به‌شیر كوریه، "خێرخواز" و بازرگان و كه‌سایه‌تی دیاری ئێزیدی به‌ده‌ستڕێژی گولـله له‌سه‌ر رێگای ئه‌لقوش كوژرا، تائێستاش هیچ تۆمه‌تبارێكی روداوه‌كه ده‌ستگیرنه‌كراوه.
روداوه‌كه كاتژمێر 1ی دوانیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 4ی تشرینی یه‌كه‌م بووه، له‌نزیك گوندی بێبان له‌سه‌ر رێگای ئه‌لقوش، كاتێك به‌شیر كوریه له پرسه‌ی بابه‌شێخ، رابه‌ری روحی و ئایینی ئێزیدییه‌كان گه‌ڕاوه‌ته‌وه.
نه‌قیب شڤان محه‌مه‌د ، ئه‌فسه‌ری لێكۆڵینه‌وه له بنكه‌ی پۆلیسی ئه‌لقوش به (كه‌ركوك ناو )ی وت "كه‌سانی نه‌ناسراو ته‌قه‌یان كردووه و به‌هۆیه‌وه به‌شیر كوریه یه‌كسه‌ری گیانیله‌ده‌ستداوه".
له نێو ئۆتۆمبێله‌كه‌ی بهشر كوریه دوو كه‌سی تر هه‌بون و به‌وته‌ی پۆلیس هیچ زیانێك به‌وان نه‌گه‌شتووه.
ته‌رمه‌كه‌ی به‌شیر ره‌وانه‌ی پزیشكی دادوه‌ری كراوه بۆ لێكۆڵینه‌وه.
"كامێرای چاودێری و هه‌ندێك به‌ڵگه‌ی دیكه‌مان هه‌یه و پشتیوان به‌خوا له‌نزیكترین كاتدا بكوژه‌كان ده‌ستگیرده‌كه‌ین" به‌وته‌ی نه‌قیب شڤان.
به‌شیر كوریه، خاوه‌نی پرۆژه‌ی جڤین_یه بۆ منداڵانی بێ دایك و باوك، به كه‌سێكی خێرخواز و هاوكاری خه‌ڵكی هه‌ژار ده‌ناسرێت.
جه‌وهه‌ر عه‌لی به‌گ، بریكاری میری ئێزدییان به (كه‌ركوك ناو )ی وت "به‌هۆی كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه به‌شیر كوریه كوژراوه، دوای روداوه‌كه‌ش لێكۆڵینه‌وه كراوه و دڵنیاین به زوترین كات بكوژانی ده‌ستگیرده‌كرێن".
به‌شیر دانیشتووی كۆمه‌ڵگای بابێرێی سه‌ر به ناحیه‌ی ئه‌لقوشه له ده‌شتی نه‌ینه‌وا و ئه‌مڕۆ له قه‌زای شێخان گه‌ڕاوه‌ته‌وه.
بێریڤان سه‌لیم شه‌مۆ، سكرتێری ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دهۆك به (كه‌ركوك ناو )ی وت "له‌گه‌ڵ لایه‌نه ئه‌منییه‌كاندا قسه‌مانكردووه تا به زوترین كات بكوژان ده‌ستگیربكرێن و كه‌سوكاری به‌شیر كوریه دڵنیاده‌كه‌ینه‌وه تاوانباران به‌سزای خۆیان ده‌گه‌ن".