(كەركوك ناو) وردەكاریی رێككەوتنی شنگال بڵاودەكاتەوە

نه‌ینه‌وا، 2019، بازگه‌یه‌كی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ قه‌زای شنگال فۆتۆ: ئیبراهیم ئێزیدی

عەمار عەزیز

رێككەوتنی شنگال لەسەر ئاستی ئەمنی، ئیداریی و گەڕانەوەی ئاوارەكان لە نێوان هەردوو حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستان واژۆكرا، ئەوەش بە ئاگاداری نەتەوە یەكگرتووەكان، بەپێی رێككەوتنەكە ئیدارەیەكی نوێ دەستبەكاردەبێت و هێزە چەكدارەكان بە دوری 5كم دەچنە دەرەوەی شنگال.

ئەو رێككەوتنە هەینی 9ی تشرینی یەكەم، لە بەغدا ئەنجامدرا، بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و دۆخی قەزاكە ئاساییبكرێتەوە.

عه‌بدولحه‌کیم خه‌سرەو، سه‌رۆکی فه‌رمانگه‌ی هه‌ماهه‌نگیی و به‌دواداچون له‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و بەشداربوی كۆبونەوەكە، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەمە رێككەوتنێكی مێژویی و گرنگە بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال... رێککه‌وتنه‌که‌ لەسه‌ر سێ ئاستی گرنگە ئیداری، ئه‌منی و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌کان".

ئەمە رێككەوتنێكی مێژویی و گرنگە بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال

جەختیشیكردەوە "ئیدارەیەكی نوێ دەستبەكاردەبێت و قایمقامێك بۆ قەزاكە دادەنرێت، لەمەودوا هه‌موو جۆره‌ خزمه‌تگوزارییه‌ک پێشکه‌ش به‌ خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ دەکرێت و ده‌ست به‌ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی قه‌زای شنگال دەكرێت، تا رێگە خۆشبكرێت بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان".

لەئێستادا قەزای شنگال دوو قایمقامی هەیە، مەحما خەلیل –سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان- لە پارێزگای دهۆك دادەنیشیت و خۆی وەكو قایمقامی شنگال دەناسێنێت، فەهد حامد، لەناو شنگال و لەلایەن ئەنجومەنێكی كاتییەوە پشتیوانی دەكرێت، بەڵام هیچ یەكێك لەو دوو قایمقامە لەلایەن حكومەتی عیراقەوە مامەڵەیان لەگەڵدا ناكرێت.

950x535_gr3uzer
نه‌ینه‌وا/نیسانی 2019/ خه‌ڵكی گرعزێری قه‌زای شنگال له‌كاتی دیاریكردنی جه‌لال خه‌ڵه‌ف بۆ پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

بونی دوو قایمقام بۆتە هۆی ئەوەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بۆ قەزای شنگال ئەنجامنەدرێت و پرسی گەڕانەوەی ئاوارەكانیش زۆر بە سیستی بەڕێوەدەچێت.

"جارێ دیار نییە كەی قایمقام دەستبەكاردەبێت، ئه‌م پرۆسه‌ی ئاساییكردنەوەیە وردە وردە لە‌ نێوان به‌غدا و هه‌رێم به‌رده‌وام ده‌بێت تاوه‌کو هه‌موو کێشه‌کان چاره‌سه‌رده‌کرێن"، سه‌رۆکی فه‌رمانگه‌ی هه‌ماهه‌نگیی و به‌دواداچون له‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان وایوت.

هەر دوێنێ هەینی، ئه‌حمه‌د مه‌لا ته‌ڵال، وته‌بێژی سه‌رۆک وه‌زیرانی عیراق، رایگه‌یاند كە مسته‌فا کازمی چاودێری رێککه‌وتنی تایبه‌ت به‌ شنگالی کردووە و ئەو رێككەوتنە ده‌سەڵاتی حکومه‌تی فیدراڵ له‌و شاره‌ به‌هێز دەكات.

"رێککه‌وتنه‌که‌ لەسه‌ر هه‌ردوو ئاستی ئیداریی و ئه‌منییه‌ و کۆتایی به‌ ده‌سه‌ڵاتی گروپه‌ چه‌کداره‌کان ده‌هێنێت"، ئەحمەد تەڵال وایوت.

رێککه‌وتنه‌که‌ کۆتایی به‌ ده‌سه‌ڵاتی گروپه‌ چه‌کداره‌کان ده‌هێنێت

به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (كه‌ركوك ناو)، زیاتر له‌ پێنج هێزی چه‌كداری جیاواز له‌ قەزای شنگال هه‌ن، له‌ نێویاندا حه‌شدی شه‌عبی، یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال (یه‌به‌شه‌)، پۆلیسی ناوخۆیی، سوپای عیراق و پێشمه‌رگه‌ی یه‌زیدخان. هەریەكە و دەیەوێت رۆڵی هەبێت لە بڕیارەكانی قەزاكە.

ezidi (6)
شنگال، ئابی 2020، مه‌راسیمی ئایینی ئێزیدی جه‌مای شه‌ره‌فه‌دین له‌ مه‌زارگه‌ی شه‌ره‌فه‌دین فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

بەپێی رێككەوتنەكە بۆ لەمەودوا هیچ هێزێکی چه‌کدار لە ناوەندی‌ شنگال نامێنێت و بەدوری پێنج کیلۆمه‌تر دەچنە دەرەوەی شارەكە. هاوكات دۆسییەی ئەمنی ناوەندی شار رادەستی پۆلیسی ناوخۆیی دەكرێت.

جینین پلاسخارت، نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان له‌ عیراق (یونامی)، لەیەكەم كاردانەوەیدا، پێشوازی لە رێككەوتنەكە كرد و بە هه‌نگاوێکی گرنگی ناوبرد به‌ ئاراسته‌ی یارمەتیدانی خەڵكی ناوچەكە و گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان.

هەروەها رێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وه‌زیری ناوخۆی حکومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌وانیدا وتی "ئامانجى رێککه‌وتنه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ خه‌ڵکی شنگال  له‌ ئاسایش و ئارامیدا بژین... کۆبونه‌وه‌یه‌کی باشمان له‌گهوڵ سه‌رۆک وه‌زیرانی عیراق كرد و هیوادارم ئه‌نجامه‌کانیشی باشبن".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT