خۆپیشاندانی دەرچووانی ئەندازیاری لە كەركوك بۆ ماوەیەك سڕكرا، ئەوەش دوای ئەوەی بەڵێنی دامەزراندن بە شێوەی گرێبەست بۆ 1000 دەرچوی زانكۆ و پەیمانگە دەرچوو، كە 700 كەسیان وەك پشكی دەرچووانی ئەندازیاری دیاریكراوە.
نزیكەی ساڵێكە دەرچوانی بەشە ئەندازیاریی و زانستەكانی زانكۆی كەركوك لە خۆپیشاندان بەردەوامن لەبەردەم بینای پارێزگار و كۆمپانیای نەوتی باكور و داوای دامەزراندن دەكەن، لەئێستاشدا بەڵێنیان پێدراوە هەزار كەسیان بۆ دادەمەزرێنرێت. ئەوەش دوای ئەوەی نوێنەریان لەگەڵ وەزیری نەوتی عیراق كۆبوەوە.
توانا یاسین، كە وەك نوێنەری دەرچووانی کۆلێژی ئەندازیاری چووە بەغدا و چاوی بە وەزیری نەوت كەوت، بە (كەركوك ناو)ی وت "داواكارییەكانمان خستەبەردەم وەزیری نەوت، پێمانوت بۆچی لە خوارو و ناوەڕاستی عیراق دەرچووەكان دامەزرێنراون كە ژمارەیەان 600 كەسە، بەڵام دامەزراندن بۆ ئێمە نییە، وەزیری نەوت بەڵێنی دامەزراندنی پێداین لە كۆمپانیای نەوتی باكور".
داواكارییەكانمان خستەبەردەم وەزیری نەوت، بەڵێنی دامەزراندنی پێداین لە كۆمپانیای نەوتی باكور
وەزیری نەوتی عیراق بڕیاری دامەزراندنی 1000 كەسی داوە لە كۆمپانیای نەوتی باكور، بەڵام بەشێوەی گرێبەست و بۆ ماوەی سێ مانگ لەگەڵ ئەگەری درێژكردنەوەی گرێبەستەكە.
ئیدارەی کۆمپانیای نەوتی باکور، دوای ئەو سەردانە دابەشكردنی فۆرمی ئەلكترۆنی راگەیاند، بەڵام دەرچووان بەوە رازی نەبون و گومانیان لە "پشك پشكێنە و خزم خزمێنە هەبوو".
توانا یاسین، وتی "بە فشاری ئێمە دامەزراندن لەڕێی فۆرمی ئەلكترۆنی كۆمپانیای نەوتەوە راگیرا، ئەوەبوو ناوەكانمان رادەستی پارێزگار كرد تا دور لە پشك پشكێنە و خزم خزمێنە لەوێوە بۆ كۆمپانیا بەرزبكرێتەوە".
ئەو هەزار كەسەی بڕیارە دابمەزرێنرێن، ناوی 600 كەسیان لەلایەن گروپی خۆپیشاندەرانی ئەندازیارانەوە رەوانەكراون، كە بە خۆپیشاندەرانی كۆن ناو دەبرێت، 100 كەسیش لەلایەن خۆپیشاندەرانی نوێی ئەندازیارییەوە.
ئەو 300 كەسەی تر، 100 ناو بۆ دەرچووانی پەیمانگەكان، 100 لە دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگەكان و 100 كەسەكەی تریش بۆ دەرچووانی بەشەكانی تر.
مەروان عانی، لێپرسراوی راگەیاندنی پارێزگاری كەركوك، لەبارەی ناوەكانەوە كە ئاراستەی نوسینگەی پارێزگار كراوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "پارێزگار، پاڵپشتی یەکەمی ئەو دەرچووانەیە و لە خەمی گەیاندنی داواکاریەکانیاندا بووە، بۆیە بۆ وەزارەتیش هاوسەفەریان بوو... پارێزگار گلەیی دەرچوانی گەیاندە شوێنی خۆیی و بەهەوڵی ئەو، فۆرمە ئەلكترۆنییەكە گۆڕدرا و لەبری ئەوە ناوەكان بەشێوەی فۆرم بەرزكرانەوە بۆ وەزارەت".
پارێزگار، پاڵپشتی یەکەمی ئەو دەرچووانەیە و لە خەمی گەیاندنی داواکاریەکانیاندا بووە
دامەزراندنی ئەو دەرچووانە بەشێوەی گرێبەستی سێ مانگییە، كارەكانیان زیاتر راهێنان دەبێت لەناو كۆمپانیا، گرێبەستەكە دواتر ئەگەری درێژكردنەوەی دەبێت، "یان ئەگەر لە چوارچێوەی بودجەی ساڵی 2021 دامەزراندن كرایەوە، ئەوكات دەتوانرێت لە دامەزراندنی گشتیدا جێیانبكرێتەوە"، مەروان وایوت.
ئەو هەوڵە دوای ئەوە دێت كە چەندین مانگە دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگەكانی كەركوك بەتایبەت بەشە ئەندازیاریی و زانستەكان بە رۆژ و شەو، لەبەردەم بینای پارێزگار گردبونەوە دەكەن.
نورسەن غالب، یەکێک لە نوێنەرانی خۆپیشاندەرانی کۆلێژی زانست، بەشی کیمیا، لەبارەی ئەو هەوڵە نوێیەوە، وتی "لەم دامەزراندنەی کۆمپانیای نەوتی باکور رێژەی لەسەدا 15مان پێدراوە لەکۆی ئەو هەزار کەسەی بڕیارە دابمەزرێنرێن، هەرچەندە رێژەیەکی کەمە، بەڵام لەگەڵئەوەشدا ترسمان هەیە بەڵێنەکە جیبەجێنەكەن و فریومان بدەن".
بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو)، بڕیارە لە هەفتەی ئایندەدا، ناوی دامەزرێنراوان بگەڕێتەوە و دەستبەكاربن. بەو هۆیەوە خۆپیشاندانی دەرچووانی ئەندازیاری بۆ ماوەیەك سڕكراوە.