بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی نەینەوا کەسێکیان لە اری موسڵ دەستگیرکرد کە بڕی 40 ملیۆن دیناری لە ئافرەتێک وەرگرتووە، دوای ئەوەی هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنە تایبەتییەکانی لێكردووە، ئەوەش دووەم کەیسی لەو جۆرە بوو لە ماوەی 30 رۆژەدا.
ئەو كەسە رۆژی یەکشەممە، 27ی ئەیلول، لەلایەن هێزێکی هاوبەشی پۆلیسی کۆمەڵگەیی و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی نەسڕ (بنکەی پۆلیسی ئەحرار)ی سەر بە فەرماندەیی پۆلیسی نەینەوا، دەستگیركرا، دوای ئەوەی ئافرەتێك سكاڵای تۆماركرد بەوەی لەلایەن كەسێكی نەناسراوەوە لەڕێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە هەڕەشەی لێدەكرێت.
یەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی نەینەوا لە راگەیەنراوێكیدا جەختیكردەوە "دوای کۆکردنەوەی زانیاریی و گەڕان و لێکۆڵینەوە توانرا ناسنامەی راستەقینەی ئەو کەسە بدۆزرێتەوە، دوای وەرگرتنی رەزامەندی دادوەری لێکۆڵینەوە ئەو تۆمەتبارە دەستگیرکرا کە لەڕێی پەیجێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە (فەیسبوک) لەژێر ناوێکی ساختەوە هەڕەشەی لەئافرتەکە کردبوو".
دوای کۆکردنەوەی زانیاریی و گەڕان و لێکۆڵینەوە توانرا ناسنامەی راستەقینەی ئەو کەسە بدۆزرێتەوە
بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەشداوە کە تۆمەتبارەکە بەدرێژایی چوار ساڵ هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە تایبەتییەکانی ئەو ئافرەتەی کردووە و لەو ماوەیەدا نزیکەی 40 ملیۆن دیناری لێکێشاوەتەوە.
تۆمەتبارەکە لە گەڕەکی ئینتیساری بەری چەپی شاری موسڵ دەستگیرکراوە.
هاوکات، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی نەینەوا وێنەیەکی ناڕوونی تۆمەتبارەكەی بڵاوکردەوە کە زانیارییە تایبەتییەکانی لەسەر نوسراوە کە دەریخستووە تۆمەتبارەکە لە دایکبوی ساڵی (1995)ە.
ئەوەش دووەم کەیسی لەو جۆرە بوو لە ماوەی 30 رۆژدا.
لە 31ی ئابی 2020، پۆلیسی نەینەوا سکاڵایەکی لە قوربانییەکی ئەو جۆرە هەڕەشانە بەدەستگەیشت، سەرەنجام تۆمەتبارێكیان دەستگیرکرد کە داوای پارەی لە ئافرەتێک کردبوو بەرانبەر بڵاونەکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ تایبەتییەکانی.
تۆمەتبارەکە لە گەڕەکی (ریفاق)ی بەری چەپی موسڵ دەستگیر کرابوو.
زیکرا سەرسەم، چالاکوانی مافەکانی ژنان، لەلێدوانێکدا بۆ (کەرکوک ناو) هۆشداری دا لە تەشەنەسەندنی ئەو جۆرە حاڵەتانە، کە بەوتەی ئەو، لە هەندێك كەیسدا بە كوژرانی ژنەكە كۆتایی هاتووە.