەمویان سێ هەزار و 594 ووشەن.
بەپێی چەند وەرگێڕێكی یاسایی كە (كەركوك ناو) قسەی لەگەڵ كردون، بۆ وەرگێڕێكی زۆر باش بۆ هەر ووشەیەك 7 سەنتی پێدەدرێت، بەوەش كۆی راگەیەنراو و چالاكییەكانی پارێزگار لەو ماوەیەدا دەكاتە 616 هەزار دیناری عیراقی.
مەروان عانی، وتی "هەندێك راگەیەنراو هەیە بەهەرسێ زمانی عەرەبی، كوردی و توركمانی بڵاویاندەكەینەوە بەڵام ناتوانین بڵێن ئێستا بەشێوەیەکی فەرمی هەر چوار زمانە فەرمییەكەی كەركوك هەیە".
بەڵام لەو 33 راگەیەنراو و چالاكییەی راكان سەعید لە مانگی ئەیلولدا بڵاویكردۆتەوە، هەر هەمویان تەنیا بە زمانی عەرەبین.
"چاوەڕوانین بەم نزیکانە حکومەت بڕە پارەیەک بۆ ئەو بابەتە تەرخان بکات و ئێمەش گرێبەست بکەین لەگەڵ ئەو کەسانەی کە دەتوانن کاری وەرگێڕان بکەن، بڕیاریشمانداوە بەم نزیکانە کەسانێک دابێنین و هەموو سەر کاتژمێرێک خەڵک ئاگادار بکەینەوە لە کار و چالاکییەکانمان، نەک ئەوەی ئێستا دوو رۆژ یان سێ رۆژ جارێک بڵاویاندەکەینەوە". مەروان عانی وایوت.
(كەركوك ناو)، زانیویەتی لە ژوری راگەیاندن و بەشەكانی تری ئیدارەی كەركوك دەیان كارمەند هەیە لە نەتەوە جیاوازەكانن و دەتوانن بابەتەكان بۆ زەمانەكانی خۆیان وەربگێڕن.
یەكێك لەو وەرگێڕە یاساییانەی (كەركوك ناو) قسەی لەگەڵ كردون و 33 چالاكییەی راكان سەعیدی بینی، جەختیكردەوە "هیچ یەكێك لەو 33 بابەتە نیو كاتژمێری پێناچێت بۆ وەرگێڕان و كارێكی زۆر ئاسانە".
هیچ یەكێك لەو 33 بابەتە نیو كاتژمێری پێناچێت بۆ وەرگێڕان و كارێكی زۆر ئاسانە
ئەوەش لەكاتێكدایە زمانەكانی عەرەبی، كوردی، توركمانی و سریانی، چوار زمانی سەرەكی و فەرمی شارەكەن.
"بونی ئەو چوار زمانە لە کەرکوک زۆر گرنگە، خودی پارێزگای کەرکوک گرنگی بەهەر چوار زمانەکە دەدات لە نوسراوەکاندا، بەڵام نەبونی بودجە رێگربووە لەو کارە و نوسینی تابلۆکانی سەر فەرمانگەکانی حکومەت"، مەروان عانی زیاتر وتی "تەنانەت پارێزگار وتویەتی بەهیچ شێوازێک قبوڵ ناکەم تابلۆی فەرمانگەکان کەموکورتی تێدابێت، لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست دەکەینەوە بە بڵاوکراوەکان بە هەر چوار زمانەکە، چونکە کەرکوک بەبێ چوار زمانەکە جوانی خۆی لەدەستدات".
لە مانگی ئازاری 2018دا كاتێك راكان سەعید بڕیاریدا زمانی هەموو نەتەوەكان لە چالاكیی و راگەیەنراوەكانی بەكاربهێنێت، هاوكات بوو لەگەڵ نزیكبونەوەی دەستپێكی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق، كە راكان سەعید خۆی یەكێك بوو لە كاندیدەكان.
ئەوكات مەروان ئیبراهیم ئەلعانی، لێپرسراوی راگەیاندنی پارێزگای كەركوك بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو هەنگاوە پەیوەندی بە هەڵبژاردنەكان و بانگەشەی ئەو پرۆسەیەوە نییە، ئەم بابەتە تەنیا پیشەیی و ئیدارییە و هیچی تر... دەمانەوێت هەواڵ و چالاكییە هاوبەشەكانی ئیدارەی كەركوك بە زمانی خۆیان بگاتە نەتەوەكان".