خزمەتێك لەناو كڵێساوە

كەركوك/ 3ی تشرینی یەكەمی 2020/ كارمەندێك لەكاتی كاركردندا لە كلینیكێكی خێرخوازیدا فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كاروان ساڵحی – كەركوك

کلینیکێکى بچوک، خزمەتێكی "گەورە" بەو كەسانە دەگەیەنێت كە توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بون و باری داراییان باش نییە. ئەو كلینیكە خێرخوازییە 15 ساڵە لە خزمەت بەردەوامە لەناو كڵێسایەكی كەركوكدا.

كلینیكی خێرخوازی ئەبرەشییەی كلدانەكانی كەركوك، لە ساڵی 2005 لەسەر ئەركی لویس ساكۆ، پاتریاكی كلدانەكانی عیراق و جیهان دروستكراوە، ساكۆ ئەوكات سەرۆكی ئەسقەفەكانی كەركوك و سلێمانی بوو.

كلینیكەكە سەرەتا بۆ هاوكاریكردنی خەڵكی كەركوك بوو بەبێ جیاوازی نەتەوەیی و ئایینی، دواتر لە شەڕی داعشدا هاوكاری برینداران و دواتریش ئاوارەكانی دەكرد، ئێستا كلینیكەكە باوەشی بۆ توشبووانی كۆرۆنا كردۆتەوە.

دینا نائل حەداد، بەڕێوەبەرى کلینیكەكە، بە (كەركوك ناو)ی وت "هەموو كات كلینیكەكە كراوەیە بۆ خزمەتی خەڵك، تەنانەت رۆژانی هەینیش لە كاتژمێر هەشت بۆ 12 كراوەیە، خزمەتگوزاریی جۆراوجۆر پێشكەش دەكەین، دەرمانخانە، تاقیگە و پشكنینی گشتی، ئەم خزمەتانە بێ بەرامبەرن، بۆ هەمووان و بەبێ جیاوازی".

خزمەتگوزاریی جۆراوجۆر پێشكەش دەكەین، دەرمانخانە، تاقیگە و پشكنینی گشتی، ئەم خزمەتانە بێ بەرامبەرن

لە ئێستادا هەر هەفتەیەك پزیشكێكی پسپۆڕ بە نەخۆشییەك ئامادە دەبێت، پزیشكی تایبەت بە نەخۆشییەكانی ژنان، پزیشكی ددان، پێست، چاو و هەناوی... كلینیكەكە لەناو كڵێسای قەلب ئەسەد لە كەركوك دروستكراوە.

"زۆرترین سەردانى بۆ کلینیکەکەمان لەکاتى شەڕى داعش و ئاوارەیىدا (2014 - 2017) بوو، لەو سەردەمەدا زیاتر 70 پزیشك و یاریدەدەری پزیشك بە خۆبەخش كاریان تێدا دەكرد، بەڵام دواتر ژمارەكە كەمتر بوو"، دینا وایوت.

لەگەڵ كەمبونەوەی ئاوارەكان، سەردانی نەخۆش بۆ كلینیكەكە كەمتر بوو، بەڵام بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرنا جارێكی تر ژمارەی سەردانیكەرانی بەرزكردەوە.

دینا وتی "هەندێك جار، دەرمان و چارەسەرمان بۆ ئەوانەش دابینكردووە كە نەخۆشی درێژخایەنیان هەبووە، هەروەها نەخۆشێک ئەگەر پێویستى بە پشکنینى پەلە بوبێت، نوسراومان بۆ كردووە و لە دەرەوەی كلینیكەكە بە خۆڕایی پكشنینی بۆ كراوە".

هەندێك جار، دەرمان و چارەسەرمان بۆ ئەوانەش دابینكردووە كە نەخۆشی درێژخایەنیان هەبووە

لە ئابی 2015 رێكخراوی مێرسی خێرخوازی ئەمریكی، بڕوانامەی رێزلێنان بەخشییە كارمەندانی ئەو كلینیكە، لەوكاتەی خزمەتی ئاوارەكانیان دەكرد.

لەوەتەی كۆرۆنا بڵاوبوتەوە – لە شوباتی ئەمساڵ-ە وە كلینیكەكە هاوكاریی پزیشكی لانیكەم 250 توشبوی كردووە، وەك دینا وایوت.

pzishkk
كلینیكی خێرخوازی ئەبرەشییەی كلدانەكانی كەركوك فۆتۆ: كاروان ساڵحی

شەممەی رابردوو 3ی تشرینی یەكەم، مەتران یوسف تۆما، سەرۆكی ئەسقەفەكانی كلدان لە كەركوك ‌و سلێمانی رێوڕەسمێكی رێزلێنانی بۆ پزیشكان و كارمەندانی نەخۆشخانە رێكخست، تیایدا دكتۆر نەبیل حەمدی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی كەركوكیش خەڵاتی رێزلێنانی پێدرا.

مەتران  یوسف تۆما، بە (كەركوك ناو)ی وت "شەڕى داعش کۆتایی پێهات، بەڵام پەتاى کۆرۆنا سەرى هەڵدا، ئەمە ئەركێكی تری ئەم كلینیكەیە... دكتۆر نەبیل یەكێك بوو لەو كەسانەی لێرە خزمەتی كردووە".

rezlenan
 مەتران یوسف تۆما، سەرۆكی ئەسقەفەكانی كلدان لە كەركوك ‌و سلێمانی، لەكاتی بەخشینی خەڵاتی رێزلێنان لە ژمارەیەك پزیشك و كارمەند فۆتۆ: كاروان ساڵحی

دكتۆر نەبیل حەمدی بوشناق، لەبارەی كلینیكەكەوە وتی "لەگەڵ پزیشکەکانى دیکە بەبێ هیچ جیاوازییەکى ئایینى و نەتەوەیی كارمان كردووە و خزمەتی هاوڵاتیانمان كردووە".

حەمدیە مەدحەت، ئاوارەى خەڵکى فەلوجە، یەكێكە لەو كەسانەی چەند جارێك سەردانی ئەو كلینیكەی كردووە، دەڵێت سودی لە پزیشكەكان بینیوە، بەتایبەت پزیشكی ددان و وەرگرتنی چارەسەكان بەبێ بەرامبەر.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT