ژنان و كچانی رزگاربوی دەستی داعش لە پێكهاتەی توركمان، بە پێچەوانەی رفێنراوانی ئیزیدی هیچ رێكخراو و لایەنێكی حكومی و ناحكومی نەبو رویانتێبكەن، تەنانەت هیچ لایەنێكیش نەبو ئەركی گەڕان بەدوایاندا و یارمەتیدانیان بۆ دەربازبون لەچنگی رێكخراوی داعش بگرێتەئەستۆ.
چالاكوانان و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی لە قەزای تەلەعفەر ئاماژە بەوەدەكەن، ژمارەی رفێنراوانی ئەو قەزایە 637 كەس بوە له نێویاندا 437 ئافرهت، كه لە نێوان ساڵی 2017 تا 2019 تهنیا 46 كەسیان ئازادكراون، لهو ژمارهیهش 23 لە ڕەگەزی مێ و 23 لە ڕەگەزی نێر.
بەشێك لە كچە رزگاربوەكان ڕوبەڕوی دەستدرێژی سێكسی و لەباربردنی منداڵ بونەتەوە، هاوكات كەسوكاری بەشێك لەو رزگاربوانە ئامادەنین هیچ زانیارییەك لەبارەیانەوە بدركێنن، ئهوهش لەبەر چەند هۆكارێكی كۆمەڵایەتی.
رزگاربونی بەڕێكەوت
"دوای سێ ساڵ لە دیلی و نەهامەتی، بەدیاریكراوی لە 3ی تەمموزی 2017، ئەو خێزانەی منیان لە خانەیەكی بێسەرپەرشتان لە موسڵ هەڵگرتەوە و لەژێر هەڕەشە ناچاریانكردم شو بە یەكێك لە كوڕەكانیان بكەم، دەستبەردارم بون، دوای ئەوەی دڵنیابون هێزە ئەمنییەكان بەشوێنیان زانیوم"، ئەزهار بەمشێوەیە باس لە ساتەكانی رزگاربونی لەدەستی چەكدارانی داعش دەكات.
"دوای چوار رۆژ لە هەڵاتنم بۆ ناوچەیەكی نزیك گەیارە، بە هێزە ئەمنییەكانم وت من توركمانم و لەلایەن داعشەوە رفێندرابوم، خۆشبەختانە چەند چەكدارێكی توركمانی خەڵكی تەلەعفەرم دۆزییەوە كە پەیوەندییان بە كەسوكارمهوه كرد و رۆژی دواتر ڕادەستیانیان كردمەوە"، ئەزهار بۆ (كەركوك ناو) وای وت.
ئەزهار قوڕگی پڕ بو لە گریان كاتێك هاتە سەر باسی دایكی و خوشكەكەی و دوان لەبراكانی، كە لەلایەن داعشەوە بێسەروشوێنكران و تائێستا چارەنوسیان نادیارە، هاوكات سێ برای دیكهی لەدوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی تەلەعفەرەوە گەڕاونەتەوە.
دوای ڕوخانی خانوەكەیان و لەناوچونی باخەكەیان لە گوندێكی نزیك تەلەعفەر، ئێستا ئەزهار لەگەڵ باوكی و چوار برای لەخانویەكی كرێ لەباكوری تەلەعفەر دەژین، هەرچەندە گەڕاوەتەوە بۆ خوێندن و كار بۆ بەدیهێنانی ئاواتەكانی دەكات، بەڵام هێشتا ئاسەواری ئەو شۆكە بەرینەداوە كە لەژێر دەستی چەكدارانی داعش دوچاری بوو.
ئەزهار یەكێكە لەو 437 ژن و كچە توركمانەی قەزای تەلەعفەر كە دوای رفاندنیان لەساڵی 2014 لەلایەن داعشەوە، رزگاریان بوو، هاوكات چارەنوسی ئەوانی تر دیارنییە، ئەو رزگاربوانەی كە (كەركوك ناو) قسەی لەگەڵ كردون ئاماژە بەوەدەكەن، روبەڕوی ئازار و نەهامەتی زۆر بونەتەوە، بەرلەوەی هێزە ئەمنییەكان لە دیلی رزگاریان بكەن دوای كۆنترۆڵكردنەوەی شاری موسڵ لەساڵی 2017دا.
هێزە ئەمنییەكان رفێندراوەكان رزگار دەكەن
بوشرا؛ كچە رزگاربویەكی تری دەستی داعش كە لە سەرەتای ساڵی 2017 ئازادكرا، باس لە چیرۆكی رزگاربونی لەچنگی رێكخراوەكە دەكات و دەڵێت "لەسەرەتای ساڵی 2016، كاتێك لەخانەی بێسەرپەرشتانی موسڵ بوم، بەزۆر درام بەشوو، لەگەڵ دەستپێكردنی پرۆسەی رزگاركردنی موسڵ و پاش مانەوەمان بۆ ماوەی ساڵێك لەبەری ڕاستی شاری موسڵ، خۆمان گەیاندە بەری چەپی شارەكە".
هێزێكی هەواڵگری سەربازیی بەپشتبەستن بەو زانیارییانەی دەستیان كەوتبوو گەیشتنە شوێنەكەم و رزگاریانكردم
"هەركات هێزە ئەمنییەكان لەناوچەكانی نیشتەجێبونیان نزیك دەبونەوە، ڕویاندەكردە ناوچەیەكی تر، دواتر شوێنەكەیان جێهێشت و بەتەنیا لەخانویەك لەناوەندی گەڕەكی ئینتیساری بەری چەپی موسڵ مامەوە، تا هێزێكی هەواڵگری سەربازیی بەپشتبەستن بەو زانیارییانەی دەستیان كەوتبوو گەیشتنە شوێنەكەم".
بوشرا وتی لە 4ی كانونی دوەمی 2017 رزگاركراوه و دواتر پەیوەندییان بە برا گەورەكەیهوه كردووه و گهڕاوهتهوه ناو خێزانهكهی.
جگە لە بوشرا، شەش كەسی تر لە خێزانەكەی رفێنرابون، سێ كهسیان گەڕانەوە، برایەكی كە تەمەنی 12 ساڵە، لەگەڵ دوو خوشكی تەمەن 16 ساڵ و 11 ساڵ، بەڵام تائێستا چارەنوسی خوشكە تەمەن 19 ساڵەكەی، باوك و دایكیشی نادیارە.
نەبونی هیچ سەنتەرێك بۆ رزگاركردنی ژنان و كچانی توركمان
"شێوازی رزگاركردنی ژنان و كچانی توركمان لەچنگی داعش زۆر جیاوازە لەوەی ئێزیدییەكان كە زۆربەیان بەپارە ئازادكراون"، ئەوەش بەوتەی ئەحمەد عەلی.
ئەحمەد عەلی، كە چالاكوانی مەدەنییە دەڵێت ئەو ژن و كچە توركمانانەی لەكاتی كۆنتڕۆڵكردنەوەی موسڵ و تەلەعفەر ئازادكراون، هیچ بڕە پارەیەك لهبهرانبهر ئازادكردنیاندا نەدراوە، بەڵكو ئەو خێزانانەی لایان بون و بەزۆر لەكوڕەكانیان مارە كردبوو، دەستبەرداریان دەبون و لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەدۆزرانەوە و رادەستی كەسوكاریان دەكرانهوه.
بەوتەی ئەحمەد "رفێندراوە توركمانە ئازادكراوەكان هیچیان لەدەرەوەی عیراق نەبون، لەكاتێكدا زۆربەی ئێزیدییە رزگاركراوەكان لە سوریا بون، هەروەها هیچ لایەنێك یان نوسینگەیەك نەبووە هەوڵی دۆزینەوەیان بدات، تەنانەت بەدۆكیومێنتكردنی كەیسەكانیشیان تەنیا لەلایەن چەند چالاكوانێكەوە دەكرا".
دەزگای رزگاركردنی توركمانەكان، كە رێكخراوێكی كۆمەڵگەی مەدەنییە جهخت لهوهدهكاتهوه "بەهۆی نەبونی وشیاری یاسایی و بەهۆی خراپی باری دەرونی و ماددی رزگاربوان، هەروەها نەبونی كەسوكار بەهۆی ئەوەی زۆربەی ئەندامانی خێزانەكانیان رفێندراون، هیچ كامیان سكاڵای فەرمییان لە دادگا یاخود بنكەكانی پۆلیس دژی ئەوانە تۆمار نەكردوە كە مافەكانیان پێشێلكردون."
دەزگاكە، لە راپۆرتێكدا كە بەتایبەتی بۆ (كەركوك ناو)ی ناردوە، دەڵێت "رزگاربوەكان بەڕێكەوت ئازادكراون، پارە و پەیوەندی تایبەتی هیچ رۆڵێكی نەبووە لە رزگاركردنیاندا، ئەوانی تریش لەچوارچێوەی پرۆسەكانی وەدەرهێنانی داعش لە تەلەعفەر و موسڵ ئازادكراون."
ههروهها ئهوهش روندهكهنهوه "رزگاربوان لەدۆخێكی ئاڵۆزدان، زۆربەیان لەگەڵ كەسانێك دەژین كە خێزانی خۆیان نین، بەوپێیەی هێشتا خێزانەكانیان بێسەروشوێنن و هیچ زانیارییەك نییە لەبارەیانەوە، جگە لەوەش هیچ پشتیوانییەكی ماددی و مەعنەوی و دەرونیان لێ نەكراوە."
رزگاربوەكان بەڕێكەوت ئازادكراون، پارە و پەیوەندی تایبەتی هیچ رۆڵێكی نەبووە لە رزگاركردنیاندا
كۆمەڵگە درەنگ دانی بە رفاندنیاندا نا
هەرچەندە لەناوەڕاستی ساڵی 2014ـەوە رفێندرابون كاتێك داعش دەستی بەسەر چەندین ناوچەی پارێزگای نەینەوادا گرت، بەڵام دانپێدانانی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی بە رفاندنیان چەندین ساڵ دواكەوت.
پاش دوو ساڵ لە رفاندنیان، نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ یەكەمجار لە 3ی ئابی 2016، لەرێی بەیاننامەیەكی زەینەب بانكورا، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی رێكخراوەكە بۆ كاروباری توندوتیژی سێكسی دژی ژنان، ئاماژەی دا بە "هەبونی رفێندراو لە توركمانی شیعە مەزهەب كە روبەڕوی توندوتیژی سێكسی بونهتهوه لەسەر دەستی چەكدارانی داعش."
لەئاستی ناوخۆییشدا، دوای تێپەڕبونی پێنج ساڵ بەسەر پرۆسەی رفاندنیاندا، بەدیاریكراوی لە 17ی ئابی 2019، پێكهاتەی توركمان بۆ یەكەمجار لەبەردەم كەناڵەكانی راگەیاندن دانیان نا بەهەبونی حاڵەتی رفاندنی ژنان و كچانی توركمان لەلایەن داعشەوە و ئاماژەیان بەوەدا، كە دوچاری دەستدرێژی سێكسی بونەتەوە.
ئەوكات ئەرشەد ساڵحی، سەرۆكی بەرەی توركمانی لە وتەیەكدا وتی "دابونەریت و بەها خێڵەكییە باوەكان لەو ناوچانە رێگرن لە دركاندنی ژمارە و ناوی رفێندراوەكان."
وتیشی "ژنانی توركمان كە داعش رفاندنی روبەڕوی قێزەونترین تاوانەكان بونهوه، بەڵام لایەنی خێڵەكی كە زاڵە بەسەر خەڵكەكەماندا وایكردوە بەشێوەیەكی بەرفراوان بۆ راگەیاندنەكان نەدوێن"، جەختیشیكردەوە "بەپێی یاسا، پێویستە كاربكەین بۆ یارمەتیدانیان تا دوبارە ئاوێتەی كۆمەڵگە ببنەوە."
لەلایەكی ترەوە عەبدولمەهدی كەربەلایی، بریكاری عهلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعە له عیراق لەمیانەی دیداریدا لەگەڵ كۆمەڵێك لە ژنان و كچانی رزگاربوو لە هەردوو پێكهاتەی توركمان و شەبەك لە 14ی تەموزی 2019، ئامادەیی خۆی نیشاندابوو بۆ پێشوازیكردن لێیان لە كەربەلا و دابینكردنی باشترین خزمەتگوزاری و لەئەستۆگرتنی چارەسەركردنیان و پێشكەشكردنی چاودێری تەندروستی بۆیان لە نەخۆشخانەكانی سەر بە عەتەبەی حوسەینی، وێڕای فەراهەمكردنی شوێنی نێشتەجێبونی شیاو بۆیان.
قەزای تەلەعفەر دەكەوێتە باكوری خۆرئاوای عیراقەوە، بەدوری 70 كیلۆمەتر لە شاری موسڵ، ژمارەی دانیشتوانەكەی نزیكەی 220 هەزار كەسە كە زۆرینەیان لەپێكهاتەی توركمانن، قەزاكە لەساڵی 2014 كەوتە ژێر دەستی داعش و لە ئابی 2017 لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە كۆنتڕۆڵكرایەوە.
تێبینی" ئەزهار و بوشرا دوو ناوی خوازراون، ناوی راستەقینەیان لای (كەركوك ناو) پارێزراوە و لەسەر داوای خۆیان ئاشكرای نەكردووە.