25 خوێندنگەی نوێی كوردی بنیاتدەنرێن
پەروەردەی شنگال لەگەڵ خوێندنی ئۆنلاین نییە

نەینەوا/ سێ خوێندكاری قۆناغی سەرەتایی لە یەكێك لە خوێندنگەكانی شنگال فۆتۆ: ئیبراهیم ئێزیدی

عه‌مار عه‌زیز – شنگال

بۆ ساڵی نوێی خوێندن 25 خوێندنگەی كوردی لە قەزای شنگال دەكرێنەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی ئامادەكارییەكانە بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن.

سێ لەو 25 خوێندنگەیە ئامادەیین و 22ەكەی تر بنەڕەتین، بەشێكی زۆریان لەلایەن رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و بەشێكی تریان لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دروتسكراون، ئەوەش بەپێی لێدوانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی دهۆك.

شەهاب ئه‌حمەد، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری پەروەردەی شنگال – سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی په‌روەردەی دهۆك - بە (كەركوك ناو)ی وت "كردنەوەی ئەو خوێندنگە نوێیانە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، كە ئاوارەیەكی زۆر گەڕاونەتەوە و پێویستمان بە خوێندنگەی زیاتر هەبوو".

ئاوارەیەكی زۆر گەڕاونەتەوە و پێویستمان بە خوێندنگەی زیاتر هەبوو

ساڵی خوێندنی 2019 – 2020 تەنیا 18 خوێندنگەی بەشی كوردی هەبون، بۆ پێنج هەزار و 500 خوێندكار. ئەمساڵ چاوەڕواندەكرێت بۆ 10 هەزار خوێندكار بەرزبێتەوە، ئەوەش بەپێی پەروەردەی شنگال.

لەپاڵئەوەشدا تائێستا 80 مامۆستا كە لە كەمپەكانی دهۆك مابونەوە، ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بگەڕێنەوە بۆ شنگال و وانە بڵێنەوە.

"بۆ ئەمساڵ داوامان له ‌به‌ڕێوه‌بەرایه‌تی گشتی په‌روه‌رده‌ی پارێزگای دهۆك كردووه‌ خوێندن له‌ سنوری شنگال به‌ئاسایی به‌ڕێوه‌بچیت، چونكە حاڵەتی توشبون لە شنگال كەمە"، شەهاب وایوت.

لە ‌سه‌ره‌تای بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا تا ئێستا ته‌نیا 16 حاڵه‌تی توشبون تۆماركراون، ئەوانیش هەمویان چاكبونەتەوە.

شەهاب وتیشی "ژماره‌ی خوێندكارانی شنگال لەناو پۆلەكاندا ئەوەندە زۆر نییە تا نەتوانرێت لەڕوی تەندروستییەوە كۆنترۆڵ بكرێن، ده‌توانین خوێندكاره‌كان به‌شێوه‌یه‌ك بەسه‌ر خوێندنگەكاندا دابه‌شبكه‌ین كه‌ هیچ كاریگه‌رییەكی نەبێت بۆ بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا... ئەمە باتشرە لەوەی بە ئۆنلاین وانە بوترێتەوە، چونكە لێرە كێشه‌ی هێلی ئینتەرنێت هەیە و ئۆنلاین كێشەی گەورەی بەدوادێت".

ژماره‌ی خوێندكارانی شنگال لەناو پۆلەكاندا ئەوەندە زۆر نییە تا نەتوانرێت لەڕوی تەندروستییەوە كۆنترۆڵ بكرێن

هەر لە چوارچێوەی ئامادەكارییەكاندا، پەروەردەی شنگال داوا لە حكومەت و رێكخراوەكان دەكات هەوڵبدەن بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی خوێندن، لە نێویاندا، كورسی، كتێب و پێداویستی تر.

لە 27ی ئەیلولەوە قۆناغی 12ی ئامادەیی لە سنوری شنگال دەستیان بە خوێندن كردووە، بریارە لە رۆژانی داهاتوو هەردوو قۆناغی یەك و دووی سەرەتایی بە هەمان شێوە دەستپێبكەن.

"په‌روه‌رده‌ی گشتی دهۆك سه‌رپشكیان كردوین لەوەی ئه‌گه‌ر بتوانین خوێندن به‌شێوه‌یی ئاسایی به‌ڕێوه‌ببه‌ین ئه‌وا ئه‌وان لاریان نییە". بەوتەی شەهاب ئەحمەد.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT