تا له عیراقه، هه‌رچی نه‌هامه‌تی هه‌یه ده‌یبینێت؛ له پریشكی ته‌قینه‌وه‌كانه‌وه بۆ ده‌رده‌سه‌ری به‌ده‌ست ژیانكردن وه‌ك خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت، بۆیه زێدی خۆی بۆ غه‌ریبی جێده‌هێڵێت.
له‌و ژیانه پڕ له غهریبییهشدا، بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا هێنده‌ی تر سامان بێ ئومێد ده‌كات و به‌رنامه‌ی گه‌ڕانه‌وه بۆ نیشتمانی كاكهییەکان له داقوق، هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه.
به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه، له ئاداری ئه‌مساڵه‌وه زۆربه‌ی گه‌شته ئاسمانیی و زه‌مینییه‌كانی عیراق به‌ڕوی وڵاتاندا داخران.
"كۆرۆنا بارودۆخێكی ناجێگیر و ناخۆش بوو بۆ من، زۆر چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌بوم رۆژێك بێت و بگه‌ڕێمه‌وه بۆ نیشتمان، كاتێكیش واده گونجاوه‌كه هات و ویستم بگه‌ڕێمه‌وه، كۆرۆنا ئه‌و هیوایه‌شی نه‌هێشت" سامان محه‌مه‌د حسێن كاكه‌یی (43 ساڵ) وای وت.
ئه‌و له دانیشتوانه ره‌سه‌نه‌كه‌ی گوندی ده‌لسی كاكه‌یی داقوقه، چه‌ندجارێك ئه‌م گوند و ئه‌و شاری كردووه به‌هۆی بارودۆخی ئه‌منی و هۆکاری دیكەوە، تا بۆ ماوه‌یه‌ك له گه‌ڕه‌كێكی كه‌ركوك نیشته‌جێ بووه و واچه‌ند ساڵێكیشه له ئه‌ڵمانیا ده‌ژی.
سامان به جه‌سته له ئه‌وروپا و به دڵ و بیركردنه‌وه له كه‌ركوكه، ناتوانێت رۆژێك بێ بیستنی هه‌واڵی كاكه‌ییه‌كانی داقوق به‌ڕێبكات، هه‌ر بیستنی هه‌واڵ نا، به‌ڵكو به‌پێی كات و توانا هه‌وڵده‌دات ورده‌كاری روداو و مه‌ینه‌تی كاكه‌ییه‌كانیش له‌رێی سۆشیال میدیاوه به زۆرترین كه‌س بگه‌یه‌نێت.
"له سه‌رده‌می كۆرۆنا، زۆرترین كات ئازار و روداوی ناوچه كاكهییهكانم بڵاوكرده‌وه، تا خه‌ڵك بزانن چۆن به‌هۆی رێكاره‌كانی خۆپارێزی ته‌نانه‌ت نه‌یانده‌توانی كشتوكاڵ بکەن و تا چه‌ند زه‌ره‌رمه‌ند بون".
سامان به (كه‌ركوك ناو)ی وت "كۆرۆنا له ماڵهوهبهندی كردم، هێنده‌ی تر له‌روی ده‌رونییه‌وه ماندوبوم، به‌ڵام هێشتا به هیوام زوو ژیان ئاسایی ببێته‌وه و بگه‌ڕێمه‌وه".
گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و ته‌نیا بۆ سه‌ردان و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی كه‌سوكاره، چونكه له 2014ـه‌وه، له‌رێی رێكخراوێكی خێرخوازییه‌وه چۆته ئه‌وروپا.
سامان كاكه‌یی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ته و قاچه‌كانی له‌كاركه‌وتون، دوای ئه‌وه‌ی له 2005دا به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی ئۆتۆمبێلێكه‌وه له به‌غدا، سێ بڕبڕه‌ی پشتی شكا، دوای چه‌ند نه‌شته‌رگه‌رییه‌ك ئینجا توانی پشتی رێكبكاته‌وه و بتوانێت له‌سه‌ر كورسی دابینشێت.
ئه‌وكات پاسه‌وانی جه‌لال تاڵه‌بانی، سه‌رۆك كۆماری عیراق بوو.
له سه‌رده‌می كۆرۆنا، زۆرترین كات ئازار و روداوی ناوچه كاكهییهكانم له سۆشیال میدیادا بڵاوكرده‌وه
سامان به ته‌نیا گه‌یشته ئه‌ڵمانیا، به ناچاری هاوسه‌ر و كچه ته‌مه‌ن 10 مانگه‌كه‌ی به‌جێهێشت، له بارودۆخێكی ناسه‌قامگیر و روداوی دوباره‌ی ئه‌منی له هێرشی چه‌كداری و ته‌قینه‌وه.
"ناخۆشترین و ترسناكترین رۆژه‌كانی ژیانمان به‌ڕێكرد، كاتێك سامان له ئه‌وروپا بوو، نه‌مده‌زانی دڵم لای ئه‌و بێت یان پاراستنی گیانی كچه‌كه‌م، هه‌موو رۆژێك مردنم به‌چاوی خۆم ده‌بینی"، ڤیان بیلان (40 ساڵ) هاوسه‌ری سامان وای وت.
ڤیان و كچه‌كه‌ی، دوای ماوه‌یه‌ك له هه‌ڵاتن و روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی مه‌ترسی، به تایبه‌ت هێرشه‌كانی داعش بۆ ناوچه‌كانی جێناكۆك و به ئامانجگرتنی كه‌مینه ئایینییه‌كان، چیتر به‌رگه‌یان نه‌گرت و به‌رێگه‌ی قاچاخ له توركیا بۆ ئه‌وروپا روباریان بڕی.
"له 2015دا به هاوسه‌ر و كچه‌كه‌م شادبومه‌وه، سه‌رله‌نوێ ژیانمان ده‌ستپێكرده‌وه" سامان وای وت.
ئه‌و ده‌ڵێت حكومه‌تی ئه‌ڵمانیا ژیانێكی شایسته‌ی بۆ دابینكردون، بێ ترس و دڵه‌ڕاوكێ، به‌وپێیه‌ی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ته زۆر رێزی ده‌گیرێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ی ئه‌و ژیانه‌ی له عیراق هه‌یبوو.
سامان خولیای گرنگیدان به هه‌واڵ و روداوه‌كانی هه‌یه، هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكرد كاتێك له عیراق بوو، راده‌ستی بێ ئومێدی نه‌بێت وه‌ك خاوه‌ن پێداویستییه‌كی تایبه‌ت، بۆیه خۆی فێری به‌رنامه‌ی مۆنتاژ كرد و ورده‌ورده بوو به موچه‌خۆری كه‌ناڵی كه‌ركوك –ئه‌وكاته كه‌ناڵێكی لۆكاڵی زمانحاڵی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو–.
"به‌رده‌وام نه‌مده‌هێشت وره‌ی بڕوخێت و بێ هیوا بێت، بوم به پزیشك و هاوڕێی، چونكه ئه‌و پێویستی به من بوو" ڤیان ده‌رباره‌ی ژیانی هاوسه‌ره‌كه‌ی دوای له‌كاركه‌وتنی قاچه‌كانی، واده‌ڵێت.
كاری سامان له سه‌ره‌تاوه مونتاژكردنی هه‌واڵه‌كانی كه‌ركوك و بڵاوكردنه‌وه‌ی بوو له یوتیوب و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا.
له‌وكاته‌وه، وادهگاته 12 ساڵ، سامان له هه‌واڵ و روداوه‌كانی كه‌ركوك دانه‌بڕاوه، به ته‌نیا بۆته بڵندگۆیه‌ك بۆ ده‌نگی كاكه‌یی، له‌هه‌ر كوێ چالاكی و هه‌واڵی ئه‌و كه‌مینه ئاینییه هه‌بێت ئه‌و به‌شداره، چه‌ندین راپۆرتی رۆژنامه‌وانی (كه‌ركوك ناو)ی له په‌یجی خۆی له فه‌یسبوك بڵاوكردۆته‌وه.
كۆرۆنا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هیوای گه‌ڕانه‌وه‌ی سامانی بۆ نیشتمان لانیكه‌م دواخست، به‌ڵام ده‌رفه‌تێكی تر بوو تا گرنگی زیاتر به دهنگوباسی كاكه‌ییه‌كانی داقوق بدات و وابكات زۆرترین كه‌س بیانبینێت، به‌وپێیه‌ی له كاتی كه‌ره‌نتینه و رێكاره‌كانی خۆپارێزیدا زۆرینه‌ی خه‌ڵك رۆژانه چه‌ندین كاتژمێر له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ده‌مانه‌وه.