پۆستی بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی كەركوك، ململانێیەكی نوێ لە نێوان پێكهاتەكانی كەركوك دروستدەكات، ئەوەش دوای دەستبەكاربونی پزیشكێكی توركمان دێت وەكو بەڕێوەبەری ئەو فەرمانگەیە.
هەفتەی رابردوو، دکتۆر نەبیل حەمدی بوشناق، لە پشكی توركمان، وەكو بەڕێوەبەرى تەندروستی كەركوك دەستبەكاربوو، لە جێگەی زیاد خەڵەف، كە بەوەكالەت چەند مانگێكە لەو پۆستەیە. ئەو گۆڕانكارییە ناكۆكییەكی نوێی لە نێوان پێكهاتەكاندا بەدوای خۆیدا هێنا.
نەبیل لەبارەی دەستبەكاربونی بە (كەركوك ناو)ی وت "پۆستەكە مافی توركمانە و بە رەزامەندی وەزیری تەندروستیی و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دەستبەكاربوم... پەیوەندی زۆرباشم لەگەڵ لایەنەکان هەیە، ئەگەر سیاسییەكانیش چاویان لە پۆستەكە بێت، ئەوا بابەتێکی ئاساییە، بەڵام من هاتوم خزمەت بە هاوڵاتیانی هەموو پێکهاتە و نەتەوەکانی ئەم شارە بکەم".
من هاتوم خزمەت بە هاوڵاتیانی هەموو پێکهاتە و نەتەوەکانی ئەم شارە بکەم
بەڵام دیلان غەفور، ئەندامى پەرلەمانى عیراق لەسەر پشکى یەکێتیی نیشتیمانیی كوردستان، دەڵێت گۆڕانكاریی لە پۆستەكان پێچەوانەی راسپاردەكانی ئەنجومەنی وەزیرانە و "ئەو پۆستە مافی كوردە".
بەپێی چەند راسپاردەیەكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، هەر گۆڕانكارییەك لە پۆستە باڵاكانی كەركوك، لە پارێزگار، قایمقامیەت و بەڕێوەبەرە گشتییەكان بكرێت، رەزامەندی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی پێویستە.
هەرچەندە د. نەبیل حەمدی، جەختیكردەوە كە ئەو رەزامەندی سەرۆك وەزیرانی هەیە، بەڵام دیلان وتی "گۆڕانكارییەكە رەزامەندی سەرۆك وەزیرانی بەدەستنەهێناوە".
زیاتر وتی "داواکارین لە ئەنجومەنى وەزیران و سەرۆک کۆمار، ئاوڕ لە کێشە گەورەکانى كەركوك بدەنەوە و رێگریبکەن لە سیاسەتى ئەو کەسانەى بارودۆخى ئێستاى کەرکوک بەهەل دەزانن بۆ ئەو جۆرە بڕیاریانە، بەر لەوەى بارودۆخەکە بەرەو ئەقارێکى دیکە بڕوات".
ئەو گرفتە لەسەر پۆستی بەڕێوەبەری تەندروستی لەكاتێكدایە رۆژانە لانیكەم 100 حاڵەتی توشبون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماردەكرێت و پزیشك و كارمەندان ماندون بەدەست ئەو پەتایەوە.
تائێستا لە كەركوك 13 هەزار و 633 كەس توشی كۆرۆنا بون و 530 كەس بە كاریگەری ڤایرۆسەكە مردون.
پۆستەكە لای كورد بێت یان توركمان هیچ كێشەیەكمان نییە
محەمەد رەیاشى، وتەبێژى بەرەى عەرەبی یەکگرتوو لە كەركوك – لە كۆمەڵێك حزب و عەشیرەتی عەرەبی كەركوك پێكدێت-، پێیوایە ئەوەی گرنگە لە ئێستادا ئەوەیە چۆن خزمەتی كەرتی تەندروستی بكرێت و ئەم دۆخەی ئێستا تێبپەڕێنرێت.
"پۆستەكە لای كورد بێت یان توركمان هیچ كێشەیەكمان نییە، ئەوەی گرنگە كەسێكی بە توانا بێت و چۆن خزمەتی زیاتر و كاری مرۆڤانە بكات بۆ رزگاركردنی نەخۆشەكان"، رەیاشی وایوت.
محەمەد رەیاشی وەك ئاماژەیەك بۆ كێشە گەورەكانی كەرتی تەندروستی، زیاتر وتی "بەداخەوە هەر لە سەرەتاى سەرهەڵدانى پەتاى کۆرۆناوە هیچ بەرەو پێشچونێکى باشتر بۆ كۆنترۆڵكردنی بەدیناكرێت، شارەکە پێویستى بە نەخۆشخانە و شوێنى چارەسەرکردنی زیاتر هەیە، تەنانەت هاوڵاتی کە سەردانى نەخۆشخانە دەکات دەبێت لە سەر ئەستۆى خۆی دەمامک و دەستکێش و داو و دەرمان بکڕێت، لەکاتێکدایە دەبوو تەندروستى خۆى دابینى بکات".