ناو، ناونیشان، هاشتاگ، داستانی ئەوینداریی و نامەکانی خۆشەویستی نیشتمان بە زمانی جیاجیا.. ئەمانە بەشێکن لەو نوسینانەی کە دیواری فەرمانگە حکومییەکان، مزگەوتەکان، خانووەکان، پاشماوەی ئۆتۆمبێلە تێکشکاوەکان و تەنانەت حاوییەکانیشیان تەنیوە و بونەتە تۆماری سەردەمێکی تاریک لە مێژووی قەزای تەلەعفەری خۆرئاوای موسڵ، کاتێک لەژێر چەپۆکی رێکخراوی داعشدا بوو.
بەشێک لە نوسینەکان ئاماژە دەکەن بۆ ناو و زێدی کەسانێک کە بەشداربون لە کۆنترۆڵکردنەوەی قەزاکە، بەشێکیشیان گوزارشت لە سۆزداریی و وەسفی خۆشەویستی دەکەن، کە هەندێکجار سنوری داب و نەریتیە گشتییەکانیان بەزاندووە، هاوکات بەشێکی تر لە نوسینەکان تەنز ئامێزن و خەندە دەخەنە سەر لێوی خوێنەرەکانیان، لەگەڵ پەندی پێشینان و ئامۆژگاری یاخود هاندانە بۆ تیپە وەرزشییەکان.
"دایکت تۆی بوو، ئێمە گیرمان خوارد بەدەستەوە... باڵات بستێکە و چیت بەسەرماندا هێناوە"، ئەم دێڕانە گەنجێک لەسەر دیوارە روخاوەکانی قەڵای مێژویی تەلەعفەر جێیهێشتبوو، کە لە کۆتایی ساڵی 2014 لەلایەن چەکدارانی داعشەوە تەقێنرایەوە، لەلایەکی ترەوە کەسێک هاشتاگێکی بە رەنگی رەش بۆ هاوڕیێەکی نوسیوە دەڵێت "#هاوڕێ بێتاقەتی تۆم".
باڵات بستێکە و چیت بەسەرماندا هێناوە
لەو ڕووەوە، توێژەری کۆمەڵایەتی عیزەدین ئەحمەد پێیوایە کە "نوسین لەسەر دیوار، بەدەر لەناوەڕۆکی نوسینەکان، دیاردەیەکی ناشارستانییە و سیمای گشتی و جوانیی شارەکە دەشێوێنێت، هەروەها رەفتارێکی هەڵەیە پێویستە گەنجان و هەرزەکارانی لەبارەوە وشیار بکرێنەوە، تەنانەت سزای داراییش بەسەر ئەو کەسانە بسەپێنرێت لەپێناو دانانی سنورێک بۆ ئەو دیاردەیە".
"بەشێک لە گەنجان پەنا بۆ ئەم شێوازە دەربڕینە دەبەن بۆ ئەوەی دور لەچاوان گوزارشت لە ناخی خۆیان بکەن، ئەوەش نیشانەی شکستی ئەو کەسانەیە بۆ دەربڕینی هەستەکانیان بەشێوەیەکی راستەوخۆ بۆ ئەوانی تر، هەروەها نیشانەی متمانەبەخۆنەبون و ڕاکردنە لەو راستییەی ناتوانێت روبەڕوو بەچواردەورەکەی بڵێت، بۆیە پەنا بۆ ئەم رێگەیە دەبات، رەنگە باشتر وابێت شوێنی دیاریکراو بۆ ئەو پەیامانە تەرخان بکرێت، هاوشێوەی ئەوەی لەهەندێك لە وڵاتە پێشکەوتوەکان پەیڕەوکراوە"، عیزەدین ئەحمەد وای بە (کەرکوک ناو) وت.
بەشێک لە گەنجان پەنا بۆ ئەم شێوازە دەربڕینە دەبەن بۆ ئەوەی دور لەچاوان گوزارشت لە ناخی خۆیان بکەن
لەلایەکی ترەوە، عەلی عەبدولکەریم، چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی، دەڵێت "نوسین لەسەر دیوار دیاردەیەکی نامۆیە لەنێو کۆمەڵگەی تەلەعفەردا، کە بەر لە ساڵی 2014 بوونی نەبوو، بەڵام دوای رزگارکردنی شارەکە ئەو دروشمە زۆرانەمان بینی کە چەکدارانی داعش لەسەر دیواری خانوو و فەرمانگە حکومییەکان بە زمانی جیاجیا جێیانهێشتبوو، لەدوای ئەوانیشەوە چەکدارانی حەشدی شەعبی کە دیوارەکانی شارەکەیان تەنیبوو بە رستەی وەک (فڵان و فڵان لێرە بوین..... فڵان هێز ئەم ناوچەیەی رزگار کرد، هتد....)، ئەم رێچکەیە بەشێک لە گەنجان و هەرزەکارانی قەزاکەش گرتیانەبەر، کە زیاتر شیعر و پەیامی ئەویندارییان لەسەر دیوارەکان دەنوسی".
عەلی زیاتر وتی "زۆر گرنگە ئەو نوسینانەی چەکدارانی رێکخراوی داعش لەسەر دیواری خانوو و شوێنە گشتییەکان جێیهێشتووە بە دۆکیومێنت بکرێت بەر لە سڕینەوەیان بۆ ئەوەی لەڕوی ئەمنی و مێژووییەوە سوودیان لێ وەربگیرێت و ئەم وێنانە ببنە گەواهیدەری ئەو روداوانەی بەسەر قەزاکەدا هاتووە بۆ نەوەکانی داهاتوو".
"دوای بینینی بەشێک لەو نوسینانە دەرکەوت بۆم کە زۆربەیان ئاماژە بەوە دەکەن کە خاوەناکانیان خوێندەوار نین، بەو پێیەی نوسینەکان هەڵەی زۆری ڕێنووسی تیایە، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کە ئەوانەی پەنا بۆ ئەم شێوازە دەربڕینە دەبەن کەسانی وشیار نین"، ئەوەش بە بڕوای عەباس محەمەد.
عەباس محەمەد، کە مامۆستایەکی خانەنشینە، بە (کەرکوک ناو)ی وت "لەبەرانبەردا زۆر دڵخۆشم کتێک دەبینم گەنجانێک هەن لەهەردوو ڕەگەز، لەئاستێکی وشیاری بەرزدان، بایەخ بە سیمای شارەکەیان دەدەن و جار بەجار هەڵمەت بۆ لابردنی ئەو نوسینانە و رازاندنەوەی دیوارەکان رێکدەخەن".
بەڵام عومەر عەدنان، بۆچونێكی جیاوازی هەیە، ئەو پێیوایە کە "چەندین هونەرمەندی گەورە دیواریان بەکارهێناوە بۆ گوزارشت لەهەست و نەستەکانیان، ئەو تابلۆیانەش تا ئێستا ماون، تەنانەت هەندێ وڵات پەرە بەو بوارە دەدەن و ساڵانە بۆنە و فیستیڤاڵی هونەریی تایبەت بەو شێوازە لە گەڕەک و شەقامەکان ساز دەکەن. ئەم بابەتە لە بنەڕەتدا هەڵچونێکی گوزارشت ئامێزی خۆڕسکە، کە گوزارشت لە پەیامی سیاسیی و کۆمەڵایەتی دەکات".
عومەر عەدنان زیاتر وتی "ئەگەر لە دیدگای مێژووەوە تەماشای بابەتەکە بکەین، دەبینین دیوارە کۆنەکانی میسڕ بە گرنگترین مۆنیومێنتی وێنە و نەخشی سەر دیوار دادەنرێن، ساڵانە ژمارەیەکی بێشوماری گەشتیار لەسەرتاسەری جیهانەوە روی تێدەکەن"، جەختیشیشکردەوە لەسەر "گرنگی هەبوونی دیوارێک لەهەموو شارێکدا تا گەنجان ئەوپەیامانەی خۆیانی لەسەر بنووسن کە ڕاستەوخۆ ناگاتە ئەوانەی ئاڕاستەیان کراون، بەڵام بەو مەرجەی ئامانجدار بن و سنووری داب و نەریتی گشتی نەبەزێنن."
قەزای تەلەعفەری باکوری خۆرئاوای عیراق، 70 کیلۆمتەر لە شاری موسڵەوە دوورەوە و ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی 220 هەزار کەس دەبێت کە زۆرینەیان لەپێکهاتەی تورکمانن. لەسالی 2014، قەزاکە کەوتە ژێر دەستی رێکخراوی داعش ز لەئابی 2017 لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کۆنترۆڵکرایەوە.