كۆرۆنا شین و شاییی كاكەییەكان لەگەڵ خۆی دەبات

كەركوك/ گەورەترین گۆڕستانی كاكەییەكان لە گوندی تۆپزاوا لە باشوری داقوق لەكاتی كەرەنتینەدا فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

"زۆر حەزدەكەین جارێكی تر بە شوێنە پیرۆزەكانمان شادببینەوە، نزای لێبكەین و لە شین و شایی پێكەوە بین"، ئەمە یەكێكە لە ئاواتەكانی سامی رەفعەت (59ساڵ). ئەو خۆزگە دەخوازێت كۆرۆنا كۆتایی بێت تا كاكەییەكانی داقوقیش بتوانن مەراسیم و بۆنە ئایینییەكانیان دەستپێبكەنەوە.

سامی رەفعەت، كاكەییە، لە داقوق دەژیت و دەڵێت "هەشت مانگە تەنیا لە ماڵەوە زیكر و نزا دەكەین"، بەڵام بیری گۆڕستان و شوێنە پیرۆزەكانیان دەكات، بیری كۆڕ و كۆبونەوە كۆمەڵایەتییەكان دەكات، كە بەپێی بانگەوازێكی  زانا و گەورە سەیدی ئایینی یارسان لە ئێستادا لێیان قەدەغەكراوە.

هەشت مانگە تەنیا لە ماڵەوە زیكر و نزا دەكەین

لەگەڵ بڵاوبونەوە و تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە عیراق و جیهان، سەید نەسردین حەیدەری، گەورە سەیدی ئایینی یارسان، بانگەوازێكی ئاڕاستەی شوێنكەوتووانی ئەو ئایینە كرد و تیایدا هەموو مەراسیم و گردبونەوەیەکی ئایینی و كۆمەڵایەتی راگرت، ئەوەش لە پیناو پاراستنی ژیانی كاكەییەكان.

كاكەییەكانی داقوق و گوندەكانی دەوروبەری لەگەڵ بڵاوكردنەوەی بانگەوازەكە، هەموو مەراسیمەكانیان راگرت و تائێستاش پێوەی پابەندن.

چیتر بە كۆمەڵ ناچن بۆ مەزاری زێبار لە ئاوایی زەنقەر، تا داوای بەدیهێنانی ئاواتەكانیان بكەن؛ ناشتوانن لە مەزاری ئیمام ئەحمەد كۆببنەوە و نزا بكەن. هەروەها ئاهەنگەكانی بوك گواستنەوە و جەژنی لەدایكبونیان بگێڕن و دۆست و خزمەكانیان بانگهێشت بكەن.

ئەمە لێكەوتەیەكی تری ڤایرۆسی كۆرنایە بۆ سەر ئەو پێكهاتەیە لە باشوری كەركوك، لەپاڵ لێكەوتە ئابوری، ئەمنی و كۆمەڵایەتییەكانی تردا.

daquqq
كەركوك/ گەورەترین گۆڕستانی كاكەییەكان لە گوندی تۆپزاوا لە باشوری داقوق لەكاتی كەرەنتینەدا فۆتۆ: كەركوك ناو

"دوركەوتنەوەی كۆمەڵایەتی پەیڕەو دەكەین، زیكر و پاڕانەوە لەماڵی خۆمان دەکەین؛ ژیانی خۆمان و ئەوانی تریش دەپارێزین"، سامی رەفعەت وایوت.

پابەندبونی شوێنكەوتووانی ئایینی یارسان بە بانگەوازەكەی سەید نەسرەدینەوە، لەكاتێكدایە دەرگای مزگەوتەكان بۆ شوێنكەوتووانی ئایینی ئیسلام لە عیراق كراونەتەوە و نوێژخوێنان بەپێی چەند رێنماییەك دەتوانن هاتوچۆی مزگەوت بكەن و نوێژی هەیینی بكەن.

كاكەییەكان كە هەر بەئەهلی حەق و یارسانیش ناسراون، لە داقوق سێ شوێنی پیرۆزییان هەن، دیارترینیان مەزاری گوندی زەنقەر لە باشوری قەزاكە، كە گۆڕی سەید زرێبار كاكەیی لێیە و كاكەییەكان و خەڵكی تریش بۆ نزا و پاڕانەوە و بەدیهێنانی ئاواتەكانیان روی تێدەكەن.

ئەو مەزارە دوای شەڕی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە داعش لە ساڵی 2017 تەقێنرایەوە و دواتر هەمان ساڵ خەڵكی ناوچەكە نۆژەنیان كردەوە.

لەئێستادا مەزارەكە لەچاوەڕێی كۆتاییهاتنی مەترسییەكانی ڤایرۆسی كۆرنایە تا جارێكی تر خەڵك روی تێبكات.

كاكەییەكان جگە لە بۆنە ئایینیەكان، كۆتاییانهێنا بە ئاهەنگەكانی هاوسەرگیریی و شەكراو خواردنەوە، هەروەها جەژنی لەدایكبون و هەندێك بۆنەی كۆمەڵایەتی تر.

"ئێمە لە چاوەڕوانی ئەوەداین كاكەیی بە بۆنە كۆمەڵایەتییەكان و جێگا پیرۆزەکانیان شادببنەوە... ئەگەر هەندێك بۆنە بشكرێت گردبونەوەی گەورە سازناكرێت، لەماڵەوە دەبین و خۆمان دەپارێزین"، سامی رەفعەت وایوت.

ئێمە لە چاوەڕوانی ئەوەداین كاكەیی بە بۆنە كۆمەڵایەتییەكان و جێگا پیرۆزەکانیان شادببنەوە

ئیبراهیم مستەفا ئاغا کاکەیی (71 ساڵ)، سەرۆك هۆزی كاكەییەكان لە عیراق، لە سەرەتای بڵاوبونەوەی پەتاكە، هۆزەكەی لە مەترسییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئاگاداركردەوە و چەندین رێكاری بڵاوكردەوە و داوای پابەندبونی لێكردن.

ئیبراهیم ئاغا، دانانی پرسەی سڕكرد، ئاهەنگ گێڕان و بۆنە كۆمەڵایەتییەكانی لابرد، زیکر و پاڕانەوەی له‌ تەكییەكان نەهێشت، لەگەڵ قەدەغەی تەوقەکردن، ماچكردنی دەستی سەیدی كاكەییەكان و سەردانیكردنی گۆڕی مردووان و چەند رێنماییەكی تر.

بەر لە بڵاوبونەوەی كۆرۆنا، كاكییەكانی داقوق زیاتر سەردانی مەزاری ئیمام ئەحمەدیان دەكرد لە پارێزگای كەركوك.

لە عیراقدا دەیان مەزارگەی تریان هەیە، بەناوبانگترینیان مه‌زارگەی حه‌زره‌تی سوڵتان ئیسحاقە له‌ هه‌ڵەبجه‌، مه‌زاری سه‌ید ئیبراهیم له‌ به‌غدا، مه‌زاری سه‌ید هه‌یاس، بابا حه‌یدر و بابا یادگار له‌ ده‌شتی نینه‌وا و باوه‌ مه‌حمود له‌ خانه‌قین.

رەجەب عاسی (42ساڵ)، چالاكوانی مەدەنی كاكەیی لە داقوق، داوای لە كاكەییەكان كرد بەردەوامبن لەو خۆپارێزییە و وتی "نامەکەی سەید نەسردین حەیدەری، گەورە سەیدی ئایینی یارسان کاریگەری باشی هەبوو لە سەر کەمکردنەوەی بۆنە و مەراسیمە ئایینیەكان".

"دەبێت لەسەرخۆ بین، رۆژێك دێت ئەمەش تێدەپەڕێنن و دەتوانین بچینە شوێنە پیرۆزەكانمان و پێكەوە شین و شایی بكەین".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT