فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوای حەشدی شەعبی، رایدەگەیەنێت كە ئەو ناوچەیەی موشەکەکانی تێدا ئاراستەی هەولێر كراوە، دەكەوێتە ناحیەی باشیك لە دەشتی نەینەوا و ناوچەیەكی چۆڵەوانییە، لەگەڵ ئاماژەدان بەوەی "دەکەوێتە نێوان سێگۆشەی سوپا، هێزەکانی حەشدی شەعبی لە شەبەک و هێزەکانی پێشمەرگە"، ئەوەش بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكانیان لە روداوەكەوە.
بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، یەكی تشرینی یەكەم، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوای حەشدی شەعبی، لە راگەیەنراوێكیاندا سەرسوڕمانی خۆی نیشاندا لەبارەی هەندێک کاردانەوەی بەپەلە لەبارەی روداوەكان و رونیدەکەنەوە کە ئەو ناوچەیەی موشەکەکانی تێدا ئاراستەی هەولێر کراوە، ناوچەیەکی چۆڵەوانییە.
لەگەڵ ئاماژەدان بەوەی کە لێکۆڵینەوە لەو روداوە کراوە، "لە کامێراکاندا وێنەی ئەو ئۆتۆمبێلە بینراوە، کە موشەکەکانی هەڵگرتووە، شوێنی هاتنی دیارە، هەروەها فەرماندەی لیوای 30ی حەشدی شەعبی ئاگاداركراوەتەوە لێکۆڵینەوە و بەدواداچون بکات لەبارەی ئەوانەی ئەو مووشەکانەیان ئاراستە کردووە".
لە کامێراکاندا وێنەی ئەو ئۆتۆمبێلە بینراوە، کە موشەکەکانی هەڵگرتووە
بەپێی حەشدی شەعبی، ئەو ناوچەیەی موشەكەكانی لێوە ئاراستە كراوە، دەکەوێتە نێوان سێگۆشەی سوپا، هێزەکانی حەشدی شەعبی لە شەبەک و هێزەکانی پێشمەرگە.
دژە تیرۆری کوردستان، شەوی رابردوو، حەشدی شەعبی تۆمەتبار كرد، بەو هێرشانەی كاتژمێر 8:30ى هەمان شەو لەڕێی موشەکەوە ئاراستهى نزیک فڕۆكهخانەی نێودهوڵهتى ههولێر کران.
لە راگەیەنراوێکیدا دژە تیرۆری کوردستان کە لەسەر پەیجی تایبەتی خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویانکردەوە، تیایدا هاتووە "موشەکەکان له سنورى گوندى شێخ ئهميرهوه كه سهر به پارێزگاى نهينهوايه ئاراستهى فڕۆكهخانەی نێودهوڵهتى ههولێر کراون، بهڵام دوور له فڕۆكهخانه له چۆڵهوانى كهوتنه خوارهوه".
بەپێی راگەیەنراوەکە شەش موشەک بون و دوو لهو موشهكانهش نهتهقيونهتهوه، بەڵام هيچ زيانێكى لێنهكهوتهوه.
هاوكات وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم، ئەو هێرشانەی ئیدانە كرد و جەختیكردەوە "ئامادەیی تەواومان هەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر دەستدرێژییەک. داواش لە حکومەتی فیدراڵی دەکەین دەستبەجێ ئیجرائاتی پێویست وەربگرن".
ئەوەش هاوكات بوو لە گەڵ راگەیەنراوێكی سوپای عیراق لەبارەی روداوەكەوە كە جەختیكردەوە لەوەی هێرشەكە لەلایەن "گروپێکی تیرۆریستییەوە ئەنجامدراوە"، ئەوەش لەڕێی ئۆتۆمبێلێکەوە کە سەکۆی چەکی جۆری راجمەی هەڵگرتبوو.
"فەرمان كراوە بە دەستگیرکردنی بەرپرسی ئەمنی ئەو ناوچەیەی هێرشەکەی تێدا کراوە"، بەپێی سوپای عیراق.